كچانى سۆران پاسكیل سوارى ده‌كه‌نه‌ كولتوور

كچانى  سۆران پاسكیل سوارى ده‌كه‌نه‌ كولتوور
كچانى سۆران پاسكیل سوارى ده‌كه‌نه‌ كولتوور
رێكخراوى وره‌ بۆ په‌ره‌پێدانى لاوان و كۆمه‌ڵگا وه‌كو به‌رنامه‌ى ساڵانه‌ى خۆى به‌ ئامانجى خزمه‌ت كردنى لاوان له‌ ده‌ڤه‌رى سۆران ماوه‌ى دوو ساڵه‌ به‌رده‌وام له‌ سنورى قه‌زاى سۆران چاڵاكى جۆراو جۆر ئه‌نجام ده‌دات، ئه‌مجاره‌یش ئه‌نجامدانى چاڵاكی پاسكیلسوارى بۆ هه‌ردوو ئاستى كچان و كوڕان به‌رێوه‌برد، كچانى ئه‌ن ده‌ڤه‌ره‌ش ئێستا هیواو و ئاواتیان گه‌وره‌ بووه‌ و ده‌یانه‌وێ هه‌نگاوى بۆ درووست كردنى تیپێكى پاكسیلسوارى بنێن، له‌م ناوه‌نده‌ش كچه‌ وه‌رزشكارانى ده‌ڤه‌ره‌كه‌ به‌ په‌رۆشن بۆ دروست كردنى تیپێكى پاسكیلسوارى كچان و به‌شدارى كردنیان له‌ پاڵه‌وانیه‌تیه‌كان بۆ ئه‌وه‌ى وه‌كو سه‌رجه‌م كچانى ناوچه‌كانى تر به‌شدارى پاڵه‌وانیه‌تیه‌كانى ناوه‌خۆ و ده‌ره‌وه‌ بكه‌ن، له‌م باره‌شه‌وه‌ گۆڤارى گوڵان راپۆرتێكى له‌سه‌ر كچانى ئه‌م ناوچه‌یه‌ ئه‌نجام داوه‌ ئه‌وانیش بۆ چوونى خۆیان بۆ گوڵان خسته‌ روو.
راپۆرتى: كارزان كانه‌بی
ئه‌فسانه‌ شاكر یاریزانى پاسكیلسوارى له‌ قه‌زاى سۆران بۆ گۆارى گوڵان گوتى"ئاستی یارى پاسكیلسوارى له‌ ده‌ڤه‌رى سۆران باش ده‌بینم، یاریزانى زۆر ئاست به‌رزى تێدایه‌، به‌ڵام جیگاى داخه‌ حكومه‌ت وه‌كو پێویست گرنگى پێ نه‌داوه‌ به‌م یارییه‌،له‌ باره‌ى گرفته‌كانیش گوتى"ئێمه‌ گرفته‌كانمان گه‌لێك زۆرن بۆ نموونه‌ تاكو ئێستا شوێنێكى دیار كراو نییه‌ بۆ ئه‌نجامدانى جۆره‌كانى چاڵاكى پاسكیلسوارى، جگه‌ له‌وه‌ش لایه‌نى كۆمه‌ڵایه‌تى ئه‌مه‌ گرفته‌ له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا بۆ بڕینى ئه‌م گرفته‌ قوربانى ده‌وێت لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار ته‌واو ئه‌م جۆره‌یان فه‌رامۆش كردووه‌، وه‌كو كچانى سۆران ئه‌گه‌ر پاڵپشتمان بكه‌ن هه‌وڵده‌ده‌ین بۆ دروست كردن و به‌ره‌وپێشبردنى ئه‌م یارییه‌ و ده‌رخستنى به‌تواناترین كه‌سانى ئاره‌زموومه‌ند له‌م بواره‌،دروستكردنى تیپى پاسكیلیش له‌م ده‌ڤه‌ره‌ ئه‌وه‌ هیواو ئاواتى هه‌موومانه‌ كه‌ ئاره‌زووى پاسكیلسواریمان هه‌یه‌ هه‌موهیواى گه‌وره‌مان هه‌یه‌ له‌ داهاتوو ئه‌گه‌ر پاڵپشتى لایه‌نى په‌یوه‌ندیدارى له‌گه‌ڵ بێ بێگومان ده‌توانین.
هه‌ڵاڵه‌ فه‌یسه‌ل جێگری رێكخراوى وره‌ بۆ په‌ره‌پێدانى لاوان و كۆمه‌ڵگا بۆ گۆڤارى گوڵان گوتى"وه‌كو سه‌رپه‌رشتیارورێكخراوى پاڵه‌وانێتى پاسكیلسوارى ئه‌مه‌ بۆ دووه‌م ساڵه‌ ئه‌م چاڵاكیه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ین بۆ هه‌موو چین و توێژه‌كانى ده‌ڤه‌رى سۆران به‌ هه‌ردوو ره‌گه‌ز، ساڵ له‌ دواى ساڵ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌مان جوانتر و پڕ چێژتر ده‌بێت، وه‌ به‌شدارى كردنى خه‌ڵكى ده‌ڤه‌ره‌كه‌ زیاتر ده‌بێت، ئه‌مجاره‌ش ژماره‌یه‌ك ئه‌ندام په‌رله‌مانى ئافره‌تان به‌شدارییان تێداكردبوو ئه‌وه‌ش پاڵپشت بوو بۆ ئافره‌تان، ده‌مانه‌وێ به‌ كه‌لتور كردنى لێخورینى پاسكیلسوارى له‌ نێوان هه‌ردوو ره‌گه‌ز ئاسایی بێت،جگه‌ له‌وه‌ش پێدانى ده‌رفه‌ت به‌ئاره‌زومه‌ندانى ئه‌م یارییه‌، دروست كردنى تیپێكى پاسكیلسوارى له‌ سۆران.
میناعه‌بدوللا پاسكیلسوارو قوتابی په‌یمانگا ئه‌ویش له‌ باره‌ى پاسكیلسوارى به‌م شێوه‌یه‌ بۆ گۆڤارى گوڵان گوتى" ئاستى ئه‌مساڵ زۆر باشتر بوو له‌ چاو ساڵى پاڕ له‌ رووى به‌شداربووانى یاریزانى كچ ئه‌مه‌ش جێگاى دڵخۆشیه‌به‌هیواى ئه‌وه‌م ئه‌م جۆره‌ چاڵاكییه‌ زیاتر بێت، گرفتى سه‌ره‌كى یارى پاكسیلیش له‌م ده‌ڤه‌ره‌ نه‌بوونى شوێنێكى تایبه‌ته‌ بۆ راهێنانه‌كان، رێگاكان شایه‌نى ئه‌نجامدانى پاڵه‌وانیه‌تیه‌كان نین،جگه‌ له‌وه‌ش كێشه‌یه‌كى تریش له‌ رووى كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ قسه‌و قسه‌لۆكێكى زۆر ده‌كرێت له‌سه‌ر یاریزانه‌ كچه‌كان، به‌ڵام ده‌بێت كچه‌ یاریزانه‌كان گوێ به‌م قسانه‌ نه‌ده‌ن و به‌رده‌وام بن، ده‌مانه‌وێ وه‌كو هه‌موو كچانى جیهان به‌شدارى كێبڕكێ گه‌وره‌كان بكه‌ین و شان به‌ شانى كوڕان وه‌كو ئه‌وانیش به‌ ئاسایی سه‌یر بكرێن، له‌گه‌ڵ چه‌ند هاورێكمان قسه‌مان كردووه‌ كه‌تیمێك پێكبهێنن، به‌ڵام له‌به‌ر بارى دارایی تا ئێستا پێكمان نه‌هێناوه‌ به‌هیواى ئه‌وه‌ین له‌ داهاتوو ئه‌و كاره‌ بكه‌ین بۆ به‌شدارى كردنمان له‌ كێبڕكێیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌خۆ.
نه‌سیم خه‌لیل قوتابی زانكۆ بۆ گۆڤارى گوڵان گوتى"ئاستى پاسكیلسوارى كچان زۆر لاوازه‌ له‌ شارى سۆران، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌توانین ئه‌م ئاست لاوازییه‌ نه‌هێلین، خۆشم وه‌كو یاریزان هیچ كێشه‌یه‌كم نییه‌، به‌ڵام كچان ناتوانن به‌ ئازادى پاسكیل لێبخورن وه‌كو عه‌یبێكه‌ بۆ كچان له‌م ناوچه‌یه‌، له‌گه‌ڵ هه‌ندێك كچه‌ هاورێیم رێكه‌وتووین كه‌ به‌ پاسكیل هات و چۆ بكه‌ین بۆ كۆلێژ به‌ شێوه‌یه‌كى تر ئه‌و داخراویه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ نه‌هێڵین سورین له‌سه‌ر قسه‌ى خۆمان ئه‌و عه‌یبه‌ى پاسكیلسوارى بۆ كچان له‌ ناو ببه‌ین، ئه‌و كاره‌ش بۆ ئێمه‌ سه‌ربه‌رزییه‌ ده‌ ده‌ستمان داوه‌ته‌ به‌رى، هه‌موومان كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین تیپێكى كچان دروست بكه‌ین بۆ شارى سۆران، چونكه‌ یاریزانى به‌تواناى تێدایه‌، به‌ڵام پێویستمان به‌ پاڵپشتیه‌ هه‌م له‌لایه‌ن خێزانه‌كانمانه‌وه‌ هه‌م لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار تایبه‌ت به‌م یارییه‌ باوه‌ڕێكى گه‌وره‌مان به‌خۆمان هه‌یه‌ كه‌ ده‌توانین سه‌ركه‌وین.

Top