ھیچ گرینگیەک بە وەرزش نادرێت لە کوردستان
ھیچ گرینگیەک بە وەرزش نادرێت لە کوردستان
تیپی فوتساڵی فێرگەی رانیە یەکێکە لەو تیپانەی کە لە دەڤەرەکەیان گرنگی بە یارییەکانی کچان دەدات، فێرگەکەش بە ئامانجی پێشخستنی ئاستی یاریی فوتساڵ لە سنووری رانیە تیپێکی تۆکمەی پڕ لە یاریزانی بەتوانای لە یانەکە کۆکردۆتەوە بۆ ئەوەی لە داھاتوودا بەم کچە یاریزانانە کێبڕکێ لەسەر ئەنجامی شایستە بکات لە خولی فوتساڵی داھاتوو کە بڕیارە لە ماوەی داھاتوو بەرێوەبچێت، ھاوژین عەبدوللا یەکێکە لە کچە یاریزانە بەتواناکانی یانەکە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٧ی شاری رانیەیە ، ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد و ئەویش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
فۆتۆ/ ئاراس بارتێز
*چۆن بوو دونیای وەرزشیت ھەڵبژارد؟
-چونکە ھەستێکی خۆشم پێ دەبەخشێ، وە کاتێک ھەست بە دڵتەنگی بکەم یاری تۆپی پێی دەکەم، وەکاتێک سەیری تیپڤیەکان دەکرد دەم بینی کە کاتێک کوڕان یاری تۆپی پێیان دەکرد زۆرم پێ ناخۆش بوو کە بۆ کچان نییە، بەڵام بێ ھیوا نەبووم و کۆڵم نەدا تا وەکو یاری تۆپی پێی بۆ کچانیش کرایەوە.
*بۆچی لە نێو ئەو ھەموو وەرزشە جۆراوجۆرە یاری تۆپی پێت ھەڵبژارد؟
- لەبەر ئەوە ھەر ئارەزووی خۆم بوو بۆیە ئەو یارییەم ھەڵبژاردو، ھەستێکی جیاوازترم ھەبوو، چونکە کاتێک وەرزش دەکەم ھەست دەکەم کە وزەم لە شتێکی باش سەرف کردووە و وەکاتم بە فیرۆ نەداوە.
*ئاستی یاری تۆپی پێی چۆن دەبینی لە کوردستان؟
- ئاستی یاری تۆپی پێی لە کوردستان تاڕادەیەک باشە، بەڵام بۆ لایەنی کچان مامۆستا زۆر کەمە بۆ ئەوەی کچان فێر بکەن، چونکە لە کۆمەڵگایەکین ئەگەر مامۆستایەکی گەنجمان ھەبێت ئەوا ھەڵکی بە شێوەیەکی تر سەیر ئەکەن، ئەگینا مامۆستای زیرەک ھەیە بۆ فێرکردن بەڵام کۆمەڵگایەکی ھەژارمان ھەیە لە رووی رۆشنبیری.
*ھەست ناکەی ئەم یارییە بۆ ئاستی کچان پشتگوێ خراوە؟
- بێگومان پشت گوێ خراوە ، چونکە ھیچ گرینگیەک بە وەرزش نادرێت لە کوردستان بەتایبەتی کچان، چونکە کەس باوەڕ ناکات کە کچیش وەکو کوڕ ھێز و وزەی باشی ھەیە وە دەتوانێـت کوردستان پێش بخات ووەرزشی کچانە بناسێنێت بە کوردستان و یانەکانی تر بەتایبەتی باوەڕ بە رانیە و چوارقورنەبھێنم کە کچانیش مافی بەشدارییان ھەیە، چونکە من بەھۆی دایکم و باوکم گەیشتووم بە ئێستا.
*کردنەوەی کەمی پاڵەوانیەتی بۆ ئێوەی کچ ، وەکو یاریزان سارد نابنەوە لە مەشق کردن؟
- بەدڵنیاییەوە بەلێ ، بەڵام ئێمە دەبێت زیاتر ھەوڵی بۆ بدەین نابێت لێ سارد ببینەوە.
*چی بکرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە لە کوردستان بەرز بکرێتەوە؟
-پێویستە گرنگی پێ بدرێت لە ھەموو روویەکەوە، وە راھێنانی باشتر دابین بکرێ، وە پێویستە یانە بکرێـەوە چونکە لە رانیە ھیچ یانەیەکی لێ نییە تەنیا فێرکردن ھەیە، وە پێویستمان بە یاریگایە، چونکە بەراستی کاتێک یانەیەک دێت یاریمان لەگەڵ دەکات بەراستی زۆرشەرم دەکەم چونکە یاریگایەکی وامان نییە ئەوەی ھەشمانە بۆتە ماڵی کۆتارەکان.
*گرفتی وەرزشی تۆپی پێی لە فێرگەکان لە چی دەبینی؟
-تاڕادەیەک کەم و کورتی کەمە، بەڵام ئەوەش زۆرنا چونکە راھێنان زۆر کەمە ممۆستاکان ژمارەیان زۆر کەمە، بەڵام ھەمووشیان مامۆستا و راھێنەری مەزنن ئەوانەی ئێستاش رابردووش دەلێم، بەڵام حکومەت ھیچ ھاوکارییەکی پێشکەش نەکردووین تەنیا ئەوەی ھەیە خۆمان و مامۆستاکان بەتایبەتی دابینی دەکەن پەندێکی کوردیش ھەیە دەلێ تێکۆشان بەدەستی دراوسێ وشکە.
*تاکو ئێستا لە ھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش نەکراوە؟
-نەخێر چونکە وەکو گوتم ئێمە چونکە یانە نین کەم کەس ئەمان ناسێت وە من بەھۆی مامۆستایەکم فێرگەی رانیە منی ناسی، چونکە لە ھەر فیستیڤالێکدا من ئامادە دەبووم زۆر ئارەزووم بە وەرزشی تۆپی پێی بوولەبەر ئەوە لە یارییەکانی قوتابخانە بەشداریم کردووە.
*بەھیوای چیت لە ژیانی وەرزشی خۆت؟
- راستە ھەموو سالێک ھەرێم پێش دەکەوێت، بەڵام بۆ وەرزشی کوردستان نازانم چی بەسەر دێ بەڵام من ھەمیشە ھیوام بە وەرزشی خەونەکانم ھەیە ، ەی چۆن پێشمەرگە تا دوا ھەناسە بۆ کوردستان شەڕدەکات بە بێ بەرتمبەر منیش تا دوا ھەناسەی ژیان بۆ خەونەکەم ھەوڵ دەدەم بێ بەرامبەر.
*بەرنامەت چیە بۆ داھاتوو؟
-ئێمە ھەموو کات سەیری چارەنووس دەکەین بەڵام بیرورای ھەلە ھەرگیز سەرناکەوێ بۆیە من تاکە ئێستا تەنیا لە رێگای قوتابخانەوە ھەوڵ بۆ خەونەکانم دەدەم.
*قەیرانی دارایی تا چەند کاری کردۆتە سەر تیپەکان و ئەم وەرزشە؟ڤ
-قەیرانی دارایی تا رادەیەکی زۆر کاری کردۆتە سەر یانە وەرزشیەکان لە کوردستان، چونکە ناتوانێ پێداویستی وەرزشی دابین بکەین، ئێمە خۆمان ھەوڵدەدەین و یارمەتی راھێنەرەکانمان دەدەین لە گشت روویەکەوە.
*گرفتی یاری تۆپی پێی کچان لە چی دەبینی لە شاری رانیە؟
-کەمی یاریگا و ھەروەھا بیری باوەڕی ھەندێ لە خەڵکەکەی کە ناتوانن باوەڕ بھێنن کچان دەتوانن خەونەکانیان بەدی بھێنن کەمی یارمەتی لە گشت روویەکەوە ئەوانە ھەمووی گرفتن.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو خەمخۆرییەی بۆ وەرزشکارانی شارەکانی کوردستانی ھەیە.