پێشمەرگەی ھەولێر کێشەی کەمی گۆڵپارێز چارەسەردەکات
تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی پێشمەرگەی ھەولێر دوای ئەوەی لە ھەفتەکانی رابردوو دووچاری شکستێکی چاوەڕوان نەکراو بوو لە بەرامبەر یانەی دھۆک بە ئەنجامی (٥-١)گۆڵ ، جودا لەوەش گۆڵپارێزی سەرەکی یانەکە ئەحمەدبەشار بەر لە دەستپێکردنی یاری یانەی دھۆک دووچاری پێکان ھات، بۆیە دەستەی کارگێڕی یانەی پێشمەرگەی ھەولێر بۆ پڕ کردنەوەی شوێنی ئەو گۆڵپارێزە وچارەسەر کردنی گرفتی پاراستنی تۆری گۆڵەکەی بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ گۆڵپارێز سەیف جەمیل مۆرکرد کە پێشووتر لە خولی عێراقی ئەرکی پاراستنی گۆڵی یانەکانی شورتە و دھۆک و تەلەبە و نەجەفی لە ئەستۆ بووە و یەکێکە لە گۆڵپارێزە بەتواناکانی سەر ئاستی عێراقی، ھێنانی ئەو گۆڵپارێزەش بۆ ئەوەیە کە یانەی پێشمەرگەی ھەولێر بتوانێ لە یارییەکانی داھاتوو ئەنجامی باشتر بەدەست بھێنێت لە خولی نایابی یانەکانی کوردستان لەم بارەشەوە کاوە ئیبراھیم راھێنەری گۆڵپارێز لە یانەی پێشمەرگەی ھەولێر بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی"دوای ئەوەی ئەحمەد بەشار گۆڵپارێزی سەرەکی تیپەکەمان دووچاری پێکان ھات لە شانی و پێویستی بە نەشتەرگەری بوو، بۆیە بە ناچاری بیرمان لە ھێنانی گۆلپارێزی دیکە کردووە بۆ ئەوەی شوێنی ناوبراو پڕ بکەینەوە ، دوای چەند دانیشتێک بۆ ھێنانی یەکێک لە گۆڵپارێزەکان و توانیم لەگەڵ سەیف جەمیلی گۆڵپارێز رێکەوتووین بۆ ئەوەی ئەم وەرزە بەرگری لە تۆری گۆڵی یانەی وەرزشی پێشمەرگە بکات لەیارییەکانی ئەم وەرزە، ئومێد دەکەین بتوانین لە یارییەکانی داھاتوو ئاستمان زیاتر باش بکەین و وەکو گۆڵپارێزیش کاری زیاتر دەکەین بۆ ئەوەی ھەرچی گرفت ھەیە چارەسەری بکەین ، گۆڵپارێزەکانمان بە شێوەیەکی باشتر ئامادە دەکەین بۆ یارییەکانی داھاتوو ھەموو ھەولێکیشمان پێشکەوتنی یانەی پێشمەرگەی ھەولێرو کێبرکێ کردنە لەسەر ئەنجامی باش لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان.
کارزان کانەبی