بیرم لەوە کردۆتەوە کە تیپێکی تۆپی پێی کچان دروست بکەم

بیرم لەوە کردۆتەوە کە تیپێکی تۆپی پێی کچان دروست بکەم
ژینگە محەممەد راھێنەری فێرگەی منداڵانی قەڵادزێ
بیرم لەوە کردۆتەوە کە تیپێکی تۆپی پێی کچان دروست بکەم
یاری تۆپی پێی لە ئێستادا جیھانی بە خۆیەوە سەرقال کردووە بەھۆی ھەبوونی چەندین ئەستێرە، لە شارەکانی کوردستانیش بە کردنەوەی چەندین فێرگەی تۆپی پێی رۆژانە رێژەیەکی زۆر لەمنداڵانی قەزا و ناحیەکان روو لە فێرگەکان دەکەن، قەزای قەڵادزێ یەکێک لەو قەزا بەفراوانانەی کە ناوچەیەکی بەرفراوان لە خۆ دەگرێت خاوەنی چەندین وەرزشکارانی بەتوانایە لە سەر ئاستی کوردستان لە یارییە جۆراوجۆرەکان تیپی تۆپی پێی فێرگەی ئەو شارەش یەکێک لەم تیپانەی کە خاوەنی ژمارەیەک لە یاریزانانی بەتوانایە لەسەر ئاستی کوردستان، یەکێک لەم ئافرەتە وەرزشوانانەی کەرۆلێکی باڵای ھەیە لە ناوچەکە لە بواری راھێنەری ئەویش ژینگە محەممەدە ناوبراو بە تەمەن بچووکە ،بەڵام ھیوای یەکجار زۆری ھەیە ، ئەو لەدایک بووی ساڵی ٢٠٠٠ی شاری قەڵادزێیە و ئەو راھینەری تیپی فێرگەی کچانە لە شارەکەو قوتابی پەیمانگای وەرزشیە لە قەزای رانیە لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
فۆتۆ: ئاراس بارتێز
*چۆن بوو بواری ناوبژیوانیت ھەڵبژارد؟
-من ھەر لەمنداڵیەوە خولیای تۆپی پێم ھەبوەو، وە نەبونی یان کەمی ڕاھێنەری کچ وای کرد من بیر لەڕاھێنەرایەتی بکەمەوەو.دەمەوێ لەو تەمەنە بچوکەوە خزمەت بەتۆپی پێ بکەم .
*ھەست ناکەی یارییەکی قورست ھەڵبژاردوە کە ئەویش تۆپی پێی بۆ ئێوەی ئافرەت؟
- ڕاستە کارێکی قورسە بەڵام من حەزە وەرزشیەکەم زاڵە بەسەر ھەموو کۆسپەکان.
*بیرت لەوە نەکردۆتەوە تیپێکی تۆی پێی کچان دروست بکەی لە شاری قەڵادزێ؟
- بێگومان بیرم لەوە کردۆتەوە کە تیپێکی تۆپی پێی کچان دروست بکەم وە لە ئێستادا لە فێرگەکەمان فێرگەی تۆپی پێی منداڵانی قەڵادزێ بەشی کچانمان کردۆتەوە و بەشێوەیەکی ئەکادیمی کچەکان فێری یاری تۆپی پێ دەکرێن .
*ئاستی یاری تۆپی پێی کچان چۆن دەبینی لە کوردستان؟
- واھەست دەکەم وردە وردە وەرزش لەکوردستان بەرەو پێش دەچێت.داواکارم کچان متمانەیان بەخۆیان ھەبێت و بێنە ساحەکەوە.
* چی بکرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە لە کوردستان بەرەوو پێش بچێت؟
-دەبێت لەھەموو شارو شارۆچکەکان فێرگەی تۆپی پێ ھەبێت.وە یاریزانان لەبەرامبەر ئەوەی خۆیان یەکلایی کردۆتەوە بۆو وەرزشە دەبێت دەستکەوتێکی ماددی ھەبێت.
*بەرنامەت چیە بۆ خۆت وەکو ئافرەتێکی وەرزشکار؟
- وەک باسم کرد لەبەرنامەم داھەیە لەداھاتودا تیپێکی تۆپی پێی کچان دروست بکەم .
*ھیواو و ئاواتت وەکو کچە وەرزشکارێک؟
- ھیوادارم بتوانم ڕێگە خۆشکەرێک بم بۆ ھەموو ئەو ئافرەتانەی دەیانھەوێت لە بواری وەرزش بێنە پێشەوە وەھیوادارم بتوانم کارێک بکەم کە وەرزشی ئافرەتان بەرەو پێش بچێت وەلەداھاتودا ڕاھێنەرایەتی تیپی کچان و کوڕانیش بکەم وە ھیوادارم پلەی خوێندنی دکتۆرا لە بواری وەرزش بەدەست بھێنم و ھیوادارم ڕۆژێک بێت یاری بۆ ھەڵبژاردەی کوردستان بکەم
*چی بەو کچانە دەلێ ھاتنە نێو بواری ناوبژیوانی؟
- ڕاستە لە کوردستان ئافرەت بیت وە کاری ڕاھێنەرایەتی بکەی ئاسان نییە بۆیە من بەھەموو ئەوکچانەی کاری ڕاھێنەرایەتی دەکەن ئەڵێم مەوەستن سارد مەبنەوە دەست بە خەونەکانتان بگرن و بەردەوام بن چونکە نەوەیەکی تەندروست و ڕۆشنبیر و سەرکەوتوو لەدەستی ئێوە دایە وە کوردستانیش پێویست بە نەوەیەکی لەم جۆرەیە
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
- ھیوادارم زیاتر پەرە بەفێرگەکانی تۆپی پێ بدەن و داواکارم بەھەمان شێوەی کوڕان گرنگی بە کچە وەرزشکارەکانیش بدرێت.
*ھۆکاری چیە کچان نایەنە نێو بواری وەرزشی لە کوردستان؟
- بەشێوەیەکی گشتی لەکۆمەڵگەی ئێمە کاری کچ ناو ماڵ وخزمەتکردن و فەرمانبەری و کاری دروومانیە و دوورن لەخولیای وەرزشی.
*بیستومانە ماوەیەکە نیازی واز ھێنانت ھەیە لە بواری تۆپی پێی ھۆکاری چییە؟
- لە ئێستادا بۆ ماوەیەکی کاتی وازم لە یاری تۆپی پێ ھێناوە ھۆکاری واز ھێنانەکەشم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە قەڵادزێ ھیچ گرینگی بە وەرزشی ئافرەتان نادرێت و کەسێکی خەم خۆر نییە تا گرینگی بە تیپی کچان بدات و ڕاھێنەرایەتی وسەرپەرشتیان بکات من وازم ھێنا بۆ ئەوەی ئەو کچانەی دوای من دەست بە یاریکردن دەکەن بێ ڕاھێنەر و سەرپەرشتیار نەبن وە کەسێک ھەبێت گرینگیان پێ بدات و خەمخۆریان بێت.
-ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاسی خێزانەکەم دەکەم کە ھەمیشە پاڵپشتم بوون زۆر سوپاسی مامۆستاکانی قوتابخانەم و پەیمانگام دەکەم زانیاری زۆر باش لە ئەوانەوە فێر بووم زۆر سوپاسی ڕاھێنەرانی فێرگەی تۆپی پێی منداڵانی قەڵادزێ دەکەم بەتایبەت مامۆستا عبدلڕەحمان ئەحمەد و مامۆستا فەرەیدون ئەحمەد ھەمیشە پاڵپشتم بوون و فێریان کردووم چاونەترسانە کارەکانم ئەنجام بدەم زۆر سوپاسی فۆتۆگرافەری وەرزشی شارەکەم ئاراس بارتێز دەکەم وە زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ بەسەرکردنەوەی یاریزانان لە شارەکانی کوردستان



Top