ئاستی ئەم یارییە زۆر باشە

ئاستی ئەم یارییە زۆر باشە
دیە نزار یاریزانی گۆرەپان و مەیدانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی
ئاستی ئەم یارییە زۆر باشە
شاری سلێمانی ھەموو کات بەوە ناوی دەکردوە کە لە یارییەکانی گۆڕەپان ومەیدان پێشەنگ بووە لە دروست کردنی چەندین یاریزانی بەتوانا لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و بگرە لە عێراقیش، یانەی پێشمەرگەی سلێمانیش یەکێکە لەو یانانەی کە بەردەوام ھەوڵی پێگەیاندنی یاریزانانی ئاستەکانی تەمەن بووە، یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانی یانەکەش دیەنزارە ئەو ماوەیەکە لە یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان بەتایبەت لە یاری بازی بەرزبەشدارە و خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە ناوبراو لە دایک بووی ساڵی ٢٠٠٣ی شاری سلێمانیە ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیاریکمان لێ کرد ئەوەیش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە:کارزان کانەبی
فۆتۆ: ئیبراھیم یەشار
*لە نێوان ئەم ھەموو یارییە چۆن بوو بە یاری گۆڕەپان و مەیدان ئاشنا بوویت؟
- لە رێگای چەند دۆست و خزمێکمەوە ئاشنابووم بە یاری گۆڕەپان و مەیدان کە دەشم توانی ئاستی راستەقینەی خۆمی تێدا بدۆزمەوە.
* ئاستی یاری گۆڕەپان ومەیدان چۆن دەبینی لەسەرئاستی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی ؟
-ئاستی ئەم یارییە زۆر باشە و بە شێوەیەکی باش پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە.
*ئەی لە شار سلێمانی لە چ ئاستێکەدا دەیبینی ؟
-لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی ئاستی یاری گۆڕەپان و مەیدان زۆر پێشکەوتووە، چونکە لەلایەن یانەکانەوە گرنگی زۆری پێ دەدرێت لە چاو یارییەکانی تر، چونکە یاریزانانی یانەکان ئەنجامیان بەرچاو بووە.
*پێت باشە چی بکرێت ، بۆبەرەووپێشبردنی ئەم یارییە لە کوردستان بۆ ئەوەی بگاتە ئاستێکی بەرز؟
-وەکو کچە یاریزانێک پێم باشە زیاتر گرنگی بەم یارییە بدرێت و ئاوڕی جدی لێ بدرێتەوە ، ھاوکاری باشی ئەم یارییەش بکرێت .
* باشترین ئەنجامە باشەکانت چین وەکو یاریزانێک ؟
-چەندین ئەنجامی بەرچاوم بەدەسھێناوە، بەتایبەتی لە بازی بەرز توانیومە پلەی یەکەم لە سەر ئاستی عێراق بەدەستبھێنم.
*لەئێستادا بەرنامەت چیە وەکو یاریزانێک ؟
-ھەموو ھەولێکم ئەوەیە بتوانم ئەنجامێکی باشتر بەدەست بھێنم و بگەمە ئاستێکی بەرز بۆ ئەوەی بەشداری لە پاڵەوانیەتیەکانی دەرەوە بکەم.
*کێشەو گرفتان چیە لەم یارییە ؟
-وەکو یانە ھیچ کێشەیەکمان نییە و ھاوکاری باش دەکرێن.
* لە خێزانەکەت ھیچ کەسێکتان وەرزشوانە ؟
-لە خانەوادەکەمان یاریزانی زۆری تێدایە ھەموومان حەزمان بە وەرزشە و کچە خاڵ و پورەکانیشم لە نێو ئەم یارییەن.
*خانەوادەکەن رێگرێت لێ ناکەن لە وەرزش کردنت ؟
-بەپێچەوانەوە ئەوپەری ھاوکاری منن لە وەرزش کردن ئەوانیش ھۆکارن بۆ بەرزبوونەوەی ئاستم.
* ھیواو ئاواتت وەکو وەرزشکارێک ؟
-تاکە ھیوای من ئەوەیە بتوانم بەشداری پاڵەوانیەتی جیھانی بکەم و بتوانیم ئەنجامێکی شایستە بەدەست بھێنم و بتوانم ژمارەی پێوانەیی عێراقی بشکێنم.
* بەچ یاریزانێک سەرسامی؟
-بە راھێنەرەکەی خۆم کە کاتی خۆی ئەنجامی یەکجار باشی ھەبووە دەمەوێت بگەمە ئاستی ئەو.
*بە گرێبەست یارییان بۆ دەکەن یاخود تەنیا بە مووچە؟
-نەخێر تەنیا مووچەیە.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-ھیوادارم ھەر کەسێک دەتوانێ کە وەرزش بکات لە ھەر یارییەک سەرکەوتووە با بێتە نێو وەرزش و خزمەت بکات، زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵانیش دەکەم کە ھەمیشە سەرکەوتووبن.




Top