ھیچ بایەخدانێک نییە بۆ تۆپی دەست تایبەت
ھیچ بایەخدانێک نییە بۆ تۆپی دەست تایبەت
تیپی تۆپی دەستی یانەی قەڵای تورکمانی یەکێکە لەو تیپانەی کە لە شاری ھەولێر گرنگی بە یارییەکانی کچان دەدات، یانەکەش بە ئامانجی پێشخستنی ئاستی یاریی تۆپی دەستی لە سنووری پارێزگای ھەولێر تیپێکی تۆکمەی پڕ لە یاریزانی بەتوانای لە یانەکە کۆکردۆتەوە بۆ ئەوەی لە داھاتوودا بەم کچە یاریزانانە کێبڕکێ لەسەر ئەنجامی شایستە بکات لە خولی تۆپی دەستی نایابی کوردستان ، سەناریا عەبدول ستار یەکێکە لە کچە یاریزانە بەتواناکانی یانەکە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٠ی شاری ھەولێرە و دەرچووی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشییە لە زانکۆی سەلاحەدین پێشووتریش بۆ ھەریەک لە یانەکانی ئافرەتانی ھەولێر و ئاڵا و شەقلاوە یاری کردووە ئێستا لە یانەی قەڵا درێژە بە کاروانی وەرزشیی دەداتی، ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد و ئەویش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*ھاتنت بۆ نێودونیای وەرزش پێشوەختە بوو، یاخود ھەر بە رێکەوت روت لەم جیھانە کرد؟
-ھاتنم بۆ ناو دونیای وەرزش ھەر لە منداڵی بوو تایبەت لە قۆناخی سەرەتایی بەشداری پاڵەوانیەتی گۆڕەپان و مەیدانم کرد و پلەی یەکەمم بەدەستھێنا لە راکردنی ٤٠٠م، وەھەروەھا لە پازدانی بەرز بەردەوام بوو تاکو چوومە کۆلێژ لەوێش بەشداری چەندین پاڵەوانیەتیم کرد لە یارییەکانی ماراسۆن و گۆڕەپان و مەیدان و تۆپی دەست، وەکو پسپۆریش لەوێ تۆپی دەستم ھەڵبژارد.
*بۆچی لە ناو ھەموو یارییە وەرزشیە سەڕنجت بۆ یاری تۆپی دەستی بوو؟
-چونکە کاتی قوتابی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی بووم ئەوە پسپۆری خۆم بوو بۆیە تۆپی دەستم ھەڵبژارد.
*وەکو ڕاھێنەرێک و یاریزان ئاستی یاری تۆپی دەستی لەچ ئاستێکەلە شاری ھەولێر؟
-زۆر بەداخەوە زۆر کەم تەرخەمن ھیچ بایەخدانێک نییە بۆ تۆپی دەست تایبەت بۆ ئافرەتان، وەختە بلێم خەریکە ناوی ئەم یارییە وون دەبێ لە ھەولێر.
* ئەی لەسەر ئاستی کوردستان چۆنی دەبینی؟
-بە ھەمان شێوەی دەبینم لە ئاستی کوردستانیش زۆر بێ بایەخە ئەم یارییە.
* لە یەک کاتتدا دوو ئەرک بەرێوە دەبەی ھەم یاریزان ھەم ڕاھێنەر لەکامەیان سەرکەوتوو تری؟
-من لە کاری خۆم راھێنەرم لە سەنتەرەکەم کاری منیش جۆرێکە لە وەرزش و جوانکاری لەش زۆر دڵخۆشم پێی، وەھەمان کاتیشدا لە ناو تیپەکەی خۆشم گۆڵپارێزم زۆریش شانازی بەوە دەکەم کە توانیومە لە ھەردوو لا سەرکەوتووبم ھەیشمە بەردەوامبم خوای گەورە سەرکەوتووم بکات.
*بۆ ئەوەی یاری تۆپی دەستی لە کوردستان پێشبکەوێت چی بکرێت باشە؟
-پێویستە مووچە دابین بکرێت بۆ یانەکان و یاریزانەکان، وە پێویستە خولی کوردستان ھەموو ساڵ بەرێوە بچێت بۆ ئەوەی زیاترئاستی یاریزانەکان بەرەووپێش بچێت بۆ ئەوەی بتوانین بەشداری خولی عێراق و ھەڵبژاردەی عێراقیش بکەین.
*گرفتی ئێوە لە یانەی قەڵای تورکمانی لە چی دەبینی؟
-من زۆر خۆشحاڵم کە لە یانەی قەڵا ھیچ گرفتێکم نییە، وە زۆر سوپاسی سەرۆکی یانەکەم دەکەم مامۆستا نەجمدین و راھێنەرانی یانەکەم کاپتن زیا و کاپتن رێباز ھیوادارم سەرکەوتووبن.
*خەونی وەرزشیت چیە وەکو کچە یاریزانێک؟
-خەونی وەرزشیم ئەوەیە بگەم بە لوتکە و بتوانم خزمەتی گەلی کورد بکەم لە ھەردوو بوار وەکو راھێنەری سەنتەر و گۆڵپارێز لە یانەکەم.
* ئامانجت چیە لە وەرزش کردنت؟
- بگەمە لوتکە و ببمە باشترین گۆڵپارێز لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق بۆ ھەڵبژاردەی عێراقیش یاری بکەم.
* بە چ یاریزانێکی جیھانی سەرسامی لەم یارییە؟
- منی ئەل شباح باشترین یاریزانی خولی فەرەنسی.
* کاتت چۆن بۆ وەرزش داناوە؟
-ژیانم ھەمووی وەرزشە زۆری کاتیشم لە ناو وەرزشم تا ماویشم وەرزش دەکەم چ وەک یاریزان چ وەکو راھێنەر و ناوبژیوان.
* چیت ماوە لە کۆتایدا؟
-ھیوادارم بایەخ بە تۆپی دەست بدرێت،نەک تەنیا تۆپی پێی چونکە پێویستە ئێمە وەک ووڵاتانی جیھان ھەموو سالێک خولی ناوەخۆی بڕوات زوو زوو خولی کوردستان بکەنەوە بودجە دابین بکرێ بۆ یاریزانان و یانەکان.