كچانى سه‌وره‌ بێ مووچه‌ش یارى ده‌كه‌ن

كچانى سه‌وره‌ بێ مووچه‌ش یارى ده‌كه‌ن
كچانى سه‌وره‌ بێ مووچه‌ش یارى ده‌كه‌ن
تیپى تۆپى فوتساڵى كچانى یانه‌ى سه‌وره‌ى شارى كه‌ركووك ئه‌مساڵ وه‌كو نوێنه‌ری یانه‌كانى كچانى كه‌ركووك له‌ كێبڕكێیه‌كانى خولى فوتساڵى كچانى یانه‌كانى كوردستان به‌شدارییان كردووه‌و ده‌یانه‌وێت به‌ ئاست و ئه‌نجامی باش له‌م خوله‌ به‌ دیار بكه‌ون، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى تیپه‌كه‌ گرفتى داراییشی هه‌یه‌، هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌ (قاسم جه‌میل) راهێنه‌رى تیپى فوتساڵى كچانى یانه‌ى سه‌وره‌ بۆ گۆڤارى گوڵان گوتى: "ئاستى ئێمه‌ له‌ خولى فوتساڵى كچانى یانه‌كانى كوردستان زۆر باشه‌، هه‌رچه‌نده‌ یانه‌كه‌مان كراوه‌ته‌ مۆڵ و فرۆشراوه‌، ناڕه‌زایه‌تشمان ده‌ربڕى، چونكه‌ بارى داراییمان زۆر خراپه‌ و وه‌ك پێویست هاوكاری ناكرێن، وه‌كو تیپى فوتساڵى سه‌وره‌ش سه‌رجه‌م یاریزانان و بگره‌ خۆیشم هیچ مووچه‌یه‌كمان نییه‌، به‌ڵام ئومێدی زۆرم به‌م كچه‌ یاریزانانه‌ى كه‌ركووك هه‌یه‌، كه‌ بتوانین هه‌موومان به‌ یه‌كه‌وه‌ كارى باش بۆ وه‌رزشى كچانى كه‌ركووك بكه‌ین و له‌ یارییه‌كانى داهاتوودا به‌سه‌ر گرفته‌كانماندا زاڵ بین و چاره‌سه‌رى بارودۆخی خراپی تیپه‌كه‌مان بكه‌ین، له‌ قۆناخى داهاتووش ببینه‌ یه‌كێك له‌ تیپه‌ ركابه‌ره‌كانى خولى فوتساڵى كچانى یانه‌كانى كوردستان." گوتیشى: "ئێستا تیپه‌كه‌مان گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كچه‌ یاریزانێك كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر ئاستمان باشتر بێت و گه‌ڕانه‌وه‌ى یاریزانى ئاست به‌رزى یانه‌كه‌مان هێزێكى دیكه‌ به‌ ئێمه‌ ده‌به‌خشێت، سوپاسى كچه‌ یاریزانه‌كانیشم ده‌كه‌م كه‌ به‌م بارودۆخه‌ ده‌توانن ئاست و ئه‌نجامى باشتر له‌ یارییه‌كانى داهاتوو پێشكه‌ش بكه‌ن و به‌رده‌وام هاوكارى یه‌كترن، ئێمه‌ بۆ خۆشه‌ویستیى شارى كه‌ركووك و سه‌ركه‌وتنی كچه‌كانیشمان به‌رده‌وام ده‌بین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین باشترین ئاست له‌م خوله‌ پێشكه‌ش بكه‌ین، خوله‌كه‌ش زۆر یانه‌ى به‌هێز به‌شداریی تێدا ده‌كه‌ن، به‌ڵام كچانى ئێمه‌ له‌ چاو كچانى شاره‌كانى دیكه‌ كه‌ هیچ مووچه‌یه‌كیان نییه‌ و ئه‌وانیش هاوكارى ده‌كرێن، ئاستتێكى باش پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، ئومێدى زۆرم هه‌یه‌ له‌ قۆناخى دووه‌م به‌م دۆخه‌شه‌وه‌ بتوانین له‌ خولى كوردستان ژماره‌یه‌كى گه‌وره‌ بین."
كارزان كانه‌بی
Top