یانه‌ى سۆران ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ خولى نایاب
تیپى تۆپى پێى یانه‌ى سۆران ئه‌مساڵ شان به شانى یانه‌ى سیروانى نوێی شاری سلێمانى توانى پلێتى سه‌ركه‌وتنى بۆ خولى نایابى یانه‌كانى كوردستان به‌ده‌ست بهێنێ، له ئێستاشه‌وه بۆ وه‌رزى نوێی خولى نایابى یانه‌كانى كوردستان ئاماده‌كاری ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ى به‌هێزه‌وه بچێته نێو خولى نایاب و تیپێكى ركابه‌ر بێت، له‌م باره‌شه‌وه به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كان و راگه‌یاندنى یانه‌كه (فه‌رمان ئیسماعیل) بۆ گۆڤارى گوڵان گوتى: "ئێمه به حه‌ماسه‌تێكى زۆره‌وه له وه‌رزی نوێی خوله‌كه به‌شدار ده‌بین، وه‌كو چۆن له خولى پله یه‌ك توانیمان سه‌ركه‌وین، ده‌مانه‌وێ له خولى پله نایابیش به‌هه‌مان شێوه به‌رده‌وام بین، ده‌مانه‌وێ له خولى پله نایاب نموونه‌یه‌كى جوانى تۆپى پێ بین له كوردستان، كه بۆ یه‌كه‌م جاره به‌شدار ده‌بین له‌م خوله، یانه‌كه‌شمان كه به‌م گوڕوتینه‌وه ده‌چێته ناو خولى نایابى كوردستان، به تیپێكى تۆكمه‌وه ده‌مانه‌وێ ئه‌م وه‌رزه ببینه ئه‌سپه ره‌شه‌كه‌ى خولى نایابى كوردستان، خاوه‌ن ئیراده و جه‌ماوه‌ری له بن نه‌هاتووین، به‌رنامه‌ى باشمان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى به‌رنامه‌ى باش دابنێن و كارى نوێ ده‌كه‌ین بۆ تۆپى پێى كوردستان چى پێویست بێت، ئه‌نجامى ده‌ده‌ین بۆ وه‌رزشى كوردستان و تیپه‌كه‌مان تا له پێشه‌وه‌ى یانه‌كان بین، ئێمه له ئێستاوه بۆ ساڵى ئاینده هه‌م له رووى یاریزانان و هه‌م له رووی پێداویستییه‌كانه‌وه ئاماده‌كارى ده‌كه‌ین". له‌باره‌ى كه‌موكوڕییه‌كانیش گوتى: "ئێمه تاكه یانه‌ى كوردستانین كه خاوه‌نى یاریگاى تایبه‌ت به خۆمان نین، له رووى ژێرخانى وه‌رزشییه‌وه كه‌موكوڕى زۆرمان هه‌یه، به‌ڵام خودی رێزدار نێچیرڤان بارزانى به‌ڵێنى داوه گرفته‌كانمان چاره‌سه‌ر بكات و یاریگایه‌كمان بۆ دروست بكات و راسته‌وخۆ له‌سه‌ر هێڵه بۆ چاره‌سه‌ركردنى گرفتى وه‌رزشی له‌م قه‌زایه، كه گه‌وره‌ترین قه‌زاین له‌سه‌ر ئاستى پارێزگاى هه‌ولێر و خاوه‌ن ژماره‌یه‌كى زۆرى وه‌رزشكارین، لقى ده‌ى پارتى دیمو‌كراتى كوردستانیش له‌گه‌ڵ كاك نه‌هرۆ خاڵه ره‌ش ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراقی له لیستى پارتى هاوكاریى زۆریان كردووین له‌م وه‌رزه كه توانیمان سه‌ربكه‌وین، كاك نه‌هرۆ تاكه كه‌س بووه له‌م ده‌ڤه‌ره رۆڵى به‌رچاوی هه‌بووه، ئێمه هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كى داراییمان نییه و گرفتی داراییمان هه‌یه، ئه‌گه‌ر گرفته داراییه‌كانمان چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، ئه‌وه ره‌نگه له‌م بارودۆخه‌دا نه‌توانین به‌رده‌وام بین."
كارزان كانه‌بی