دەمەوێت لە داھاتوودا بەشداری پاڵەوانیەتیەکی گەورە بکەم

دەمەوێت لە داھاتوودا بەشداری پاڵەوانیەتیەکی گەورە بکەم
بەھێز ئیسماعیل یاریزانی بۆکسێنی ھەڵبژاردەی تازەپێگەیشتوانی عێراق
دەمەوێت لە داھاتوودا بەشداری پاڵەوانیەتیەکی گەورە بکەم
یاری بۆکسێن لە شارەکانی کوردستان لە ئێستادا لە ئاستێکی وا بەرز نییە لە چاو یارییەکانی تربەڵام شارەکانی کوردستان خاوەنی ژمارەیەک لە یاریزانانی بەتوانان لەم یارییەدا کە تاکو ئێستا ئەوان بەردەوامن لە گرنگیدان بەم یاریزانانە، بەھێز ئیسماعیل یاریزانی بۆکسێنی بنکەی وەرزش و لاوانی ھەولێر یەکێک لەو یاریزانانەی کە تاکە ئێستا لە چەندین پاڵەوانیەتی لەسەر ئاستی ووڵاتانی دەرەوە و عێراق و کوردستانیش بەشداری کردووە و ئەنجامی شایستەی بەدەست ھێناوە، ناوبراو لەدایک بووی ساڵی ٢٠٠٣ لە شاری ھەولێر ، بەھۆی ئاست بەرزیەوە باوکی بەردەوام لەسەر گیرفان و ئەرکی خۆی بەشداری پاڵەوانیەتیەکانی پێ دەکات ، ناوبراو جگە لە لەھەڵبژاردەی تازەپێگەیشتوانی عێراقی بۆ ھیچ یانەیەک یاری ناکات لەم بارەشەوە گۆڤاری گوڵان چەند پرسیارێکی لێ کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*ئاستی یاری بۆکسێن لە ئاستێکە لە کوردستان؟
-ئەم یارییە گرنگییەکی زۆری پێ نادرێت لەسەر ئاستی کوردستان، بەڵام لە بنکە وەرزشیەکان ھەر گرنگی خۆی ماوە، من سوپاسی بنکەی وەرزش و لاوانی ھەولێر دەکەم کە یاریزانی ئەو بنکەیەم و زیاتر گرنگیان بە ئاستی ئێمە داوە وەکو یاریزان.
*پێت باشە چی بکرێت بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی ئەم یارییە
-کردنەوەی چەندین قوتابخانەی فێرکردن دەبێتە باشترین دەرفەت بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بچێتە قۆناخی باشتر، بڕواشم ھەیە ئەگەر گرنگی بەتوانای یاریزانان بدرێت یاریزانی زۆر ئاست بەرز ھەیە لە شارەکانی کوردستان کە دەتوانن ئەنجامی گەورە بەدەست بھێنن.
* لە ماوەی رابردوو بەشداری کردن لە پاڵەوانیەتی عێراقی لە شاری بەسرا لەسەر ئەرکی خۆت بوو ، ھۆکاری ئەم بەشداری کردنە بۆچی دەگەرێتەوە؟
-بۆ ئەوە بوو کە ئەم ھەرێمە ھیچ خەم خۆری نییە بۆ وەرزشوانان، دەبێ خۆت خەمی خۆت بخۆی و ناوبانگەکەشت بۆ ئەوان بێ.
* لەم پاڵەوانیەتیە بەناوی ھەولێر بەشداریتان کرد بۆچی داوای مەسروفتان لە یانەی ھەولێر نەکرد؟
- ئەوە سەرۆکی یەکێتیەکەمان دەزانێ دەلێ پارەییان نییە کە ئەو ئەنجامەش ھات ھیچ رۆژنامە و تەلەفزیۆنێک چاوپێکەوتنیان نەکرد، تەنیا چەند رۆژنامەوگۆڤارێک نەبێ کەوەکو ئەرکی خۆتان بەم کارە ھەستاون بگرە زۆر کەسیش نازانێ کە ئەم ئەنجامە ھاتووە، بەڵام ئەگەر کەسێک بناسی زۆر شتت بۆ دەکرێ و خەڵک دەتناسێ.
* ھۆکاری چی بوو ناوبژیوانانی یاری بۆکسێن لە بەسرا گرفتیان بۆت درووست کرد کە وەکو یاریزانی کورد بووی،دواتریش ئێوەیان ئاشت کردوە بە راست کردنەوە ئەنجامەکان؟
-لە نێوانی خۆیان کێبرکێ ھەبوو کە سەرۆکی یەکێتی مشتکۆلە کە کورد بوو کاک بەشار گۆرا بۆ بۆ کاک عەلی تەکلیف ، یاریزانانی عێراقیش کاتی خۆی نیازیان وابوو شکست بەم پاڵەوانیەتیە بھێنن ، بەڵام سەرۆکی یەکێتیە ئەوەی زانی کە ویستیان شکست بەم کارە بھێنن بۆیە پێش یاری کۆبوونەوەیان بەھەموو ناوبژیوانان کردووگوتی ھەرکەسێک زولم لە یاریزانێک بکات سەیری ڤیدیۆکان دەکەین دوای پێنج خولەک بڕیاری خۆمان دەدەین ، بۆ یاری منیش زۆر لە یاریزانە کۆنەکانی عێراقی بە جواب ھاتن کە ویستیان غەدرم لێ بکەن لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکانیش لەسەرم بەجواب ھاتن سوپاسیان دەکەم ، ھاندەران فیکەیان بۆ ناوبژیوانان لێدا ، بەم غەدرەش ھەموو عێراق پشتگیری کرد و بووە مایەی ئەوەی کە ئەنجامەم چاک بکەنەوە ببمە یەکەم یاریزانی کورد لە ھەڵبژاردەی تازەپێگەیشتوانی عێراق وەربگیرێم گوتیشان داھاتووی عێراقی تۆ.
*بەشداری کردنت لە چەند پاڵەوانیەتیەکی جیھانی بە تایبەت لە ووڵاتی ئەڵمانیا و لوبنان لەسەر ئەرکی خۆتان بۆچی دەگەرێتەوە؟
-بۆ ئەمە دەگەرێتەوە کە حکومەت ھیچ پشتیگری وەرزشوانان ناکات بەتایبەتی وەرزشوانە تاکییەکان، زۆربەی کات ئاڵای کوردستان لە دەرەوەی ووڵات لەلایان وەرزشوانە تاکەیان بەرز دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی بەردەوام بم لەسەر ئەرکی باوکم بەشداری ئەم پاڵەوانیەتیانەم کردووە و ئەنجامی دڵخۆشکەرم بەدەستھێناوە.
* چ ھەستێکت ھەیە کە تاکە یاریزانی کوردی لە ئاستی تازە پێگەیشتوان لە ھەڵبژاردەی بۆکسێنی عێراقی؟
-من بە خۆشحاڵم کە وەکو تاکە منداڵی کورد توانیم ئەو بەربەستە بشکێنم کە لەمشتەکۆڵە ھەبووە کە تا ئێستا ھیچ مندالێکی کرد نەیتوانیوە ببێت بە یاریزانی ھەڵبژاردەی عێراق.
*بیستومانە تاوەکو ئێستا باوکت بڕی زیاتر لە ٢٠ھەزار دۆلاری لێ سەرف کردووی؟
- بەلێ راستە گەورەترین پشتگیریم کە ھەموو کات لەگەڵم بووە باوکمە خەم خۆر بووە منی ناردۆتە ئەوروپا و ئاسیا لەسەر گیرفانی خۆی ، ھەموو کات خۆم بە قەرزاری دەزانم.
* ھیچ یانەیەک داوای یاری کردنی لێ نەکردووی؟
-بەلێ زۆر یانە پێ گوتومە بۆ یاری کردن، بەڵام من دەمەوێ بۆ شارەکەی خۆم یاری بکەم.
* بەرنامەت چییە بۆ داھاتوو وەکو یاریزانێک؟
-دەمەوێت ببم بەیەکێک لە پاڵەوانەکانی جیھانی وەکو کوردێک.
* بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە پاڵەوانیەتی لە ووڵاتی ئەڵمانیا و لوبنان چ ھەستێکت بۆ درووست کردووی؟
-کاتێک کە ئاڵاکەم بەرز دەکردەوە بۆ ووڵاتەکات ئەوەم دەسەڵماند کە ئێمەش وەکو نەتەوەی کورد ھەین و دەتوانین وەک ھەموو جیھانی بوونی خۆمان بسەڵمێنین ئەمەش گەورەترین سەربەرزییە بۆم.
*پەیامت چییە بۆ بەرپرسانی وەرزشی؟
-بەھیوای ئەوەم وەکو باوکم خەمخۆری وەرزش بن، چونکە وەرزشە دەتوانێ ووڵاتەکەمان بە جیھان بناسێنێ وە یارمەتی وەرزشوانان بدەن.
*خەونی وەرزشیت چییە لە داھاتوو؟
-بتوانم زیاتر گرنگی بە توانای خۆم بدەم و ھاوکاری بەردەوام بکرێم بۆ ئەوەی بتوانم لە پاڵەوانیەتیەکی نێودەوڵەتی بەشداری بکەم و ئاڵای کوردستان بەرز بکەمەوە.
*کێ بەردەوام ھاوکار و پاڵپشتتە؟
-زۆر سوپاسی باوکم و خانەوادەکەم دەکەم کە بەردەوام ئەرک دەکێشن بە پاڵپشتی کردنم و سەرف کردنی بڕە پارەیەکی زۆر لە من بۆ ئەوەی لە داھاتوو بتوانم ببمە یاریزانێکی گەورە لە ئاستی عێراق و جیھان.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-تەنیا دەمەوێ سوپاسی گۆڤاری گوڵان بکەم کە بەردەوام وەکو سەربازی وون لە خزمەت چینی وەرزشکارانی شارەکانی کوردستانن.



































Top