یاری بالە ھەر لە شوێنی خۆیدا چەقی بەستووە

یاری بالە ھەر لە شوێنی خۆیدا چەقی بەستووە
شێوە بورھان یاریزانی بالەی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی
یاری بالە ھەر لە شوێنی خۆیدا چەقی بەستووە
تیپی بالەی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی یەکێکە لەو تیپانەی کە لە شاری سلێمانی گرنگی زۆر بە سەرجەم یارییەکانی کچان دەدات، یانەکەش بە ئامانجی پێشخستنی ئاستی یاریی بالە لە سنووری شاری سلێمانی تیپێکی تۆکمەی پڕ لە یاریزانی بەتوانای لە یانەکە کۆکردۆتەوە بۆ ئەوەی لە داھاتوودا بەم کچە یاریزانانە کێبڕکێ لەسەر ئەنجامی شایستە بکات لە خولی بالەی نایابی کوردستان و عێراق ، شێوە بورھان یەکێکە لە کچە یاریزانە بەتواناکانی یانەکە و لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠١ی شاری سلێمانییە و قوتابیی قۆناخی شەشی ئامادەییە، ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد و ئەویش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*ئاستی یاری تۆپی بالە لە ئێستادا چۆن دەبینی؟
-دەتوانم بلێم بەداخەوە لە ئێستادا یاری بالە ھەر لە شوێنی خۆیدا چەقی بەستووە و بەرەووپێشچوونی بە خۆیەوە نەبینیوە، یانەکانیش روویان لە کەمی کردووە بەتایبەت لە شاروشارۆچکەکان.
*ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەروو پێش نەچێت لە کوردستان؟
-ھۆکارێکی سەرەکییە، چونکە وا لە یاریزان دەکات دوای ئەم ھەوڵ و ماندووبوون و مەشقکردنە پشتگوێ خستنی کاری تایبەتی خۆی بۆ راھێنانەکان دواتر یاریزان بێ ھیوا دەبێت کە خولێک نەبێت لە ئاستی خۆی و تیپەکەی تێدا دەربخات ئەوەش بێگومان کاریگەری زۆری دەبێت لە سەر ئاستی یاریزانان و تیپەکانیش.
*بە بۆچوونی تۆ وەکو یاریزانێک چی بکرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی یاری بالەی کچان بەرەوو پێش بچێـت؟
-گرنگی زیاتر بە یاری بالە بدرێت، ھیچی تر پشتگوێ نەخرێت وەکو یارییەکانی تر بە شێوەیەکی سەرەکی ببینرێت، وە رێگە خۆش بکەین بۆ ئەو کەسانەی کە خەونی یاری بالەیان ھەیە بۆیان بھێتە دێ.
*گرفتی یاری بالە لە چی دەبینی وەکو کچە یاریزانێک؟
-نەبوونی فێرگەی تایبەت بە یاری بالە و کەمی کەسانی شارەزا، وە ھۆکارێکی تری سەرەکیش قەیرانی داراییە کە بەرۆکی ھەموو یانە و یاریزانانی گرتووە.
*لە ھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش نەکراوە بۆ یاری کردن بۆیان؟ڤ
-نەخێر ھیچ گرێبەستەکم پێشکەش نەکرا، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە ھۆکاری کەمی خول و پاڵەوانیەتی نەبینینی ئاستی یاریمان ووە لەلایەن یانەکانی ترەوە.
* بەنیازی چی بۆ داھاتووی خۆت؟
-وەکو کچە یاریزانێک کە لە یاری بالەدا دەستم بە ژیانی وەرزشیم کردووە، داھاتووی خۆم زۆر بە گەشبینی دەبینم و دەمەوێت لە ئایندە دا ئاستێکی وەھام ھەبێت لە یانە بەھێزەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوە یاری بکەم.
*لەگەڵ ئەوەی یانەکان پشت بە راھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
-بۆ پێشکەوتنی یاری بالە لە کوردستان ئەگەر کەسانی پسپۆر و یاریزانی ئاست بەرزمان نەبێت ئەوا ئاساییە، بەڵام کاتێک راھێنەر و یاریزانی ناوەخۆیی باش ھەبێت پشت بەخۆمان ببەستین باشترە.
*چۆن بوو یانەی پێشمەرگەی سلێمانیت ھەڵبژارد؟
-دەتوانم بلێم یانەی پێشمەرگە منی درووست کرد، پێشمەرگە دەرگای بۆ شێوە کردەوە تا بتوانێ خەونی وەرزشی خۆی وەک کچێک کە یاری بالەیە بەدێ بھێنێت و ئاستێکی باشی ھەبێت.
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-بەھیوای ئەوەم ئیتر گرنگی بە وەرزشی خانمان بدەن و سەرجەم پێداویستیەکانیان بۆ دابین بکرێت تا خانمان بتوانن بە خەون و ئامانجی خۆیان بگەن لە وەرزشدا.
*خەونی وەرزشی تۆ وەکو کچە وەرزشکارێک؟
-خەونی زۆر گەورەم ھەیە دەکەوێت ئاستێکی باش پێشکەش بکەم، باشترینی بوارەکەی خۆم بم سەرکەوتنی زیاتر بەدەست بھێنم.
*بەھیوای ئەوە نیت ھەڵبژاردەی بالەی کوردستان دابمەزرێ تۆش یەکێک بیت لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە؟
-بێگومان ئەوە خەونی من وەکو یاریزانێکی بالە کوردستان سەربەخۆ بێت و ھەڵبژاردەیەکی ھەبێت منیش یەکێک بم لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە.
*لە ھەڵبژاردەی عێراق داوا نەکراوی؟
-نەخێر چونکە بۆ ماوەی چەند سالێک دەبێت خولی عێراقی نەکراوەتەوە.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو خەمخۆرییەی بۆ وەرزش، بەھیوام زیاتر خانمانی وەرزی بەسەربکەنەوە تا لە رێگەی گۆڤارەکەی ئێوە دەنگ و قسەی خۆی ھەبێت.



Top