پێشمەرگەی ھەولێر ئامانجی گۆڕاوە
تیپی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگەی ھەولێر ھاوینە ھەواری پیرمام ئەم وەرزە لە یارییەکانی خولی نایابی یانەکانی کوردستان ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە سەرەڕای رۆیشتنی ژمارەیەک یاریزانی سوپەری یانەکە لە وەرزی رابردوو، بەڵام دەستەی راھێنەرانی پێشمەرگەی ھەولێر متمانەی تەواویان بە یاریزانە لاوەکانیان ھەیە بۆیە دەیانەوێ درێژە بە ئاست وئەنجامەکانیان بدەن لە خولی نایابی کوردستان، لەم بارەشەوە سەمیر بابۆ راھێنەری تیپی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگەی ھەولێر بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی" وەکودەستەی راھێنەران تا ئێستا لە ئاستی یاریزانەکانمان رازین کە توانیویانە ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەن لە یارییەکانی رابردوو، ئێستا ئومێدی دیکەشم بەم یاریزانانە ھەیە کە زۆربەیان لاون و دەتوانین شتی باشتریش پێشکەش بکەن، چونکە خولی کوردستان جارێک زۆری ماوە ئەو یاریزانانەی ئێمەش لە ئاستێکی زۆر باشن و جێگای ستایش کردنن وەکو راھێنەر ئومێدی گەورەم بەوانە کە بتوانن یاری بۆ یاری ئاستی باشتر و شتی تازەتر پێشکەش بکەن، لە بارەی ھەبوونی گرفتیش گوتی" ھیچ گرفتێکمان نییە و تەنیا دەمانەوێ بەم ئاستە بەردەوام بین ھەرچەندە گرفتمان لە یاریزانێکی پیشەگەر ھەیە کە تووشی پێکانی قورس بووە، بەڵام ھەوڵ دەدەین ئەوەش چارەسەر بکەین، ئێستاش دەمانەوێ لە خانەکانی پێشەوەی ریزبەندی یانەکان زیاتر پێش بکەین و پارێزگاری لە ئاست و ئەنجامان بکەین لە ھەفتەکانی داھاتوو ھەرچەندە ئاستی یانەکانی تریش باشە و ھەموویان لە ژمارەی خاڵیشەوە لێک نزیکە، بەڵام ئومێدی ئێمە ئێستا گۆڕاوە بۆ ئەوەی بتوانین بەم ئاستە باشە بەردەوام بین و ژمارەی خاڵەکانیشمان زیاتر زیاد بکەین.
کارزان کانەبی