هه‌موو یارییه‌ك قورسه‌ و ماندووبوونى ده‌وێت

هه‌موو یارییه‌ك قورسه‌ و ماندووبوونى ده‌وێت
سومه‌ییه‌قادر یاریزانى گۆڕه‌پان و مه‌یدانى یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى سلێمانى
هه‌موو یارییه‌ك قورسه‌ و ماندووبوونى ده‌وێت
تیپى گۆڕه‌پان و مه‌یدانى یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى سلێمانى یه‌كێك له‌م تیپانه‌ى كه‌ خاوه‌ن كۆمه‌لێك یاریزانى به‌توانایه‌ له‌سه‌ر ئاستى كوردستان و عێراق، زۆربه‌ى یاریزانه‌كانى له‌ یارییه‌ جیاوازه‌كان له‌ ریزى هه‌ڵبژارده‌ى عێراقن و ململانێ یانه‌ گه‌وره‌كانى عێراق ده‌كه‌ن، یه‌كێك له‌ یاریزانه‌ به‌تواناكانى یانه‌كه‌ سومه‌ییه‌قادره‌ كه‌ خاوه‌نى چه‌ندین ئه‌نجامى شایسته‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستى كوردستان وعێراق له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ى، ناوبراو له‌دایك بووى ساڵى 1998ى شارى سلێمانییه‌ پێشووتربۆ یانه‌كانى سیروانى نوێ و هه‌ولێر یارى كردووه‌، له‌ یارى تۆپى پێش بۆ هه‌ریه‌ك له‌ یانه‌كانى سه‌وره‌ و بیلادی و سیروانى شاره‌زوور وهه‌ڵبژارده‌ى سلێمانى و هه‌ڵبژارده‌ى عێراق یارى كردووه‌، ئێمه‌ش چه‌ند پرسیاریكمان له‌سه‌ر ژیانى وه‌رزشى كرد ئه‌ویش به‌مشێوه‌یه‌ وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى گۆڤارى گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بى
فۆتۆ: ئیبراهیم یشار
*له‌ نێوان ئه‌م هه‌موو یارییه‌ چۆن بوو به‌ یارى گۆڕه‌پان و مه‌یدان ئاشنا بوویت؟
-هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ حه‌زم له‌ وه‌رزش بووه‌ به‌ تایبه‌تى یارى تۆپى پێى، كه‌ منداڵ بووم به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ براكانم و كوڕانى كۆڵانه‌كه‌مان یاری تۆپیى پێم ده‌كرد، رۆژ له‌ دواى رۆژ حه‌ز وخولیاى وه‌رزش له‌ روحماگه‌شه‌ى ده‌كرد، دواتریش تواناى جه‌سته‌ییم تاقیكراویه‌وه‌ له‌ یارى گۆڕه‌پان و مه‌یدان توانیم خۆمی تێدا بدۆزه‌مه‌وه‌ و په‌یوه‌ندیم به‌ یانه‌یه‌كى وه‌رزشی كرد.
*هه‌ست ناكه‌ى یارییه‌كى قورست هه‌ڵبژاردوه‌ وه‌كو كچه‌ وه‌رزشكارێك؟
-بێگومان هه‌موو یارییه‌ك قورسه‌ و ماندووبوونى ده‌وێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى وا ده‌كان ماندووبوونه‌كان له‌ بیر بكه‌یت، خۆشه‌ویستى خودى كه‌سه‌كه‌یه‌ بۆ ئه‌و یارییه‌ى هه‌ڵیبژاردووه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ش گۆڕه‌پان و مه‌یدان یارییه‌كى قورسه‌ ده‌توانم بلێم له‌ زۆربه‌ى یارییه‌كانى تر زیاتر ماندوو بوونى ده‌وێت، به‌ڵام خۆشه‌ویستیم بۆ یارییه‌كه‌ و دڵسۆزی راهێنه‌ر و هاورێ وه‌رزشوانه‌كانمواى كردووه‌ قورساییه‌كه‌ بشاردرێته‌وه‌.
* ئاستى یارى گۆڕه‌پان ومه‌یدان چۆن ده‌بینى له‌سه‌رئاستى كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى؟
-به‌داخه‌وه‌ یارى گۆڕه‌پان و مه‌یدان له‌ كوردستان زۆر پشتگوێ خراوه‌، ئێمه‌ ته‌نیا دوو یانه‌مان هه‌یه‌ كه‌ یارى گۆڕه‌پان و مه‌یدان له‌ خۆ گرتبێت ئه‌وانیش پێشمه‌رگه‌ى سلێمانى و سیروانى نوێن، به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ كوردستان ركابه‌رییه‌كه‌ به‌ته‌نیا له‌ نێوان دوو یانه‌یه‌ بۆیه‌ ساڵانێكى زۆره‌ پاڵه‌وانیه‌تى یانه‌كانى كوردستان بۆ گۆڕه‌پان و مه‌یدان ئه‌نجام نه‌دراوه‌،وه‌ به‌شدارى كردنى دوو یانه‌ ته‌نیا له‌ پاڵه‌وانێتى یانه‌كانى عێراقه‌ كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ ساڵانێكى زۆره‌ توانیومانه‌ ببینه‌ پاڵه‌وانى یانه‌كانى عێراق.
* پێت باشه‌ چى بكرێت ، بۆبه‌ره‌ووپێشبردنى ئه‌م یارییه‌ له‌ كوردستان بۆ ئه‌وه‌ى بگاته‌ ئاستێكى به‌رز؟
-گرنگى زیاتر به‌ كردنه‌وه‌ى پاڵه‌وانیتى بدرێت له‌ سه‌ر ئاستى كوردستان، یاریگاى تایبه‌ت بكرێته‌وه‌ به‌م یارییه‌.
*چى بكرێت باشه‌ بۆ كچه‌ وه‌رزشكارانى ئه‌م یارییه‌؟
-زیاتر گرنگى به‌تواناكانیان بدرێت له‌لایه‌ن یانه‌كان و به‌رپرسانى وه‌رزشى پشتگیری زیاتر بكرێن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وانیش بتوانن ئاست و ئه‌نجامى گه‌وره‌ به‌ده‌ست بهێنن.
* هیواو ئاواتت وه‌كو وه‌رزشكارێك ؟
- دەمەوێ ببمە یاریزانێکی بەتواناو لە داهاتودا بتوانم راهێنەرایەتی تیپێکی کچان بکەم و ئەنجامی باش بۆ شارەکەم بەدەست بهێنم.
* ئه‌نجامه‌كانت له‌گه‌ڵ یانه‌و هه‌ڵبژارده‌كان؟
- بەڵێ لە قوتابخانە یاری تێنس و تۆپی دەست و تۆپی پێم کردوە بۆ قوتابخانەکەم و پلەی یەکەم و دووەمم بەدەست هێناوە، لەگەڵ قوتابخانەکەم، هەروەها یاریزانی تۆپی پێم لە هەڵبژاردەی عێراق و ساڵی 2015 لەگەَڵ ئەو هەڵبژاردەیە بەشداری پاڵەوانێتیمان کرد لە وڵاتی قەتەر, جگە لەوەش بۆ چەند یانەیاکی کوردستان و عێراق یاریم کردوە لەسەر ئاستی هەردو یارییەکە (گۆڕەپان و مەیدان و تۆپی پێ ).

*وه‌رزش و خوێندن له‌ یه‌ك كاتدا گرفتت بۆ دروست ناكات؟
- بە دڵنیاێەوە قورسە لە یەک کاتدا هەم بخوێنیت و هەم یاری بکەیت، بەڵام تا ئەم کاتە توانیومە کات بۆ هەردوو بوارەکە دابین بکەم و سوپاس بۆخوا سەرەڕای هەندێک ئاستەنگ توانیومە هەم لە خوێندنەکەم هەم لە یاریەکەم سەرکەوتوو بم.
* به‌رنامه‌ى داهاتووت وه‌كو كچه‌ وه‌رزشكارێك؟
-به‌هیواى ئه‌وه‌م بتوانم ئه‌نجام و ئاستى باشتر پێشكه‌ش بكه‌م.
* هیچ رێگرییه‌ك نه‌بووه‌ له‌ وه‌رزش كردنت له‌لایه‌ن خێزانه‌كه‌ته‌وه‌، وه‌كو پێویست پشتگیریت ده‌كه‌ن؟
- هەمیشە وتومە خێزانەکەم لە دوای خوای گەورە گەورەترین پاڵپشتم بوون لە وەرزش کردن , من بەهۆی هاندان و ستایشی ئەوان بەم رۆژە گەیشتوم و هەموو ئەنجام و سەرکەوتنەکانیشم ئەگەرێنمەوە بۆ هۆکاری بوونی پاڵپشتی خێزانەکەم بەتایبەت دایکم کە هیچ کات رێگری نەکردوە لەبەردەم ئارەزوەکانم و هەموکات سوپاسگوزاریم.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌؟
- لەکۆتایدا دەستخۆشی لە بەرێزتان دەکەم کە بەردەوام هاوکاری وەرزشوانانن لە ناساندنی تواناکانیان بە کەسانیتر هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ ئەخوازم نمونەتان زۆر بێت و هەمیشە لەش ساخ بن، وە سوپاسی هەمو ئەو کەسانە ئەکەم کە بەردەوام پاڵپشتی من بوون بۆ بەرەو پێشچوونم و سوپاسی خێزانەکەم دەکەم کە هەمووکات هۆکاری سەرکەوتنەکانمن.






Top