هیچ لایه‌نێكى په‌یوه‌ندیدار نییه‌ هاوكار و پشتیوانى وه‌رزش بێت

هیچ لایه‌نێكى په‌یوه‌ندیدار نییه‌ هاوكار و پشتیوانى وه‌رزش بێت
ژه‌نیار فه‌رزان یاریزانى باسكه‌ تیپى ژیما
هیچ لایه‌نێكى په‌یوه‌ندیدار نییه‌ هاوكار و پشتیوانى وه‌رزش بێت
تیپى باسكه‌ى كچانى رێكخراوى ژیما بۆ یارییه‌كانى باشه‌ یه‌كێكه‌ له‌و تیپانه‌ى كه‌ له‌ پارێزگاى سلێمانى گرنگى به‌ یارییه‌كانى باسكه‌ى كچان ده‌دات، رێكخراوه‌كه‌ش به‌ ئامانجى پێشخستنى ئاستى یاریى باسكه‌ له‌ له‌ شارى سلێمانى تیپێكى تۆكمه‌ى پڕ له‌ یاریزانى به‌تواناى له‌ تیپه‌كه‌ كۆكردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ داهاتوودا به‌م كچه‌ یاریزانانه‌ كێبڕكێ له‌سه‌ر ئه‌نجامى شایسته‌ بكات له‌ خولی باسكه‌ى كوردستان و عێراق ، ژه‌نیار فه‌رزان یه‌كێكه‌ له‌ كچه‌ یاریزانه‌ به‌تواناكانى رێكخراوى ژیما و له‌دایكبووى ساڵى 2002ى شارى سلێمانیه‌ و قوتابیی قۆناخی یازده‌ى ئامادییه‌، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان ئاراسته‌ى كرد و ئه‌ویش به‌مجۆره‌ وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى گۆڤارى گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بى
*له‌ نێو ئه‌م هه‌موو یارییه‌ وه‌رزشیه‌ بۆچى یارى باسكه‌ت هه‌ڵبژارد؟
-له‌ ته‌مه‌نى منداڵیه‌وه‌ له‌یارییه‌ وه‌رزشیه‌كانى قوتابخانه‌ قوتابیه‌كى چاڵاك بووم، وه‌ زۆر حه‌زم له‌ وانه‌ى وه‌رزشی هه‌بوو، به‌ڵام هه‌ستێكى تایبه‌تم هه‌بوو كه‌ مامۆستا ده‌یگوت ئه‌مڕۆ یارى باسكه‌تان هه‌یه‌ وه‌ك بلێ له‌ داهاتوو خۆمى تێدا بدۆزمه‌وه‌.
* ئاستى یارى باسكه‌ چۆن ده‌بینى له‌ كوردستان ؟
-به‌ داخه‌وه‌ تا ئێستا له‌ كوردستاندا یارى باسكه‌ وزۆربه‌ى یارییه‌كانى تریش له‌ ئاستێكى خراپی هه‌یه‌، چونكه‌ هیچ لایه‌نێكى په‌یوه‌ندیدار نییه‌ هاوكار و پشتیوانى وه‌رزش بێت به‌گشتى ئه‌گه‌ر هه‌شبێت هه‌وڵى تاكه‌ كه‌سییه‌.
* چى بكرێت باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ له‌ شاره‌كانى كوردستان به‌رز بكرێته‌وه‌؟
-حكومه‌ت به‌تایبه‌ت لێژنه‌ى ئۆلمپی كار له‌سه‌ر درووست كردنى یاریزان بكات له‌ ته‌مه‌نێكى زۆر بچووكه‌وه‌ وه‌ك قوتابخانه‌یه‌ واته‌ چه‌ند دانه‌یه‌ك بكرێته‌وه‌ وه‌كو ژیما بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین له‌ داهاتوودا یاریزانى پرۆفیشناڵ درووست بكه‌ین، وه‌ هاوكارى یاریزانه‌كان بكه‌ن كه‌ بتوانن یارى كردن بكه‌ن به‌ پیشه‌ى ژیانیان، وه‌ كردنه‌وه‌ى خول و پاڵه‌وانیه‌تى زیاتر بۆ هاندانى یاریزانه‌كان.
*نه‌كردنه‌وه‌ى پاڵه‌وانیه‌تى كاریگه‌رى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئاستى یاریزانان به‌گشتى؟ڤ
-خول و پاڵه‌وانیه‌تى گوژمێكى تر ده‌دات به‌ یاریزان له‌ كاتى راهێنانه‌كانیدا، وه‌ به‌شدارى كردن ده‌بێته‌ ئه‌زموونێكى باش بۆیان، بێگومان نه‌كردنه‌وه‌ى پاڵه‌وانیه‌تى كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر یاریزانه‌كان به‌ڵام خۆشحاڵانه‌ له‌ لاى ئێمه‌ له‌ ژیما به‌رده‌وام خولى ناوه‌خۆیمان هه‌یه‌ كه‌ نه‌كردنه‌وه‌ى پاڵه‌وانیه‌تى تا راده‌یه‌كى زۆر كاریگه‌رى له‌سه‌ر یاریزانانى رێكخراوه‌كه‌مان نه‌كردوه‌.
* گرفتى وه‌رزشیى ئه‌م یارییه‌ له‌ چى ده‌بینى ؟
-به‌داخه‌وه‌ یه‌كێك له‌ گرفته‌كان كه‌ دووچارى یارى باسكه‌ ده‌بێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كارئاسانى ناكرێت بۆ كه‌سانى شاره‌زا وئه‌و كه‌سانه‌ى به‌راستى ده‌یانه‌وێ خزمه‌تى باسكه‌ بكه‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ كاره‌كه‌ بۆ ئه‌وانه‌ قورستر ده‌كه‌ن.
*چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى كچان زیاتر روو له‌ وه‌رزش بكه‌ن؟
-به‌رز كردنه‌وىه‌ ئاستى رۆشنبیری خێزانه‌كان به‌ پله‌ى یه‌كه‌م و كارئاسانى و پشتیوانى كردنى كچه‌كان.
*ده‌ستى به‌رێوه‌بردنى رێكخراوى ژیما چۆن هاوكاریتان ده‌كه‌ن؟
-به‌راستى به‌ شێوه‌یه‌كى سه‌رنج راكێش هاوكارمانن دڵسۆزانه‌ و ماندوونه‌ناسانه‌، چونكه‌ى ئه‌وه‌ى ئه‌وان ده‌یكه‌ن به‌ بێ به‌رامبه‌ر بۆ ئێمه‌ له‌ تواناى زۆر كه‌سدا نییه‌.
* هیواو ئاواتت وه‌كو كچه‌ وه‌رزش كارێك؟
-هیواى یاریزانه‌كان به‌گشتى كه‌ بگه‌نه‌ ئاستێكى به‌رز ئه‌ویش گه‌یشتنه‌ به‌ هه‌ڵبژارده‌ى عێراق ، وه‌منیش به‌ده‌رنیم له‌م ئاواته‌ به‌ڵام من دووتر ده‌ڕوانم بۆ ده‌ره‌وه‌ى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق بۆ بوون به‌یاریزانێكى جیهانى.
*به‌رنامه‌ت چیه‌ بۆ داهاتوو؟
-به‌رنامه‌م بۆ داهاتوو به‌رده‌وام بوونه‌ له‌ فێربوون ووه‌رگرتنى زانیاری وبه‌هره‌ى زیاتر بۆ ئه‌وه‌ى بتوانم كه‌ گه‌یشتمه‌ ته‌مه‌نێكى دیارى كراو هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى كه‌ فێربووم له‌ باسكه‌ و ژیانه‌وه‌ بیگه‌ینم به‌و كچانه‌ى كه‌ له‌دواى من ده‌یانه‌وێت بێن ببن به‌ یاریزان جا وه‌ك راهێنه‌ر بێت یان وه‌ك مامۆستا.
*به‌هیواى ئه‌وه‌ نیت هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان له‌ یارى باسكه‌ دابمه‌زرێ؟
-به‌دڵنیایه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئاواتى هه‌موومانه‌.
*به‌چ یاریزانێكى جیهانى سه‌رسامیت له‌م یارییه‌؟
- سه‌رسامم به‌ یاریزان(OianaTaurasi) یاریزانى(wnba).
* له‌ هیچ یانه‌یه‌ك گرێبه‌ستت پێشكه‌ش نه‌كراوه‌؟
-نه‌خێر
*له‌ رووى كۆمه‌ڵگاوه‌ تاچه‌نده‌ پشتگیری وه‌رزش ده‌كرێ؟
-به‌رێژه‌یه‌كى كه‌م ، به‌ڵام خۆشحاڵانه‌له‌ به‌ره‌وپێشچووندایه‌.
*چى به‌ به‌رپرسانى وه‌رزشی ده‌لێ؟
-هیوادارم به‌رپرسانى وه‌رزشى چاوكراوه‌ تر بن بۆ هاوكارى كردنى وه‌رزشوانان، وه‌ ئه‌وانه‌ى شایسته‌ى ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تیه‌ نین رێگه‌ بده‌ن كه‌سانى تایبه‌تمه‌ند وشایسته‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ هه‌ڵبگرن.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
- سوپاس بۆ ئێوه‌ و خوێنه‌ره‌كانتان هیوادارم بتوانن زیاتر خزمه‌تى بوارى وه‌رزش بكه‌ن، وه‌ بێگومان سوپاسى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ رۆژانه‌ هاوكارم بوونه‌ بۆ به‌ره‌ووپێشچوون و به‌رده‌وام بوون هیوادارم رۆژێك له‌ رۆژان هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان له‌ جامى جیهانیه‌كان به‌شداربێت.


Top