وەرزش هۆكاری تەندروستیی لەش و رۆحە و كەسایەتی بەهێز دروست دەكات

وەرزش هۆكاری تەندروستیی لەش و رۆحە و كەسایەتی بەهێز دروست دەكات

ژینا كەمانگەر پاڵەوانی پاڵەوانانی جیمناستیك:
تیمی كچانی ئێران بە ماوەی زیاتر لە تەمەنی من، لە قارەمانێتی جیهانی بەشداری نەكردووە گوڵان - وەرزش هێشتا تەمەنی 14 ساڵانی پڕ نەكردووەتەو لەو تەمەنە كەمەدا دەرزەنێك میدالیای لە ئاستی بەرزی پارێزگا و قارەمانەتیی وڵات لە بواری وەرزشی و لە یاریی جیمناستیكدا بەدەست هێناوە. ژینا كەمانگەر لەدایكبووی ساڵی 2005ی زایینییە و دانیشتووی شاری سنە-ی رۆژهەڵاتی كوردستانە و دوو جار مەدالیای پاڵەوانی پاڵەوانانی لە گەردن كردووە، لە ئاستی خوێندنیشدا وەك خۆی باسی دەكات، هەموو ساڵێك یەكەمی بێ ركابەر بووە و لە كارنامەكانیدا ژمارەیەك جگە لە (20) واتە (100 لە سەر 100) نابیندرێت. ئەو كچە وەرزشوانە لە دیدارێكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان بەمجۆرە باسی خولیا و ئاواتەكانی و چۆنیەتی سەركەوتنەكانی دەكات.
• وەك یەكەم پرسیار دەمانەوێت بزانین چۆن تێكەڵ بەجیهانی وەرزش بوویت؟
-بێگومان هاندان و كاریگەریی دایكم هۆكاری سەرەكی بووە. چونكە دایكم پشتێنی رەشی لە كاراتی هەیە و هەمیشە هاندەری من و خوشكەكەشم بووە بۆ ئەوەی وەرزش بكەین.
• بۆچی لە ناو هەموو بوارەكانی وەرزش جیمناستیكت هەڵبژارد؟ - سەرەتا زۆر حەزم لە هونەری جەنگی وەك كۆنگ فۆ و كاراتی بوو. بە تواناكانی دایكم لە كاراتی زۆر سەرسام بووم. بەڵام دواتر كە لە ساڵۆن(هۆڵ)ی وەرزش كچانی شارەكەم بینی، وەرزشی ژیمناستیك دەكەن، حەزی ئەو وەرزشە لام دروست بوو. دایكم و باوكم و خوشكەگەورەكەیشم هەمیشە هاندەر و پشتیوانم بوون.
• وەك باست كرد، دایكت وەرزشوان بووە و لەگەڵ باوكیشت بەردەوام هاندەر و پشتیوانت بوون، بەڵام ژمارەیەكی زۆر لە خێزانەكانیش رێگری لە وەرزشكردنی كچی خۆیان دەكەن، چ پەیامێكت بۆ ئەو دایك و باوكانە هەیە؟
- داوا لە دایك و باوكان دەكەم، جیاوازی لە نێوان كچ و كوڕی خۆیان نەكەن. چۆن ئاسانكاری بۆ كوڕیان دەكەن و رێگری لە وەرزشكردنی ناكەن، پێویستە لەوە زیاتر بۆ كچی خۆیان بكەن. چونكە وەرزش هۆكاری تەندروستیی لەش و رۆحە و كەسایەتی بەهێز دروست دەكات.
• كۆسپەكانی بەردەم وەرزشكردنی خۆت و خانمان لە ئێراندا چییە؟
- كێشەی گەورەمان هەیە. بە ماوەی زیاتر لە تەمەنی من، تیمی ئێران لە قارەمانەتییەكانی جیهانی بەشداری نەكردووە. راستە، ئێمە موسڵمانین و خۆمان پابەندین بە بەهاكانی ئایینی، بەڵام دەكرێت بە حیجابیشەوە وەرزش بكرێت، یان لە ناوخۆی ئێرانیش لە كاتی كێبڕكێی پاڵەوانێتییەكان تەنانەت باوكیش ناتوانێت وەك بینەر و هاندەرێك بەشدار بێت، تەنیا لە كاتی وەرگرتنی میدالیا دەتوانێت ئامادە بێت.
. • ئاستی یاریی جینماستیك لە كوردستان و ئێراندا چۆن دەبینی؟
- لە ئێران ئەم وەرزشە ئاستی بەرزی هەیە و كوڕان و كچانیش تێیدا بەشدارن و قارەمانی زۆریشی هەیە كە لە كێبڕكێیەكانی جیهانی بەشداری دەكەن. لە شارە كوردەكانیش بەراورد بە ساڵانی رابردوو ئەم وەرزشە زیاتر بایەخی پێ دراوە، كچانیش بە رێژەیەكی بەرچاو روویان لەم وەرزشە كردووە. راهێنەری بەتوانا و وەرزشكاری سەركەوتووشمان زۆرە و بەگشتی هەست دەكەم ئایندەی باشتریشمان دەبێت.
• تا ئێستا لە كۆی كێبڕكێیەكانت لە پاڵەوانێتییەكان چ دەستكەوتێكت هەبووە؟
- چەندین میدالیام وەرگرتووە. لەوانە: دوو میدالیای قارەمانی قارەمانەكان، چوار میدالیای یەكەمی پارێزگاكان، هەروەها پێنج میدالیای دووەمی پارێزگاكان و لە ئاستی هەڵبژاردەی ئێران چوار میدالیای یەكەم و سێ میدالیای دووەمم هەیە و پلەی سێهەمم نەبووە
. • دیارە ئەو هەموو دەستكەوتە كاتی زۆریشی پێویست بووە كە بۆی تەرخان بكەیت. ئەوە تا چەند گرفتی بۆ خوێندنەكەت دروست كردووە؟
- هیچ كێشە و گرفتێكی دروست نەكردووە. من گرنگیی تەواو بە هەر دوو بواری خوێندن و وەرزش داوە. تا ئێستاش كە پۆلی حەوتم كۆی نمرەكانم لە بەرزترین ئاست بووە واتە بیست(100 لە سەر 100(.
• وەك پاڵەوانێكی وەرزشی خەونی گەورەت چییە و بۆ دواڕۆژت چ بەرنامەیەكت هەیە؟
- ئاواتی گەورەم ئەوەیە لە هەردوو بواری زانست و وەرزش بگەمە لوتكە و قۆناغی زۆر گەورە ببڕم.
• ئایا حەزدەكەیت وەك یاریزانێكی هەڵبژاردەی كوردستان بە ئاڵای كوردستانەوە لە پاڵەوانێتی جیهانی بەشداری یكەیت؟
-ئەوە خەونی هەموو وەرزشكارێكە كە بە ئاڵای نەتەوەی خۆیەوە لە پاڵەوانێتییەكان بەشداری بكات. منیش ئەگەر لە ئێران رێگەم پێ بدەن، حەزدەكەم بە ئاڵای كوردستانەوە میدالیاكانم وەربگرم.
• زیاتر بە كام پاڵەوانی جیهان لە بواری یاریی جیمناستیك سەرسامی؟
- بە نادیا كۆمانچی، كە لە تەمەنی 14 ساڵی بووە قارەمانێكی ئەفسانەیی و قارەمانێكە كە بۆ یەكەم جار لە مێژووی ئەم وەرزشەدا ئیمتیازی تەواوی 10ی وەرگرتووە.
• وەك دواوتە دەتەوێت باسی چی بكەیەت؟
-سەرەتا سوپاسی دایكم و باوكم و خوشكی گەورەم دەكەم كە هەمیشە پشتیوانم بوون. سوپاسی راهێنەركانم دەكەم كە زۆر لەگەڵم ماندوو بوون. هەروەها سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان كە گرنگی بە وەرزشی كچان دەدەن و ئەوەش بە هاندەرێكی زۆر باش دەزانم.
Top