لەم ھەفتەیەدا، کتێبێکی گرینگی وەرزشی دەکەوێتە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستانەوە
لەم ھەفتەیەدا، کتێبێکی گرینگی وەرزشی دەکەوێتە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستانەوە
ئەسعەد ئیسماعیل
(مامەیارە ئەحمەد)، کتێبێکی وەرزشی لە ژێر ناوی (مێسی و ڕۆناڵدۆ لە ژێر تیشکی زانستدا)، بڵاو دەکاتەوە و پرۆسەی چاپکردنی لە تارانی پایتەختی ئێران تەواو بووە و لەم ھەفتەیەدا بڵاو دەکرێتەوە.
بەشی زۆری ناوەڕۆکی ئەو کتێبە، لە بارەی ھۆکارەکانی پشت ئاستی ھەردوو یاریزان مێسی و رۆناڵدۆوەن بۆ ماوەی دە ساڵ، کە پێشتر ئەو حاڵەتە لە تۆپی پێدا نەبووە. ئامادەکاری کتێبەکە، بۆ ئەو مەبەستە پشتی بە ڵیکۆڵینەوە و لێتوێژینەوەی ناوەندە زانستییە جیھانییەکان و تاقیکردنەوە سەردەمییەکان بە نوێترین ئامێری پێشکەوتووی تەکنەلۆژیا بەستووە.
لە ئەکاونتی خۆی لە فەیسبووک، ئاماژەی بەوە کردووە: ئەگەر تا ئێستە تەنیا لە شاشەی تیڤی و لە زاری بێژەر و ھەواڵخوێنانەوە، ئاشنای ئاستی ئەو دوو یاریزانە بووی، ئەوە لەم کتێبەدا دەگەیتە ھۆکارە زانستییەکانی پشت مانەوەی ئاستیان بۆ دە ساڵ، کە بریتین لە ھۆکارە ھونەری و جەستەیی و عەقڵی و دەروونییەکان و بە توێژینەوەی زانستی، ھەموو ئەو ھۆکارانە روون کراونەتەوە.
ئامادەکار و وەرگێر، تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی، کە کتێبەکە، لە پێنج بەشی سەرەکی پێک دێت، کە زۆرترین بابەتەکانی نێو کتێبەکە، پشت بە لێکۆڵینەوە زانستییەکان بۆ ئاستی ھەردوو یاریزان دەبەستێت، زۆرترین تاقیکردنەوەی زانستی بە نوێترین ئامێر و کەرەستەی تەکنەلۆژیای سەردەم بۆ لایەنە ھونەری و جەستەیی و دەروونی و عەقڵییەکانی ئەو دوو یاریزانەلە خۆ دەگرێت، لەمەودوا لە رووی زانستەوە ئاشنای ئەو دوو یاریزانە دەبن، زۆر بە وردی و بە زمانێکی ئاسان، لە رووی زانستییەوە باسی ھۆکارە ھونەری، جەستەیی، دەروونی و عەقڵییەکانی پشت مانەوەی ئاستی ئەو دوو یاریزانە بۆ ساڵانێکی زۆر کراوە. زۆر بە وردی روون کراوەتەوە، بۆچی یاریزانانی دیکە، وەک مێسی و ڕۆناڵدۆ ناتوانن ١٠ ساڵ لە یەک ئاست بەردەوام بن.
مامەیارە ئاماژەی بەوەیش کردووە، کە کتێبی (مێسی و ڕۆناڵدۆ، لە ژێر تیشکی زانستدا)، لە ١٥٠ لاپەڕە پێک ھاتووە و لەسەر ئەرکی خۆی لە تاران پرۆسەی چاپکردنی بە کوالێتیەکی بەرز تێپەڕاند، دیزایینی بەرگ و ناوەڕۆکی کتێبەکەیش لەلایەن (میرۆ جەلال)ـەوە کراوە. ھەروەھا لەم ھەفتەیەدا لە ھەموو پارێزگاکانی کوردستان و لە زۆربەی شارۆچکە و شارەدێیەکانیش بەردەست دەبێت، ئەرک و کاری دابەشکردنەکەیش لەلایەن کۆمپانیای بەڵاڤ پەیکەوە دەبێ، کە دەگاتە کتێبفرۆشی زۆربەی زۆری شار و شارۆچکە و شارەدێیەکانی ھەرێمی کوردستان.
بەشی زۆری چاودێران و مێدیاکارانی وەرزشی و وەرزشدۆستان، ھەست بە کەمیی کتێب بە گشتی و کتێبی وەرزشی بە تایبەتی دەکەن، بە تایبەت کە کتێبێک لەسەر بنەمای زانستی زۆر بابەتی ورد و ئاڵۆز، شرۆڤە و شیتەڵ بکات.