ئارام ئەمین پاڵەوانی لەشجوانی جیھانی خۆی بۆ چەند پاڵەوانیەتیەکی تر ئامادەدەکات
لە ماوەی رابردوو چەندین کوڕە یاریزانی شاروشارۆچکەکانی کوردستان بەشدارییان لە پاڵەوانیەتیە نێودەوڵەتیەکان کرد لەیاری لەش جوانی و لەش رێکی لە ووڵاتە جیاوازەکانی ئەوروپا و چەندین مەدالیای جۆراوجۆریان بەدەست ھێنان ئارام ئەمین پاڵەوان و راھێنەری نێودەوڵەتی ئەم یارییە لە ماوەی رابردوو توانی بەشداری ژمارەیەک لە پاڵەوانیەتی لەش جوانی بکات لە ژمارەیەک لە ووڵاتانی ئەوروپا و توانی چوار مەدالیای بەدەستھێنا و ئێستاش بەردەوامە لە مەشقەکانی بۆ بەشداری کردن لە پاڵەوانیەتی زیاتر لەم بارەشەوە ئارام ئەمین بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی" لە ماوەی رابردوو بەشداریم لە شەش پاڵەوانیەتی کرد لەسەر ئاستی جیھان لە چەند وولاتێکی ئەوروپی و توانیم چوار مەدالیا زیو و برۆنز بەدەست بھێنم، بەدەستھێنانی ئەو ئەنجامانەش لەم پاڵەوانیەتیە بۆ من وەکو یاریزانێکی زۆر گرنگ بوو بەھیوای ئەوەشم لە جاری داھاتوو بتوانم ئەنجامی باشتر بەدەست بھێنم و ببمە پاڵەوانی ئەوروپا، گوتیشی ئێستاش سەرقالی ئامادەکاری زیاترم بۆ ئەوەی لە پاڵەوانیەتیەکانی داھاتوو لەسەر ئاستی ووڵاتانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بەشداری بکەم و ئەنجامی باشتر و گەورەتر بۆ ھەرێمی کوردستان بە ئاڵای کوردستان بەدەست بھێنم، لە بارەی لەئەستۆ گرتنی ئەرکی مەسروفاتی یارییەکانیش گوتی" ھیچ کەسێک ھاوکاری منی نەکردووە زیاتر لە دە ھەزار دۆلارم لەسەر ئەرکی خۆم سەرف کردووە وەکو یاریزانێک کە من خولیایەکی زۆرم بۆ ئەم یارییەم ھەیە، لە بارەی مەشقەکانیش گوتی" من راھێنەرم و خاوەنی ھۆڵم لە ھۆڵەکەی خۆم مەشقەکانم رێکخستووە و لەوێیەوە پەرەم بەتواناکانی خۆم داوە وەکو راھێنەر و یاریزانێک بۆ ئەوەی بتوانم لە زۆرترین پاڵەوانیەتی بەشداری بکەم و ئەنجامم ھەبێت،گوتیشی ھەموو ھەولێکی منیش بۆ ئەوەیە بە پاڵەوانی جیھان بەشداری بکەم و بتوانم ئاڵای کوردستان لەو پاڵەوانیەتیە بەرز بکەمەوە و بە ئەنجامی دڵخۆشکەر بگەرێمەوە باشوری کوردستان ، گوتیشی تاکو ئێستا ھیچ گرفتێکم نییە داواکارم لە بەرپرسانی وەرزشی لە ھەرێمی کوردستان ھاوکاری وەرزشکاران بکەن وەکو ھەموو وەرزشەکان و بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین ئەنجامی گەورەتر بۆ ھەرێمی کوردستان دەستەبەر بکەین.
گۆران کاوە