کێشەی سەرەکیمان نەبوونی گۆڕەپانێکی وەرزشییە بۆ مەشقکردن
کێشەی سەرەکیمان نەبوونی گۆڕەپانێکی وەرزشییە بۆ مەشقکردن
کۆڕاز نەسردەین لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٠ی شاری سلێمانییە و یاریزانی ھەڵبژاردەی عێراق و یانەی جەیشی شاری بەغدایە و یەکێکە لە وەرزشکارە دیارەکانی شاری سلێمانی کە خولیایەکی یەکجار زۆری بۆ پێشبڕکێیەکانی ئەسپسواری ھەیە و دەیەوێت ئەگەرچی تەمەنی بچووکە، بەڵام ھەنگاوی گەورە بەرەو یارییە نێودەوڵەتییەکان ھەڵبگرێت. وەک خۆی باسیدەکات لە رێگای باوکیەوە خولیایەکی زۆری بۆ ئەم یارییە پەیدا کردووە، ھەرباوکیشی راھێنەریەتی و مەشقی پێدەکات، بۆ ئەوەی لە داھاتوو بتوانێ بەشداری لە پاڵەوانیەتییەکانی نێودەوڵەتی بکات، ئەو لاوە سوارچاکە ھەموو ھەولێک دەدات بۆ ئەوەی بتوانێ لە داھاتوو ئەنجامی باش بەدەست بھێنێ. لەم دیمانەیەدا چەند پرسیارێکمان ئاراستە کردو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*چۆن بوو یاریی ئەسپسواریت ھەڵبژارد؟
- ئەو یارییە گرنگییەکی زۆری ھەبووە لە ژیانی من، جگە لەوەش لە باوکمەوە فێربووم لە بەر ئەوەی ھەر خۆی راھێنەری سوارچاکی بووەو ئەسپیشمان ھەبووە، باوکیشم حەزی لێ بووە ئێمەش بچینە سەر رێچکەی ئەو.
*ئاستی ئەم یارییە لە کوردستان چۆن دەبینی؟
- یاریی ئەسپسواری لە کوردستان ھەوڵی باشی بۆ نەدراوە بۆ ئەوەی بتوانێ بەرەوپێشی ببەن، پێویستە گرنگیی زیاتر بە توانای یاریزانان بدەن و خولی بەردەوام بکرێتەوە.
*بۆچی لە کوردستان وەکو پێویست گرنگی بەم یارییە نادرێت؟
- لەبەر ئەوەی کادیری سوارچاکیمان نییە لە کوردستان، ھەرچەندە بەش بەحاڵی خۆم کادیرم ھەیە کە باوکمە و گرنگیی زۆریش بە توانای خۆم دەدەم، بۆیە پێویستە کادیر دروست بکرێ لە شارەکانی کوردستان.
*چی بکرێت باشە بۆ بەرەوپێشچوونی ئەم یارییە؟
- لێژنەی ئۆلمپی کوردستان بەردەوام گرنگی بەتوانای یاریزانان بدات و خولیان بۆ بکاتەوە، یانەی ئەسپسواری بکرێتەوە و سەر بە لێژنەی ئۆلمپی بێت، ھاوکاری تیپەکانیش بکرێت لە گشت روویەکەوە.
*ساڵانە کردنەوەی یەک دوو پێشبڕکێی ئەسپسواری بە بەشداری ژمارەیەکی کەمی یاریزان ئایا دەبێتە ھۆی پێشکەوتنی ئاستی ئەم یارییە؟
- بە دڵنیایەوە باشە بە مەرجێک لێژنەی ئۆلمپی کوردستان بەڕێوەی ببات، نەوەک کۆمپانیایەکی بارزگانی، ھەر چەند خول زیاتر بکرێتەوە، گرنگیی زیاتری دەبێت .
*کێشەو گرفتان لەم یارییە چییە؟
-کێشەی ھەرە سەرەکی ئەم یارییە لە کوردستان نەبوونی گۆڕەپانێکی وەرزشیە بۆ مەشقکردنمان، ئەوەش گرفتی نەک بۆ من، بەڵکو بۆ ھەموو یاریزانانی کوردستان دروست کردووە، جگە لەوەش نەبوونی خولی بەردەوام، ئەوانە ھەمووی کێشەن بۆ یاریزانان.
*بۆ حەز یان بۆ وەرزش ئەم یارییە ئەنجام دەدیت؟
-ھەر دووکی، چونکە حەزێکی زۆرم ھەیە بۆ ئەم یارییە، جگە لەوەش وەرزشێکی خۆشیشە چێژێکی زۆری لێ دەبینم.
*ھیچ کات تووشی کێشە و گرفت یان رووداوی نەخوازراو نەبوویت لەم یارییە؟
-ھیچ کات گرفتمان بۆ دروست نەبووە، ئەم یارییەش پێویستی بە ئامادەکاری و شارەزایی باش ھەیە، بۆ ئەوەی بتوانی یارییەکە بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدەی .
*ھیواو ئاواتت وەکو وەرزشکارێکی ئەسپسواری چییە؟
- بەھیوای ئەوەم بتوانم ئەنجامی باشتر بەدەست بھێنم، جگە لەوەش بەشداری لە پاڵەوانیەتی جیھانی بکەم.
*ئەگەر شتێکت ماوە؟
-داواکارم لە بەرپرسانی وەرزشی گرنگیی زیاتر بە تواناکانی یاریزانان بدەن و خولی بەردەوام بکرێتەوە، سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵانیش خزمەتیان بەرچاوە لە گشت وەرزشەکان ھەمیشە پێشەنگن لە خزمەتکردن.