ھیوادارم ھەڵبژاردەی کوردستان درووست بکرێت

ھیوادارم ھەڵبژاردەی کوردستان درووست بکرێت
شنیار یاریزانی فوتساڵی یانەی ھەڵەبجەی شەھید
ھیوادارم ھەڵبژاردەی کوردستان درووست بکرێت
تیپی فوتساڵی یانەی ھەڵەبجە یەکێک لەو تیپانەی کە گرنگی بە یارییەکانی کچان دەدەن لە دەڤەرەکەیان، یانەکەش بە ئامانجی پێشخستنی ئاستی یاری فوتساڵ لە سنوری ھەڵەبجە تیپێکی تۆکمەی پڕ لە یاریزانی بەتوانای لە یانەکە کۆکردۆتەوە بۆ ئەوەی لە داھاتوودا بتوانێ بەم کچە یاریزانانە کێبرکێ لەسەر ئەنجامی شایستە بکات لە خولی فوتساڵی کوردستان ، یەکێک لە کچە یاریزانە بەتواناکانی یانەکە کچە یاریزان شنیار نەجم ە ناوبراو لەدایک بووی ساڵی ١٩٩٧ی شاری ھەڵەبجەیە و قوتابی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشیە لە زانکۆی ھەڵەبجەئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە:کارزان کانەبی
Shwaeb Sazaniفۆتۆ:

* بە شێوەیەکی گشتی ئاستی یاری فوتساڵ چۆن دەبینی لە کوردستان، ئایا پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینیوە؟
-ئاستی یاری فوتساڵ لە کوردستان لە ئاستێکی مام ناوەند دەبینم ھۆکاریش زۆرن بۆ ئەمە یەکێک لە ھۆکارەکان ھیچ گرنگی بەم وەرزشە نەدراوە لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی کوردستان و نوێنەرایەتی لێژنەی ئۆڵۆمپی و لقەکانی سەرجەم شارەکان تەنھا لەم چەند ساڵەی دوایدا ساڵانە یەکێتی تۆپی پێی ھەڵدەستێت بە کردنەوەی خولی ساڵانە بۆ یانەکان ، یەکێکی تریش لە ھۆکارەکانی خەم ساردی یانەکان بۆ ئەم جۆرە یارییە کە بە پێی پێویست نەیانتوانیوە بڕەوی پێ بدەن، تایبەت بە کچانیش لایەنی کۆمەڵایەتی بەداخەوە زۆربەی خێزانەکان رێگرن لەوەی منداڵەکانیان لە چاڵاکیە وەرزشیەکان بەشداری بکەن.
*ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوو پێش نەچێت؟
- بە دڵنیاییەوە کردنەوەی خولەکان یەکێکە لەو ھۆکارانەی ئەم یارییە بەرەووپێشبڕوات یاریزانێکی زۆر بەتوانن رووبکەنە ئەم یارییە، بەڵام بەداخەوە بە درێژایی ساڵ تەنھا یەک خول دەکرێتەوە ، ئەویش نابێتە ھۆی ئەوەی بتوانیت ئاستی راستەقینەی خۆی دەربخەیت، وە کەمی تیپەکان ھۆکارێکە بۆ ئەوەی نەتوانن ساڵانە خولی جیاواز بکرێتەوە ئەگەر بەنموونەش بیھێننەوە لە سنوری پارێزگای ھەڵەبجەو سلێمانی تەنھا دوو تیپی فوتساڵی کچان ھەیە ئەویش کچانی ھەڵەبجە و کچانی ئەفرۆدێتە.
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری فوستاڵی کچان بەرەوو پێش بچێت لە یانەکان و شارەکانی کوردستان؟
-پێش ھەموو شتێک کەسانی پسپۆر و وەرزشی بێنە پێشەوە بەتایبەت لە رەگەزی مێ بۆ ئەوەی بتوانێت کۆمەلێک کەسی ھاورەگەزی خۆی بێنێتە پێشەوە بۆ ئەو کارو چاڵاکیەکان پاشن یانەکان پاڵپشتی بەھێزی ئەم جۆرە چاڵاکیە بن لە دابین کردنی ھۆڵ و پێداویستی وەرزشی بۆ ئەوەی بتوانن زۆرێک لە یاریزانەکان حەز بەم جۆرە وەرزشە بکەن.
*گرفتی یارییەکانی فوتساڵ لە چی دەبینی زیاتر ؟
-نەبوونی یاریزان وەکو پێویست یەکێکە لە گرفتە سەرەکیەکانی ئەم وەرزشە، پاشان نەبوونی کەسانی پسپۆر بە تایبەت راھێنەر وە نەبوونی ھۆڵ بۆ سەرجەم پێداویستیەکان کە لە سەرەوە ئاماژەم پێکردووە.
*لە ھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش نەکراوە؟
-تاکو ئێستا نەخێر تەنیا لە ھەڵەبجە بەردەوامم لە یاری کردن، گرێبەست پێشکەش کردن پەیوەستە بە کردنەوەی خولەکان بۆ ئەوەی بتوانێت ئاستی راستەقینەی خۆت پێشکەش بکەین، بەڵام تا ئێستا ئەو ھەلەم بۆ نەرەخساوە.
*بەنیازی چی بۆ داھاتووی خۆت وەکو کچە یاریزانێک؟
-تا بتوانم ئاستم جێگیر بێت و بەردەوام دەبم لە یاری کردن پاشان وەک زۆربەی یاریزانان دوای ئەوە ببمە راھێنەر و بتوانم خزمەتێکی گەورە بە کچانی شارەکەم بکەم.
*لەگەڵ ئەوەی یانەکان پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن لە یانەکانی کوردستان؟
-لە ھەموو جیھان وایە بوونی یاریزانی بیانی و راھێنەر سوودی لێ وەردەگیرێ ھەم بۆ یاریزانان لە رووی تەکنیکەوە ھەم خولەکان گەرم و گوری زیاتری پێوە دیار دەبێ، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەینێت یاریزانی خۆت پشتگوێ بخەیت بە پێی پێویست بتوانێت سودیان لێ وەربگرێت.
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-پێشنیار دەکەم یانەکان و بەرپرسانی وەرزشی زیاتر خزمەتی ئەم وەرزشە بکەن بە درووست کردنی تیپ و دانانی کەسانی پسپۆڕ لەم بوارەدا پاشان دابین کردنی ھۆڵ و پێداویستیەکان بۆ کاتی مەشقەکان وە کردنەوەی چەندین خول لە سالێکدا بۆ ئەوەی یانەکان بتوانن بۆ خولە فەرمیەکان خۆیان ئامادە بکەن.
*خەونی وەرزشیت چیە وەکو یاریزانێک؟
-تاکە خەونی من ئەوەیە بتوانم ئەم ماوەیە ئاستێکی باش پێشکەش بکەم یانەی ھەڵەبجەش ببێتە پاڵەوانی کوردستان ، دوای ئەوەش ببمە راھێنەرێکی نموونەیی بتوانم خزمەتی وەرزش بکەن لە داھاتوو.
*بەھیوای ئەوەنیت ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ و تۆش یەکێک بیت لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە؟
-بە لێ بەدڵنیاییەوە ھیوادارم ھەڵبژاردەی کوردستان درووست بکرێت پێم وابێت شتێکی گران نییە ئاواتم ئەوەیە بتوانم یەکێک بەم لە یاریزانەکانی و بەشداربین لە خولەکانی دەرەوەی ووڵات.
*بەچ یاریزانێکی جیھانی سەرسامیت؟
-محەممەد سەڵاح یاریزانی یانەی لیڤەرپوول و ھەڵبژاردەی میسر.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ خێزانەکەم کە ھەمیشە پاڵپشت بوون و سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان کە بەردەوام دەرفەت بە وەرزشکاران دەدەن بۆ خستە رووی کەم و کورییەکان.

Top