یانەکان بە یەک چاو سەیر ناکرێن

یانەکان بە یەک چاو سەیر ناکرێن

مێڤان رەشید یاریزانی فوتساڵی یانەی چۆمان
یانەکان بە یەک چاو سەیر ناکرێن
تیپی تۆپی فوتساڵی یانەی چۆمان یەکێک لەو تیپانەی کە وەرزی رابردوو بەشداری کرد لە خولی فوتساڵی نایابی یانەکانی کوردستان وەکونوێنەری یانەکانی دەڤەری سۆران، ھەر چەندە نەیتوانی کێبرکێ لە سەر ئەنجامی نازناوی خولەکە بکات، بەڵام یانەکە خاوەن چەندین کچە یاریزانانی بەتوانایە لە یاری فوتساڵ ، یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانی یانەکەش کچە یاریزان مێڤان رەشیدە ئەو بە ئاستە بەرزەکەی ھەموولایەکی سەرسام کردووە کە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەگەڵ یانەکەی ، ناوبراو لەدایک بووی ساڵی ١٩٩٤ی بادلیانە لە سنوری قەزای سۆران دەرچووی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشیە لە زانکۆی سۆران ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە:کارزان کانەبی
*ئاستی یاری فوتساڵ چۆن دەبینی لە کوردستان؟
-لە ئاستێکی باش نابینم بە گشتی.
*ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوو پێش نەچێت؟
-ئەنجامنەدانی پاڵەوانیەتی کەم ھۆکارێکی سەرەکییە بۆ پێش نەچوونی ئاستی ئەم یارییە، بۆیە پێویستە پاڵەوانیەتی زیاتر بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوپێش بچێت.
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری تۆپی فوتساڵی کچان بەرەوو پێش بچێت؟
-پێویستە ھەموو یانەیەک لە یەک چاو سەیر بکرێن لە رووی مادییەوە ، وە راھێنەرەکانیش خولی زیاتریان بۆ بکرێتەوە بۆ ئەوەی شارەزاتربن لەم بوارە.

*گرفتی یارییەکانی تۆپی پێی فوتساڵ لە چی دەبینی؟
-گرفتەکە لەوە دەبینم کە یانەکان بە یەک چاو سەیر ناکرێن تەنیا یەک دوو یانە نەبێت کە پارەیەکی باشیان بۆ سەرف دەکرێت ئەمەش دەبێتە گرفت بۆ ئەم یانانەی کە باری داراییان باش نییە.
*لە ھیچ یانەیەک داوای یاری کردنت لێ کراوە؟
-بەلێ ژمارەیەک لە یانەکان داوای یاری کردنیان لێم کردووە.
*بەرنامەی داھاتووت چیە بۆ خۆت بۆ وەکو کچە یاریزانێک؟
-دەمەوێت وەک کچە وەرزشکارێکی کورد بەشداری لە پاڵەوانیەتیەکانی دەرەوە بکەم و ناوی کورد و کوردستان بە جیھان بناسێنم.
*لەگەڵ ئەوەی یانەکانی کوردستان پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی دەرەوە ببەستن؟
-تا رادەیەک پێم باشە، چونکە شارەزای زیاتریان لە کارەکەی ھەیە و دەتوانم تاڕادەیەک پێش بکەوێت.
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-داواکاریم ئەوەیە گرینگی زیاتر لە وەرزش و یاری فوتساڵ بدەن و ھۆڵی تایبەت بکەنەوە بۆ کچان لە ھەموو ناوچەکانی کوردستان.
*خەونی وەرزشیت چیە وەکو یاریزانێک؟
-ئێمە وەکو کورد بتوانین بەشداری لە پاڵەوانیەتیە جیھانیەکان بکەین و ئەنجامی باشمان ھەبێت.
*بەھیوای ئەوەنیت ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ و تۆش یەکێک بیت لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە؟
-ئەوە ھیوای ھەموو کچە وەرزشکارێکی کوردە و منیش تامەزرۆی ئەو رۆژەم.
*لە ھەڵبژاردەی تۆپی پێی کچانی عێراق داوا کراوی؟
-بەلێ داوا کراوم چەند جارێک.
*بەچ یاریزانێکی جیھانی سەرسامیت؟
-بە یاریزانی ھەڵبژاردەی فوتساڵی بەرازیل فالکاو.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەکەم کە ھەمیشە پاڵپشتی وەرزشکارانن بە تایبەت لە بواری ئافرەتان بە ھەموو جۆرە وەرزشکانەوە،بەھیوای سەرکەوتن بۆ گشت وەرزشوانێک.


Top