تیپی فوتساڵی ئافرەتانی ھەولێر چاویان لە ئەنجامی گەورەیە

تیپی فوتساڵی ئافرەتانی ھەولێر چاویان لە ئەنجامی گەورەیە
تیپی فوتساڵی ئافرەتانی ھەولێر چاویان لە ئەنجامی گەورەیە
تیپی تۆپی فوتساڵی ئافرەتانی ھەولێر وەرزی رابردوو توانیان نازناوی خولی فوتساڵی نایابی یانەکانی کوردستان لە ئاستی کچان بەدەست بھێنن، ئەمساڵیش دەستەی کارگێڕی یانەکە تیپێکی تازەی درووست کردۆتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ تیپەکە بۆ جارێکی تر ئەنجامی شایستە لە وەرزی نوێ خولی نایابی یانەکانی فوتساڵی کوردستان بەدەست بھێنێت کە بڕیارە یارییەکانی لە مانگی داھاتوو دەست پێ بکات، یانەکەش کۆمەلێک یاریزانی باشی لە خۆی کۆکرۆدتەوە و دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە بۆ خولەکە چاویان لەوەیە بۆ سالێکی ئەو نازناوە بەدەست بھێنن لەم بارەشەوە گۆڤاری گوڵان راپۆرتێکی لەسەر ئامادەکارییەکانی یانەکە ئەنجامداوە.
راپۆرتی: کارزان کانەبی
شەمال حەمەد راھێنەری تیپی فوتساڵی ئافرەتانی ھەولێر بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی"پلانمان ھەیە بەشداری بکەین لە خولی نایابی کوردستان، ئامادەکارییەکانمان دەست پێکردووە، بە ستایلێمی جیاواز ھەر چەندە ئەرکمان قورسە ئەمسال، چونکە ساڵی رابردوو تیپێکی باشیان ھەبووە، بەڵام ئەو تیپەیان لە بنەڕەتدا دەتوانم بلێم لە باشترینەکانی ھەولێرو سلێمانی و کەرکووک پێکھاتبوون، بەڵام کە راھینەرەکان رۆیشتن گشت یاریزانەکانیان لەگەڵ خۆیان برد، کە من تیپم وەرگرت یاریزانی نەبوو،سوپاسی سەرۆکی یانە مامۆستا رازاودەکەم بە ھەموو شێوەیەک پشتگیریم دەکات، بەڵام بە پێی رێنماییەکانی یەکێتی تۆپی پێی ئەمساڵ ناتواندرێت زیاتر لە دوو یاریزان لە دەرەوەی پارێزگای خۆت بھێندرێت ئەوەش وا دەکات زۆربەی یاریزانانی تیپ خەڵکی ھەمان پارێزگا بن، وە زانکۆی جیھانیش زۆربەی یاریزانانی شاری ھەولێری بردوون و جگە لەمەش کاپتن مەزن گشت یاریزانەکانی لەگەڵ خۆی بردن، بۆ ھێنانی یاریزانی پیشەگەر بەھەوڵی سەرۆکی یانە لەگەڵ چەند یاریزانێک لە پەیوەندی داین کە یەکێک لە باشترینەکان ھەڵبژێرین، لە کوردستان بە گشتی و ھەولێر بە تایبەتی گرفتمان زۆرە وە کەمی یاریزانی کچ لە بەر دابوو نەریتی کۆمەڵایەتی و ھەروەھا گرفتی ھۆڵی داخراو کە کێشەی زۆربەی یانەکانە، ئێستا ھۆڵی داخراوی یانەکەمان تەواو نەبووە کەچی لە ناو ھەولێر ھیچ ھۆلێک نییە بۆ کەشق کردن جگە لەلایەنی دارایی کە ھەمیشە یانەکان پەراوێز خراون لەلایەن حکومەتەوە چەند سالێکە ھیچ یارمەتیەک نادرێن،گوتیشی" من ئەرکێکی قورسم لەسەر شانە، چونکە ئەو یانەیە پاڵەوانی ساڵی رابردووەو باشترین بەڵام باشترین یاریزانەکانی لە تیپەکە نەمان دوو مانگم لەبەر دەستە بۆ ئەوەی پێکھاتەیەکی تۆکمە دروست بکەم پشت بەخوا نێچیرێکی ئاسان نابین لە ناو خولەکە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە نازناو بکەین دەبێت یاریزانی باشتر بھێنین بۆ ئەوەش پێویستمان بە یارمەتی گشت لاێیەکە.
رازاوکەریم سەرۆکی یانەی وەرزشی ئافرەتانی ھەولێر بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی" بۆ سەر لەنوێ رێکخستنەوەی تیپی تۆپی فوتساڵی یانەکەمان بەفەرمی گرێبەستمان لەگەڵ دکتۆر شەماڵ حەمەد کردووە بۆ ئەوەی سەرپەرشتی مەشقی یانەی ئافرەتانی ھەولێر بکات لە یارییەکانی وەرزی نوێ خولی نایابی یانەکانی کوردستان کە بڕیارە لە ئایندە یارییەکانی بەرێوە بچێت، ئێستاش ژمارەیەک لە یاریزانەکانمان لەگەڵ راھێنەرە تاکەمان خەریکی ئامادەکارییەکانن بۆ ئەوەی بتوانین تیپێکی تۆکمە و بەھێز درووست بکەین، گوتیشی " ئامانجمان لەم وەرزە بەدەستھێنانی نازناوی خولی فوتساڵی نایابی یانەکانی کوردستان بۆ جارێکی تر، ھەرچی لەتوانامان بێت بۆ بەھێزکردن و بەدەستھێنانی ئەنجامی شایستە بۆ شاری ھەولێر ئەنجام دەدەین، لە ھەوڵی ئەوەشین ژمارەیەک یاریزانی تریش بھێنینە ریزی یانەکەمان بۆ ئەوەی تیپەکەمان لە گشت روویەک ئامادە بێت، متمانەی تەواویشمان بە ستافی راھێنەران و یاریزانان ھەیە کە دەتوانین ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەین لە یارییەکانی وەرزی نوێ خولی فوتساڵی یانەکانی کوردستان، بە پاڵپشت و پشتگیری ھەموو لایەک دەتوانین ئەنجامی باش بەدەست بھێنین.
کەوسەر کاکە خان یاریزانی یانەی ئافرەتانی ھەولێر بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی" ماوەیەک دەستمان بە ئامادەکاری کردووە بۆ خولی کوردستان کە لەمانگی داھاتوو دەست پێ دەکات یارییەکانی، بە شێوەیەک ئامادەکاری دەکەین بۆ ئەوەی ئەو ئامانجە بپێکین کە بیری لێ دەکەینەوە، زۆر گەشبینم بە توانای راھێنەرەکەمان مامۆستا شەماڵ دڵنیام ئەوەی لە توانی دا ھەبێت فێرمان دەکات، ئێمەش بتوانین لە ناو یاریگا شتی نوێ پێشکەش بکەین ئەمساڵیش تیپەکەمان بەش ێوازێکی جیاواز دەردەکەوێت، گوتیشی" لە راستیدا کێشەمان نەبوونی یاریگایە، بەڵام سەرۆکی یانە بەلێنی داوە تا وادەی دەستپێکردنی خولەکە یاریگاکەشمان تەواو دەبێت ھەموو ھەولێکیش دەدات بۆ ئەوەی ھیچ گرفتێکمان نەبێت، کێشەیەکی تر نەبوونی یاریزانە چونکە چەند ساڵە یاریزانی دەرەوە بۆ ئافرەتانی ھەولێر یاری دەکات، ھەر کاتێکیش راھێنەرەێک لە یانەکە نەمێنێت یاریزانەکانیش لەگەڵ ئەوان دەڕۆن ، ئەوەش ھەڵەی کارگێڕی یانەکانە کە لە کاتی تەواو بوونی پاڵەوانیەتیەکان پشت لە یاریزانان دەکەن، کاتێک خولەکان دەست پێ دەکات داوای گەڕانەوەیان لێ دەکەن ئەوەش وا دەکات یاریزان شار و یانەی خۆ جێ بھێلێ ، بۆیە زۆربەی یانەکان بەدەست نەبوونی یاریزان دەنالێنن تا ئێستاش یانەکەمان بە شێوەیەکی باش ئامادە نییە، بەڵام بڕیارە چەند یاریزانێک بھێنن ئاستمان باشتر بێت و شتی چاوەڕوان نەکراو لە ئێمە بەدێ دەکرێت لە خولەکە.
بەفرین قادر یاریزانی یانەی ئافرەتانی ھەولێر بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی" ئامادەکارییەکانمان بەش ێوەیەکی گشتی باشە، گرفتمان تەنیا نەبوونی ھۆڵی داخراوە کە ئێستا ھۆڵەکەمان تەواو نەبووە، ئامانجی ئێمە لەم وەرزە بەدەست ھێنانی ئەنجامی گەورەیە، بەڵام یاریش ھەموو ئەنجامێکی تێدا دەبێ، پێشنیاریم بۆ یەکێتی تۆپی پێی کوردستان خولی نایاب و پلە یەکی فوتساڵی کچان جیا بکاتەوە ناکرێ یانەیەک تازە دانراوە راستەوخۆ بەشداری لە خولی نایاب بکات و دابەزینیش ھەبێت لە خولەکە.

Top