ھەوڵی بەرەووپێشچوون و خزمەتکردنێکی زۆر بە وەرزش دەدەم

ھەوڵی بەرەووپێشچوون و خزمەتکردنێکی زۆر بە وەرزش دەدەم
ئیمان بەرزان یاریزانی فوتساڵی یانەی سیروانی نوێ
ھەوڵی بەرەووپێشچوون و خزمەتکردنێکی زۆر بە وەرزش دەدەم
تیپی فوتساڵی یانەی سیروانی نوێ یەکێک لەو تیپانەی کە گرنگی بە یارییەکانی کچان دەدەن لە شاری سلێمانی، یانەکەش بە ئامانجی پێشخستنی ئاستی یاری فوتساڵ لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ وەرزی نوێ خولی فوتساڵی کچان تیپێکی تۆکمەی پڕ لە یاریزانی بەتوانای لە یانەکە کۆکردۆتەوە بۆ ئەوەی لە داھاتوودا بتوانێ بەم کچە یاریزانانە کێبرکێ لەسەر ئەنجامی شایستە بکات لە خولی فوتساڵی نایابی کوردستان بکات ، یەکێک لە کچە یاریزانە بەتواناکانی یانەکە کچە یاریزان ئیمان بەرزان ە ناوبراو لەدایک بووی ساڵی ٢٠٠٠ی شاری سلێمانیە و قوتابی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشیە لە زانکۆی ھەڵەبجە پێشووتریش بۆ ھەریەک لە یانەکانی شەھیدان و ھەڵەبجەی تازە و ئێستاش لە یانەی سیروانی نوێیە ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە:کارزان کانەبی
* چۆن بوو بڕیارت دا بێتە نێو جیھانی وەرزشی؟
-ھەر لە تەمەنی منداڵیەوە خولیاو ئارەزووی زۆری وەرزشیم ھەبووە ھەمیشە ھەوڵێکی زۆرم داوە تا بەردەوام بم و ببینرێم لە یاریگاکان.
*لە ناو ئەو ھەموو یارییە جۆراوجۆرە چۆن بوو بڕیارت دا یاری فوتساڵ ھەڵبژێری؟
-لە راستیدا چونکە یارییەکی زۆر بڵاوە و توانا و لێھاتوویەکی باشم ھەبووە لەیاری تۆپی پێی بۆیە ئەو یارییەم لە ھەموویان پێ باشتر بوو کە دەمتوانی تێدا سەرکەوتووبم.
* ئاستی یاری تۆپی پێی چۆن دەبینی لە کوردستان بە تایبەت لە ئاستی کچان؟
- تاڕادەیەک ئاستێکی باشی ھەیە، وە لە چاو ساڵانی رابردوو کۆمەلێک گۆڕانکاری باش کراوە، بەڵام بە بەداخەوە بۆ زۆرترین کردنەوەی خولی فوتساڵی کچان ھەوڵی زۆر باش نەدراوە.
*چی بکرێ باشە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە لە شارەکانی کوردستان بەرز بکرێتەوە؟
-زۆری کردنەوەی خول و پاڵەوانیەتی و تەرخانکردنی پارەیەکی باش و کردنەوە دابین کردنی یاریگا و زۆر خزمەتکردنی یانەکان و ھەوڵی بەردەوام بۆ بەرەووپێشچوونی ئەم یارییە زۆر شتی دیکەش ھەیە بکرێت.
*گرفتی یاری تۆپی پێی لە یانەکەتان لە چی دەبینی؟
-نەبوونی یاریگاو ھاوکاری نەکردنی یانە بۆ دابین کردنی پارە بۆ یاریزانان و کڕینی جل وبەرگ و پێداویستیەکانی راھێنان ئەوانە ھەمووی گرفتن لە وەرزش کردن، بەڵام سوپاس بۆ خوا وێرای ئەوانەش خۆمان بەردەوامین.
*لە ھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش کراوە؟
-بەلێ ئەمساڵ وەکو یاریزانێک پەیوەندیم بە یانەی سیروانی نوێ شاری سلێمانی کردووە.
* بەھیوای چیت لە ژیانی وەرزشیت؟
-ھەر لە بوارەکەی خۆمدا ھەوڵی بەرەووپێچوون و خزمەتکردنێکی زۆر بە وەرزش دەدەم پەنا بەخوای گەورە.
*قەیرانی دارایی تاچەند کاری کردۆتە سەر یاری تۆپی پێی ؟
- ئەتوانم بلێم لاواز بوون و ھەڵوەشاندنەوەی یارییەکان و بە زۆری تۆپی پێی قەیرانی دارایی ھۆکاریی سەرەکییە.
*گرفتی یاری تۆپی پێی لە چی دەبینی لە شاری سلێمانی؟
-خزمەت نەکردن بەم یارییە و ھەوڵنەدان بۆ کردنەوەی زۆرترین خول نەبوونی یاریگا و زۆر ھۆکاری تر ئەوانەھەمووی گرفتن.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-ھیواخوازم سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان و ئەندامانی یەکێیتەکە زۆرترین ھەوڵ بدەن بۆ خزمەتکردن و بەرەووپێشبردنی وەرزش لە کوردستان، زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان ھەموو کات لە خزمەتی وەرزشی ناوەخۆیە ئەوەش ھۆکارێکی باشە بۆ وەرزشکاران کە گۆڤارێک بەم جۆرە خزمەت بکات.

Top