کەمی پاڵەوانیەتی گرفتێکی گەورەیە بۆ ھەموو ئەو یاریزانان

کەمی پاڵەوانیەتی گرفتێکی گەورەیە بۆ ھەموو ئەو یاریزانان
لانە رەئوف یاریزانی فوتساڵ
کەمی پاڵەوانیەتی گرفتێکی گەورەیە بۆ ھەموو ئەو یاریزانان
پارێزگای سلێمانی ھەموو کات شوێنی پێگەیاندنی چەندین کچە یاریزانانی بەتوانا بووە لە یارییە جۆراوجۆرەکان، ساڵانەش لەگەڵ دەستپێکی خولەکانی فوتساڵی کچان یانەکان گرنگی زۆر بەم یارییە دەدەن بۆ ئەوەی کێبڕکێ شارەکانی تری کوردستان بکەن بۆ بەدەست ھێنانی ئەنجامی شایستە و درووست کردنی یاریزان بەتوانا بۆ ئەم شارە، لانە رەئوف یەکێکە لە کچە یاریزانە بەتواناکانە کە پێشووتربۆ ھەریەک لە یانەکانی پێشمەرگەی سلێمانی و ئافرۆدێت یاری کردوە ئێستاقوتابی پەیمانگای وەرزشی سلێمانیە و بۆ ھیچ یانەیەک یاری ناکات، ناوبراو لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٠ی شاری سلێمانیە ، ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد و ئەویش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
* بە شێوەیەکی گشتی ئاستی یاریی فوتساڵ لە کوردستان چۆن دەبینی؟
- یاری فوتساڵ لە جیھاندا ئاستێکی زۆر بەرزی ھەیە، بەڵام لە کوردستان لە ئاستێکی مام ناوەندایە، ھیوادارم زیاتر بەرەووپێش بچێت وە گرنگیەکی زیاتر ەم یارییە بدرێت بە تایبەتی بۆئاستی کچان.
*ئەنجامدانی پاڵەوانیەتیی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوپێش نەچێت؟
- کەمی پاڵەوانیەتی گرفتێکی گەورەیە بۆ ھەموو ئەو یاریزانان و یانانە، چونکە دەبێتە ھۆی ساردبوونەوەیان لەم یارییە و ھەڵنەدان بۆ داھاتوو.
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاریی فوستاڵی کچان لە یانەکان و شارەکانی کوردستان بەرەوپێش بچێت ؟
-گرنگییەکی زیاتر بە یاریزانان بدرێت لەلایەن راھینرەکانیانەوە، وە زیاتر کردنەوەی خول و پاڵەوانیەتیەکان بۆ دەرکەوتنی کچانی بەھرەمەند.
*گرفتی یارییەکانی فوتساڵ زیاتر لە چی دەبینی؟
-کەمی گرنگیدان لەلایەن راھێنەرانەوە، وە کەمی خول و پاڵەوانیەتیەکان وە نەبوونی یاریگا و کەلوپەلی پێویست بۆ یاری فوتساڵ ئەوانە ھەمووی گرفتن، جگە لە نەبوونی ھۆڵی تایبەت بۆ ئەوەی مەشقەکانی بە رێک و پێکی ئەنجام بدرێت لە ھەموو وەرزەکان.
*لە ھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش نەکراوە؟
-وەک گریبەست نەخێر لەگەڵ ھیچ یانەیەک گرێبەستم نەکردووە، بەڵام بۆ ماوەی دوو ساڵ لە فێرگەی پێشمەرگە یاریم کردووە، وە بۆ ماوەی سالێکیش یاریم بۆ یانەی ئافرۆدێت کردووە ئێستا لە ھیچ یانەیەک نیم.
*بەرنامەت چییە بۆ داھاتووی خۆت؟
-پاش تەواو کردنی خوێندن ھەوڵدەدەن زۆربەی کارەکانم لە بواری وەرزش بێت، بەتایبەت بەرەووپێشبردنی یاری فوتساڵ، وە ھەمیشە ھەوڵدەدەم بێ ھیوا نەبم و سەربکەوم بۆ پێکانی ئامانجە وەرزشیەکانم.
*لەگەڵ ئەوەی یانەکانی کوردستان پشت بە راھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
-بێگومان نەخێر، چونکە کەسانێکی زۆر ئەکادیمی و بەتوانا و لێھاتوو لە ووڵاتی خۆماندا ھەیە لە بواری وەرزشیدا سەرکەوتووە دەتوانێ کاری زۆر باش بکات لە وەرزش.
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی چییە؟
-بە ئاگابوون لە ھەموو کەم و کورتی یانەکان و دابینکردنی پێداویستیەکان و دابینکردنی ئاسایش لە کاتی ئەنجامدانی یارییەکاندا.
* بۆ داھاتووی خۆت وەکو کچە یاریزانێک بەنیازی چیت و خەونی وەرزشیت چییە؟
-بتوانم ببمە یاریزانێکی زۆر بەتوانا تا بتوانم لە رێی تواناکانمەوە خزمەتی شارو ووڵاتەکەم بکەم.
*وەکو پێویست گرنگی بە فوتساڵ دراوە؟
-نەخێر بە پێی پێویست گرنگی پێ نەدراوە، وەکەمی خول و کەم و کورتی یاریگاکان و نەکردنەوەی خولە گەورەکان بۆ کچان.
*بە چ یاریزانێکی جیھانی سەرسامیت؟
- بگەمە ئاستی یاریزانی بەرازیلی (Senrginhoya)
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ بەسەرکردنەوەی یاریزانان و زیاتر ھاندانمان، بۆ بۆ گرنگیدان بە تواناکانی کچان لەلایەن ئێوەوە، سوپاسی خێزانەکەم و ئەو ھەموو مامۆستا و راھێنەرانەی کە پێشتگیرییەکی زۆریان کردووە بۆ بەردەوام بوونم.


Top