نه‌كردنه‌وه‌ى خول گرفتى سه‌ره‌كى یاری باله‌یه‌

نه‌كردنه‌وه‌ى خول گرفتى سه‌ره‌كى یاری باله‌یه‌
ساڤیا سه‌میر یاریزانى باله‌ى یانه‌ى ده‌ربه‌ندیخان
نه‌كردنه‌وه‌ى خول گرفتى سه‌ره‌كى یاری باله‌یه‌
تیپى باله‌ى كچانى یانه‌ى ده‌ربه‌ندیخان یه‌كێكه‌ له‌و تیپانه‌ى كه‌ له‌ ده‌ڤه‌ره‌ى گه‌رمیان گرنگى به‌ یارییه‌كانى كچان ده‌دات، یانه‌كه‌ش به‌ ئامانجى پێشخستنى ئاستى یاریى باله‌ له‌ سنوورى قه‌زاى ده‌ربه‌ندیخان تیپێكى تۆكمه‌ى پڕ له‌ یاریزانى به‌تواناى له‌ یانه‌كه‌ كۆكردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ داهاتوودا به‌م كچه‌ یاریزانانه‌ كێبڕكێ له‌سه‌ر ئه‌نجامى شایسته‌ بكات له‌ خولى باله‌ى نایابى كوردستان و عێراقیى ، ساڤیا سه‌میر یه‌كێكه‌ له‌ كچه‌ یاریزانه‌ به‌تواناكانى یانه‌كه‌ و له‌دایكبووى ساڵى 2001ى شارى ده‌ربه‌ندیخان و قوتابیی قۆناخى ده‌ى ئاماده‌ییه‌، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان ئاراسته‌ى كرد و ئه‌ویش به‌مجۆره‌ وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى گۆڤارى گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بى
*چۆن بوو رووت له‌ بوارى وه‌رزش كرد؟
-من سه‌ره‌تا ویستم روو له‌یاری تۆپى پێى بكه‌م، به‌ڵام روونه‌ تۆپى پێى لێره‌ بوونى نییه‌ بۆ كچان، بۆیه‌ رۆژێك هاورێیه‌كه‌م پێى گوتم پێ گوتم تۆپى پێى لێره‌ بوونى نییه‌ وه‌ره‌ بۆ یارى باله‌، بۆیه‌ منیش رووم له‌ یارى باله‌ كرد زیاتر پێ ئاشنا بووم ئێستا خۆشترین یارییه‌ له‌م ئاره‌زووی یارى باله‌ زۆره‌ لاى من.
* ئاستى یارى باله‌ چۆن ده‌بینى له‌ كوردستان ؟
-ده‌توانم بلێم مام ناوه‌نده‌ ، چونكه‌ هه‌بوونى یاریزانى باله‌ و یانه‌كان هێشتا ئاسته‌كه‌ مام ناوه‌نده‌ پێم باشه‌ زیاتر گرنگى به‌م یارییه‌ بدرێت و یاریزانه‌كان خۆشیان به‌رده‌وام بن بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ به‌رز بێته‌وه‌ ، به‌ڵام نه‌كردنه‌وه‌ى پاڵه‌وانێه‌تى هۆكاری سه‌ره‌كییه‌ بۆ دابه‌زینى ئاستى یاریزانان، چونكه‌ ئه‌نجامدانى مه‌شقی به‌رده‌وام و به‌ بێ بوونى پاڵه‌وانیه‌تى هیچ ئه‌نجامێكى نییه‌ و یاریزان سارد ده‌بێته‌وه‌ له‌ مه‌شق كردن بۆیه‌ داواكارم زیاتر هاوكار بن و پاڵه‌وانیه‌تى بكه‌نه‌وه‌.
*كردنه‌وه‌ى كه‌مى پاڵه‌وانێتى ئێوه‌ سارد ناكاته‌وه‌ له‌م یارییه‌؟
-ئێمه‌ ئامانجمان زۆر خۆمان هه‌یه‌، به‌ڵام نه‌كردنه‌وه‌ى خول كاریگه‌ری زۆرى ده‌بێت له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌.
* چى بكرێت باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ له‌ شاره‌كانى كوردستان به‌رز بكرێته‌وه‌؟
-پشتگیری یاریزانان و یانه‌كان بكرێت، خولى به‌رده‌وام بكرێته‌وه‌ پشتگیری كچه‌ یاریزانانى یانه‌كان و شاره‌كانى كوردستان بكرێت.
* گرفتى وه‌رزشیى یارى باله‌ له‌ چى ده‌بینى ؟
-نه‌بوونى یاریزانى زۆر و كه‌مى هه‌بوونى یانه‌كان له‌ ناوچه‌كانى تر و نه‌كردنه‌وه‌ى خول گرفتى سه‌ره‌كى یاری باله‌یه‌، پێویسته‌ هاوكارى زیاترى كچان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى بێنه‌ ناو بواری وه‌رزش،داواكارم له‌ دایكان و باوكانى خۆشه‌ویست هاوكارى كچه‌كانیان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بێنه‌ ناو بوارى وه‌رزش، چونكه‌ پشتگیری كردنى خێزان له‌ سه‌رووى هه‌موویه‌تى ئه‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌وه‌ش بكه‌م كه‌ من راهێنه‌ره‌كه‌م مامۆستا به‌رێز هاوكاری سه‌ره‌كى من.
* به‌هیواى چى له‌ ژیانى وه‌رزشیت؟
- هیواو ئاواتى من وه‌كو كچه‌ یاریزانێك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بتوانم ببم به‌ یاریزانێكى زۆر باش و ئاست به‌رز و ئاستێكى باش پێشكه‌شى تیپه‌كه‌م و شاره‌كه‌م بكه‌م.
*به‌رنامه‌ت چیه‌ بۆ داهاتوو؟
-به‌رنامه‌ى من بۆ داهاتوو ئه‌وه‌یه‌ زیاتر مه‌شق بكه‌م و زیاتر هه‌وڵ بده‌م بۆ ئه‌وه‌ى بتوانم ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت و مه‌به‌ستمه‌ به‌ده‌ستى بهێنم.
*به‌هیواى ئه‌وه‌ نیت هه‌ڵبژارده‌ى باله‌ى كچانى كوردستان دابمه‌زرێ؟
-ئه‌وه‌ خه‌ونى هه‌موو یاریزانێكه‌ كه‌ بۆ هه‌ڵبژارده‌ى ووڵاته‌كه‌ى یارى بكرێت، دامه‌زراندنیشى خه‌ونى هه‌موو یاریزانێكه‌ به‌م هیوایه‌شم منیش یه‌كێك بم له‌ یاریزانانى هه‌ڵبژارده‌كه‌.
*به‌چ یاریزانێكى جیهانى سه‌رسامیت؟
-به‌ یاریزانى ئیتالی ئیڤان زه‌یستێڤ و یاریزانى ئه‌مریكى دێستینى دانتى هۆكێیر.
*هیچ گرێبه‌ستێكت پێشكه‌ش كراوه‌ له‌لایه‌ن یانه‌كان؟
-هیچ گرێبه‌ستێكم پێشكه‌ش نه‌كراوه‌.
*له‌ رووى كۆمه‌ڵگاوه‌ تاچه‌نده‌ شاره‌كه‌ى ئێوه‌ هاوكاره‌ بۆ وه‌رزش كردن؟
-ئاستى پشتگیری كردن له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردی به‌ پێى پێویست نییه‌، بۆیه‌ هیوادارم زیاتر هه‌موومان پشتگیری یه‌كتر بكه‌ین نه‌ك یه‌كتر بڕوخێنین، چونكه‌ پشتگیری كردن به‌شێكه‌ له‌ سه‌ركه‌وتن داوكارم له‌ به‌رپرسانى وه‌رزش زیاتر هاوكارى وه‌رزشوانان و یانه‌كان بكه‌ن، روون به‌هۆى خراپی باری دارایى چه‌ندین یاریزان وازی هێناوه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى گرنگى پێ نادرێت.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
- ده‌ست خۆشى بۆ گۆڤارى گوڵان كه‌ هه‌موو كات پێشه‌نگ بوونه‌ له‌ خزمه‌ت كردنى وه‌رزشیى ناوه‌خۆ و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى یاریزانانى سه‌رجه‌م شاره‌كانى كوردستان به‌بێ جیاوازى.
Top