ئاستی رۆشنبیریی خێزان بۆ بەشداریکردنی خانمان لە وەرزش رۆڵی گرنگی ھەیە

ئاستی رۆشنبیریی خێزان بۆ بەشداریکردنی خانمان لە وەرزش رۆڵی گرنگی ھەیە
نیان وەلی یاریزانی فوتساڵی یانەی ھەڵەبجەی شەھید:
ئاستی رۆشنبیریی خێزان بۆ بەشداریکردنی خانمان لە وەرزش رۆڵی گرنگی ھەیە


تیپی فوتساڵی یانەی ھەڵەبجە یەکێکە لەو تیپانەی کە لە دەڤەرەکەیان گرنگی بە یارییەکانی کچان دەدات، یانەکەش بە ئامانجی پێشخستنی ئاستی یاریی فوتساڵ لە سنووری ھەڵەبجە تیپێکی تۆکمەی پڕ لە یاریزانی بەتوانای لە یانەکە کۆکردۆتەوە بۆ ئەوەی لە داھاتوودا بەم کچە یاریزانانە کێبڕکێ لەسەر ئەنجامی شایستە بکات لە خولی فوتساڵی نایابی کوردستان کە بڕیارە لە ماوەی داھاتوو بەرێوەبچێت، نیان وەلی یەکێکە لە کچە یاریزانە بەتواناکانی یانەکە و لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٠ی شاری ھەڵەبجەیە و قوتابیی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشییە لە زانکۆی ھەڵەبجە، ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد و ئەویش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.

دیمانە: کارزان کانەبی

ShwaebSazaniفۆتۆ:

* بە شێوەیەکی گشتی ئاستی یاریی فوتساڵ لە کوردستان چۆن دەبینی؟ ئایا پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینیوە؟
-ئاستی یاریی فوتساڵ مامناوەندە، چونکە لە ساڵانی رابردوودا بە ھۆی رێگریی کۆمەڵایەتییەوە بە رێژەیەکی کەم خانمان پەیوەندیان کردووە بە یانەکانەوە، بەتایبەت فوتساڵ کە جموجۆڵی زۆری تێدایە، لەگەڵ ئەوەش لەلایەن یانەکانەوە گرنگییەکی ئەوتۆی پێ نەدراوە، تەنیا بۆ خول و پاڵەوانیەتییەکان یاریزان ئامادەکراون و یەکێتی تۆپی پێی کوردستان خەمساردبووە لە کردنەوەی خول بۆ یانەکانی کە ساڵانی رابردوو بە دوو ساڵ جارێک خوڵ دەکرایەوە، بەڵام لەم ساڵانەی دوایی بە رێژەیەکی زۆر باش بەرەوپێش چووە، چ لە رووی باری کۆمەڵایەتی و خێزانەکانەوە، چ لە رووی یانەکانەوە.
*ئەنجامدانی پاڵەوانیەتیی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوپێش نەچێت؟
- بە دڵنیاییەوە ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی ھۆکارێکی زۆر گرنگە بۆ بەرەوپێشچوونی یاریی فوتساڵ، بەڵام لە کوردستان و عێراقیش بەداخەوە ساڵانە بە لایەنی زۆرەوە یەک پاڵەوانیەتی دەکرێتەوە، ئەمەش زۆر کەمە بۆ یاریزان بۆ ئەوەی ئاستی وەرزشیی خۆی پێشکەش بکات، بەم ھۆیەشەوە ناتوانین وەکو پێویست برەو بە یاریی فوتساڵ بدەین.
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاریی فوستاڵی کچان لە یانەکان و شارەکانی کوردستان بەرەوپێش بچێت ؟
-ھۆکاری بەرەوپێشچوونی یاریزان پەیوەستە بە یانە وەرزشییەکانەوە لەگەڵ یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، دەبێت ئەم یەکێتیە وەرزشییە ساڵانە زیاتر لە پاڵەوانیەتییەک بکاتەوە بۆ ئەوەی یانەکان بتوانن ئاستی یاریزان بەرز بکەنەوە، لەگەڵ ئەوەش دەبێت یانەکان تەنیا بۆ خول و پاڵەوانیەتی یاریزان ئامادە نەکەن، چونکە دوای خولەکان بۆ ماوەیەکی زۆر بێ راھێنان دەبن، بۆ بەرەوپێشچوونی یاریی فوتساڵ دەبێت یانە وەرزشییەکان و یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ئەم یارییە فەرامۆش نەکەن.
*گرفتی یارییەکانی فوتساڵ زیاتر لە چی دەبینی؟
-گرفتی یاریی فوتساڵ ئاستی رۆشنبیری خێزانەکان رۆڵی گرنگی خۆی ھەیە بۆ زیاتر بەشداری کردنی خانمەکانمان لەم وەرزشەدا، یانەکانیش گرنگیی زیاتر بدەن بەم یارییە لە رووی ئامادەکردنی یاریزان بە شێوەیەکی نایاب و ئەکادیمی و لەگەڵ کردنەوەی خول و پاڵەوانیەتیەکان بۆ ئەوەی یاریزان ئاستی خۆی پێشکەش بکات.
*لە ھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش نەکراوە؟
-بەڵێ، لە چەند یانەیەکی دیاری کوردستان و عێراق ھەڵی یاریکردنم پێدراوە، بەڵام لە ئێستادا لە یانەی وەرزشی ھەڵەبجە بەردەوامم.
*لەگەڵ ئەوەی یانەکانی کوردستان پشت بە راھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
-ئەگەر یانەکان گرنگی بە راھێنەر و یاریزانەکانی خۆیان بدەن لە رووی ماددی و مەعنەوییەوە، لەوە دڵنیام کە یارییەکە بەرەوپێشەوە دەڕوات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەزموونێکی تازەیە بۆ یانەکان ئەگەر پشت بە یاریزان و راھێنەری بیانی ببەستن.
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی چییە؟
-داواکاری من لەلایەنی بەرپرسی وەرزشی ئەوەیە کە زیاتر گرنگی بەم یارییە بدەن، بە دابینکردنی بڕە پارەیەک بۆ یانەکان و بۆ یاریی فوتساڵ لەگەڵ کردنەوەی خول و پاڵەوانیەتی بۆ پێشکەشکردنی ئاستی یاریزان.
* بۆ داھاتووی خۆت وەکو کچە یاریزانێک بەنیازی چیت و خەونی وەرزشیت چییە؟
-بەنیازی ئەوەم زیاتر ئاستی خۆم بەرز بکەمەوە، لە شارەکەشم ھەوڵی دروستکردنی یاریزان بدەم، بۆ داھاتووی وەرزشی فوتساڵ لە خول پاڵەوانیەتییەکاندا. خەونی گەورەشم ئەوەیە بتوانم لە ھەڵبژاردەی وڵاتـەکەم یاری بکەم و ھەوڵی بەدەستھێنانی نازناوەکان بدەم، لەگەڵ یارمەتیدانی ھەموو ئەو یاریزانە بەھێزە شاراوانەی کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا حەشاردراون.
*بە چ یاریزانێکی جیھانی سەرسامیت؟
- بە کچە یاریزانی بەڕازیلی ماڕتا و لە کوڕانیش رامۆس.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-بەھیوای ئەوەم لایەنی بەرپرسی ورەزشی گرنگیی زیاتر بە وەرزش بدەن، بەتایبەتی فوتساڵ چونکە یەکێکە لە وەرزشە دیارەکانی جیھان، زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵانیش دەکەم کە بەبێ جیاوازی خزمەتی وەرزشی شارەکانی کوردستان دەکات.

Top