نەکردنەوەی پاڵەوانیەتی کاریگەی بەرچاوی ھەبووە
نەکردنەوەی پاڵەوانیەتی کاریگەی بەرچاوی ھەبووە
تیپی بالەی کچانی یانەی دەربەندیخان یەکێکە لەو تیپانەی کە لە دەڤەرەکەیان گرنگی بە یارییەکانی کچان دەدات، یانەکەش بە ئامانجی پێشخستنی ئاستی یاریی بالە لە سنووری دەڤەری دەربەندیخان تیپێکی تۆکمەی پڕ لە یاریزانی بەتوانای لە یانەکە کۆکردۆتەوە بۆ ئەوەی لە داھاتوودا بەم کچە یاریزانانە کێبڕکێ لەسەر ئەنجامی شایستە بکات لە خولی بالەی کوردستان و عێراق ، ئاڤان عوسمان یەکێکە لە کچە یاریزانە بەتواناکانی یانەکە و لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٠ی شاری دەربەندیخانە و قوتابیی قۆناخی دوازدەی ئامادییە، ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد و ئەویش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*چۆن بوو رووت لە بواری وەرزش کرد؟
-ھەر لە منداڵیەوە خولیای وەرزشم ھەبووە، بەڵام بیرم نەکردبووە کە رۆژێک لە یارییەک خۆم ببینمەوە، تا رۆژێک لەگەڵ دووھاورێم کە ئەوان یاریزانی بالەی کچانی دەربەندیخان بوون، چووم بۆ بینینی مەشقەکانیان بەراستی کە لە نزیکەوە تیپەکە و مەشقەکانیانم بینی خولیای رۆشتن بۆ یاری بالە لام درووست ساڵی ٢٠١٥پەیوەندیم بە تیپی بالەی دەربەندیخان کرد تا ئێستاش بەردەوامم لەگەڵیان.
*بۆچی لەناوئەم ھەموو یارییە وەرزشیە جۆراوجۆرە یاری بالەت ھەڵبژارد؟
-دەمزانی کە لەم یارییە سەرکەوتوو دەبم، بۆیە رووم لەم وەرزشە کرد.
* ئاستی یاری بالە چۆن دەبینی لە کوردستان ؟
-ئاستی یاری تۆپی بالە لە کوردستان بە شێوەیەکی مام ناوەند دەبیم بەھۆی ژمارەی یاریزان و پەیوەندی کردنیان بە یاری بالە و کەمی تیپ لە قەزا و ناحیە و شارەکانی کوردستان،وەکو یاریزانێکیش پێم باشە بە کردنەوەی پاڵەوانیەتی زیاتر و گرنگیدانی زیاتر بە یاری بالە ھەوڵی بەرەووپێشبردنی بدرێت .
*کردنەوەی کەمی پاڵەوانێتی ئێوە سارد ناکاتەوە لەم یارییە؟
-نەکردنەوەی پاڵەوانیەتی کاریگەی بەرچاوی ھەبووە بۆ دابەزینی ئاستی یاریزان، چونکە بە بوونی مەشقی بەردەوام و نەبوونی ھیچ پاڵەوانیەتیەک کە یاریزان بەشدار بێت تێدا دەبێتە ھۆی ساردبوونەوەی یاریزانان.
* چی بکرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە لە شارەکانی کوردستان بەرز بکرێتەوە؟
-گرنگی بەردەوام بە ئاستی کچان وکوڕان بدرێت بۆ ئەوەی زیاتر خولیایان بۆ یارییەکە ھەبێت و خول و پاڵەوانیەتی بکرێتەوە ھۆڵ بۆ یاریزانان دابین بکرێ لەگەڵ پێداویستیەکان ئەوانە ھەمووی ھۆکارن بۆ باشتر بوونی ئاستی ئەم یارییە.
* گرفتی وەرزشیی یاری بالە لە چی دەبینی ؟
-گرفتەکانی ئەم یارییە بەشداری نەکردنی کچان و کوڕانە لە یاری باڵە و کەمی تیپ لە ناوچەکانی کوردستان و پشتگیری نەکردنی خێزان و کەمی کردنەوەی پاڵەوانیەتی نەبوونی پشتگیری خێزانی کەوا دەکات رۆڵەکانیان روو لە وەرزش نەکەن ھاوکاری کردنی مادی ئەوانە ھەمووی ھۆکارن کە یاریزانەکان نەتوانن ئارەزووەکانیان پێ بەرجەستە بکەن.
*یانەی دەربەندیخان چۆن ھاوکاریتان دەکەن؟
-لێرەوە جێگای خۆیەتی سوپاسی باوکم و راھێنەری خۆشەویستم کە یاری بالەی بەمن ناساند من قوتابی دەستی ئەوم مامۆستا بةريزعەلی کە بەراستی پاڵپشتی سەرەکی من بووینە، سوپاسی دەستەی کارگێڕی یانەکە دەکەم بە دابین کردنی یاریگا و پێداویستیە وەرزشیەکان و بەردەوام بەدەم داواکارییەکانمان دێن ھاوکاری باشیان کردووین.
* بەھیوای چی لە ژیانی وەرزشیت؟
-وەکو کچە یاریزانێک بەردەوام بەرەوو پێش بردنی ئاستی خۆمم لە یاری بالە و ببمە مایەی سەربەرزی بۆ تیپەکەم و شارەکەم.
*بەرنامەت چیە بۆ داھاتوو؟
-بەرنامەم بۆ داھاتوو زیاتر ھەوڵدان و مەشقکردنە بۆ زیاتر بەرەووپێشبردنی ئاستم لە یاری بالە.
*بەھیوای ئەوە نیت ھەڵبژاردەی کوردستان لە یاری بالە دابمەزرێ؟؟
-بێگومان ئەوە خەونی ھەموو یاریزانێکە کە ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێت و منیش یەکێک بم لەو یاریزانانە.
*بەچ یاریزانێکی جیھانی سەرسامیت لەم یارییە؟
- سەرسامم بە یاریزان(Ivan zaystev) کە یاریزانی ھەڵبژاردەی ئیتالیایە.
* لە ھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش نەکراوە؟ڤ
-تاکو ئێستا نەخێر، بەڵام چەند یاریزانێکی تیپەکەمان پێشکەشی کراوە.
*لە رووی کۆمەڵگاوە تاچەندە شارەکەی ئێوە ھاوکارە بۆ وەرزش کردن؟
-ئاستی پشتگیری کردن لە کۆمەڵگەی کوردیدا زۆر لاوازە بە تایبەت کچان کە زۆرێک لە کچان خەونی بەشداری کردنیان ھەیە لە یارییە وەرزشیەکان بەھۆی نەبوونی پشتگیری ناچار لە ناخی خۆیان ھێشتویانەتەوە، شارەکەی ئێمەش لە چاو شارەکانی تر زۆر پشتگیری ھەیە.
*داواکاریت لە بەرپرسانی وەرزشی کوردستان؟
-بەراستی کاتی بەرەووپێشچوون ھاتوە با رەخنەکانمان درووست دروستکەری جیھانێکی وەرزشی بێن نەک روخێنەری، داواکارم لە بەرپرسانی وەرزش کە ھاوکاری وەرزشوانان و یانەکان بکرێت لە رووی داراییەوە بەھۆی قەیرانی دارایی چەندین یانەی وەرزشی لە کار دوورکەوتونەتەوە، ھەوڵی زیاتر کردنەوەی پاڵەوانیەتی بدرێت.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
- دەست خۆشی بۆ گۆڤاری گوڵان کە بەردەوام و بەبێ جیاوازی خزمەتی سەرجەم وەرزشکارانی شارەکانی کوردستان ھەموو کات لە خەمی وەرزش بووینە بەبێ جیاوازی خزمەتی وەرزشکاران دەکەن لە شارەکانی کوردستان.