مێسی: بێهیوا نین و دەگەینە قۆناغی داهاتوو لەو پێناوەشدا هەوڵی تەواوی خۆمان دەدەین

مێسی: بێهیوا نین و دەگەینە قۆناغی داهاتوو لەو پێناوەشدا هەوڵی تەواوی خۆمان دەدەین
دوای ئەوەی شەوی رابردو لە یاریی هەڵبژاردەكەیان بەرامبەر هەلبژاردەی پاراگوای كەوتنە دوای یەكسان بونەوە لە ئێستادا هەڵبژاردەی ئەرژەنتین خاوەنی تەنها یەك خاڵە لە دو یاریدا و لە كۆمەڵەكەی خۆی ریزبەندی چوارەمی گرتوە.

مێسی كاپتنی هەڵبژاردەی ئەرژەنتین هەرچەندە دۆخی هەڵبژاردەكەی باش نیە، بەڵام بێهیوا نەبوەو ئاماژەی بەوە كردوە كە توانای سەركەوتنیان هەیە لە یاریی داهاتودا و دەتوانن سەركەوتن بۆ قۆناغی دوەمی پاڵەوانێتیەكە مسۆگەربكەن.

دوای یارییەكە میسی لێدوانی بۆ رۆژنامەنوساندا و گوتی: دڵنیام لەوەی لە یاریی داهاتوی هەڵبژاردەكەمان ئاستێكی باشتر پێشكەش دەكەین و دەگەینە قۆناغی داهاتو، لەو پێناوەشدا لە كاركردن بەردەوام دەبین و هەوڵی تەواوی خۆمان دەدەین.

سەبارەت بە یاریەكەی پاراگوای مێسی گوتی: لەسەرەتاوە كۆنتڕۆڵی تۆپمان كرد و بەئاستێكی باش دەركەوتین، بەڵام دواتر دۆخەكە گۆڕاو پاراگوای تەواو باڵادەست بون بە سەر یارییەكە، یارییەكی سەخت بو بۆ ئێمە، بەڵام لە نیوەی دوەم توانیمان ئەنجامەكە یەكسان بكەینەوە.

رۆژنامەی ماركای ئیسپانیش ئاشكرایكردوە، كە مێسی دوای یارییەكە لە ژوری خۆگۆڕینی یاریزانان هانی یاریزانانی داوە بۆ ئەوەی ئەنجامی یارییەكە لە بیر بكەن و تەنها بیر لە یاریی داهاتو بكەنەوەو دڵنیاشی داونەتێ لەوەی كە سەركەوتن بۆ قۆناغی دوەم بەدەستدەهێنن.
Top