دھۆک دەیەوێت ئەمساڵ رکابەر بێت
تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی دھۆک کە ئەمساڵ لە یارییەکانی ئەم وەرزە بە ئاستێکی باش تێپەر دەبێت، دەیەوێـت درێژپێدەری ئەنجامی باش بێت لە یارییەکانی داھاتووی لە خولی نایابی یانەکانی کوردستان، جیاواز لە تیپەکانی تریش یانەی دھۆک ئەمساڵ بە ریتمی وەرزی رابردوو پشتی بە ژمارەیەک لە یاریزانانی کۆنی یانەکەی بەستووە و دەیەوێت بەم یاریزانانەش تیپەکەی بکاتە رکابەر لە خولی نایابی یانەکانی کوردستان لەم بارەشەوە ھەرمان ساڵح راھێنەری یانەی دھۆک بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی" بە شێوەیەکی گشتی لە ئاستی تیپەکەم رازیم کە ئەمساڵ لەم چەند یارییەی دەستپێک ئاستی باشیان پێشکەش کردووە دەتوانم وەکو راھێنەری ئەو تیپە بلێم ئاستمان بە گشتی رووەو پێشوەچوونە دەشتوانین ئەنجامی باشتر لە یارییەکانی داھاتوو تۆماربکەین، وەکو راھێنەریش بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ ھێنانی یاریزانی بیانی پیشگەر نیمە، چونکە ئەو یاریزانانە ناوخۆییانە زۆر باشترن و سوودی زیاتریان دەبێت، ئێستا خۆمان یاریزانمان کەمە بەڵام بڕیاری ئەوەم داوە کە پشت بە یاریزانانی ناوخۆیی دەبستم بۆ بەھێز کردنی پێکھاتەی یانەکەمان، ئەمساڵیش ھیچ گۆڕانکاریکم نەکردووە وەکو تیپ تەنیا یاریزانانی پێشووترمانە کە وەرزی رابردووش لەگەڵ تیپەکەمان بووینە و سێ یاریزانیشمان لە یانەی زاخۆ ھێناوە دەمانەوێ بەم یاریزانانە شەڕی سەرجەم یانە بەشداربووەکانی خولی کوردستان بکەین، یانەی دھۆک یانەیەکی گەورەیە و خاوەن ناوێکی گەورەیە لە تۆپی پێی کوردستان و عێراق، بۆیە وەکو راھێنەری تیپی تۆپی پێی دھۆک متمانەی تەواوم بە خۆم و یاریزانەکانیش ھەیە کە دەتوانین بەربەستی ھەمووان ببڕین بۆ گەیشتن بە ئەنجامی باش، ئێمە وەکو یانە گرێبەستمان نەداوەتە ھیچ یاریزانێک تەنیا بە شێوەی مووچە یاریزانان یاری بۆ تیپەکەمان دەکەن، بۆیە ئەگەر گرفتی دارایی رێگر نەبێت لە بەردەمان دەتوانین ئەمساڵ ئاستێکی بەرز و شایستە لە سەرجەم یارییەکان پێشکەش بکەین لە خولی نایابی ئەمساڵ سەرجەم یانەکانیش ئاستیان باشە، بەڵام ئێمە بەھیوایەکی زۆرەوە ھاتووینەتە نێو کێبرکێیەکانی ئەم وەرزەی خولی نایاب.
کارزان کانەبی