بەرنامەی زۆرم ھەیە بۆ ئەوەی بتوانم پەرە بە وەرزشەکەم بدەم
بەرنامەی زۆرم ھەیە بۆ ئەوەی بتوانم پەرە بە وەرزشەکەم بدەم
یاری کیک بۆکسێنگ یەکێک لەو یارییە تاکانەی کە یاریزانە کوردەکان چەندین ئەنجامی بەرچاویان لەسەر ئاستی جیھان بە ناوی کوردستان و ئاڵای کوردستان بەدەستھێناوە، یەکێک لەو یاریزانانەی کە لە ئێستادا تیپێکی بەناوی کوردستان لە ووڵاتی ئەڵمانیا بەشداری کردوە خۆشی وەکو راھێنەر و یاریزان بەشداری یارییەکان دەکات بڕیاریشە لە ئایندە بە ناوی کوردستانیش بەشداری چەند پاڵەوانیەتیەک بکەن، ئەویش یونس جەمال ی یاریزانی پێشووی یانەی شەقلاوەیە، جگە لەوەش لە ماوەی رابردوو توانی لە کێشی ٧٥کگم ببێتە پاڵەوانی جیھانی لە ووڵاتی ئەڵمانیا ناوبراو لەدایک بووی ساڵی ١٩٩٣ی شاری ھەولێرە خاوەنی چەندین ئەنجامی بەرچاوە ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە کارزان کانەبی
*ماوەیەکی زۆرە لە دەرەوەی ووڵاتی بۆچی کوردستانت جێھیشت؟
- لە ئەوروپا باشتر بۆم دەنگونجێ ، ئەوەی لە ئەوروپا دەتوانم بیکەم ھەرگیز لە کوردستان بۆم نە دەکرا بیکەم بە تایبەتی بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی وەرزشیم.
*بەرنامەت چیە بۆ بەرەوو پێش چوونی وەرزشەکەت کە تا ئێستاش دەستبەردار نەبوویت؟
-بەرنامەی زۆرم ھەیە بۆ ئەوەی بتوانم پەرە بە وەرزشەکەم بدەم پەنا بەخوا کاری باش دەکەم لە کاتێکی نزیکدا ھۆلێکی کیک بۆکسینگ بکەمەوە و تیپەکەشم ناوی (NBD)یە
*بەدەست ھێنانی ئەو ھەموو ئەنجامە باشەی تۆ لە دەرەوە بۆچی دەگەرێتەوە؟
- من لە ئەوروپا زیاتر بەرەوو پێش چووم زیاتر چاوم کراوەتر بووە کۆمەڵە خۆشەویست و ھاوکاریو ھاندەرێکم بۆ درووست بووە و بەردەوام ھانم دەدەن بۆ بەدەستھێنانی ئەنجامی گەورەتر.
*ئاستی یارییەکەت لە نێوان کوردستان و ئەڵمانیا لە چی دەبینی؟
- لە کوردستان تەنھا خول دەخەنە چاوی یاریزان و فێل لە یاریزان دەکەن بە ناوی بەرەووپێش چوون، بەڵام لە ووڵاتی ئەڵمانیا پێشوەچوونێکی زۆر ھەیە و یاریزانی بەتوانا خزمەت دەکرێت ئاستی ئێرە زۆر بەرەووپێشچووە.
*بە بۆچوونی تۆ چی بکرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی وەرزشی لە کوردستان بەرز بێتەوە؟
-دەبێ چەند کەسێکی ئەکادیمی دابنرێت لە کوردستان ، لای خۆمان ھەر کەس بۆ خۆی حاکمێکە کەسی وایان دانەوە نازانێت وەرزش چیە خۆی بە کەیک بۆکسینگ شۆرکردیتەوە.
*بڕیاری گەڕانەوەت نەداوە بۆ کوردستان بۆ کردنەوەی ئەکادیمایەک؟
- بەلێ لە بەرنامەم دایە و ئاواتە ئەوەیە لە کوردستان ئەکادیمیایەکی پرۆفیشناڵ بکەمەوە بۆ بەرەووپێشچوونی یاریزانە کوردەکان کە تا ئێستا لە کوردستان شتێکی وا نەکراوە.
*چەند یانەیەکی ئەوروپا داوای یاری کردنیان لێ کردبووی چۆن بوو لەگەڵیان رێک نەکەوتی؟
-راستە چەندین یانە داوای گرێبەستیان لێم کردووە، بەڵام من دەمەوێ کەسێکی سەربەخۆبم بۆ ئەوەی ھەمیشە بتوانم بۆ کوردستان یاری بکەم.
*ھەڵبژاردە جیھانیەکانیش داوایان لێ نەکردووی بۆ یاری کردن؟
-بەلێ ھەڵبژاردەی ئەڵمانیا داوای لێکردم، بەڵام چەند مەرجێکی قورسی تێدا بوو وەک ئەوەی من دەبوایە جگە لە ئاڵای ئەڵمانیا ھیچ ئاڵایەکی تر بەرز نەکەمەوە منیش ئەوەم قبول نەکرد.
*زۆر جار لە پاڵەوانیەتیەکان بە ئاڵای کوردستان دەردەکەوێت ھۆکاری چییە؟
-من ھەمیشە شانازی بە کوردبوونی خۆم دەکەم دەمەوێت ھەموو جیھان بزانێت کورد خاوەنی یاریزانی بەتوانایە، ئێمەش ھیچمان لە ووڵاتانی تر کەمتر نییە بگرە باشتریشین.
*بەرنامەت چییە بۆ داھاتوو؟
- لە داھاتوودا پشتیوان بە خوا زۆر لەوە زیاتر دەکەم کە لە ماوەی رابردوو کردوومە خۆم و کۆمەڵە یاریزانێکم بۆ کوردستان یاری دەکەین لەداھاتوو بە ناوی کوردستانیش بەشداری چەندین پاڵەوانیەتی دەکەین لە ئەوروپا.
*خەونی وەرزشیت چیە وەکو یاریزانێک؟
-خەونم ئەوەیە وەکو باشترین راھێنەری جیھان دەرکەوم یاریزانەکانم ببن بە باشترینی جیھان.
*دەتەوێت لە کۆتایدا چی بلێ؟
-زۆر سوپاسی ئەو کەسانە دەکەم کە ھەمیشە پاڵپشتم بووە کە فێری یاری کیک بۆکسینگی کردم کە وای لێ کردم باوەڕم بەخۆم بکەم ھەمیشە بەردەوام بم و ناھێلم ماندووبوونی بە فیرۆ بچێت ئەویش مامۆستا رزگار حمە ئەمین،سوباسی باوکی خۆشەویستم و کاک جەمال زەنگەنە کە زۆر ھاوکارمن سوپاس بۆ گۆاری گوڵان کە بەردەوام لە خەمی وەرزشکارانی کوردستانن لە ھەموولایەک بەسەریان دەکەنەوە کارێکی پیرۆز دەکەن بۆ خزمەت کردن بە وەرزش لە کوردستان.