دیار یاخی لە یانەکانی کوردستان داوا کراوە
تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی ھەولێر دوای ئەوەی ئەم وەرزە لە خولی یانە پلە یەکەکانی عێراقەوە بە ھێنانی کۆمەلێک یاریزانی کورد توانی سەربکەوێتەوە خولی نایابی یانەکانی عێراقی، یاریزانە کوردەکانیش توانیان ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەن لە خولەکە یەکێک لەم یاریزانانەش دیار یاخی یاریزانی یانەکە بووە کە توانی ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات، بەڵام ماوەی چەند رۆژێکە یاریزانی ناوبراو ریزی یانەی ھەولێری جێھێشتووە بەھۆی یاری پێ نەکردنی لەلایەن راھێنەری تیپەکە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە یانەکانی کوردستان داوای یاری کردنیان لێ کردووە بۆ خولە گەورەکەی کوردستان لەم بارەشەوە دیار یاخی یاریزانی پێشووی یانەی ھەولێر بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی" خولی پلە یەکی عێراقم لەگەڵ یانەی ھەولێر تەواو کردو بەرنامەی ئەوەشم ھەبوو بەردەوام بم بۆ خولی نایابی یانەکانی کوردستانیش، بەڵام بەھۆی یاری پێنەکردنم لەلایەن راھێنەری یانەی ھەولێرەوە ریزی یانەکەم جێھێشتووە، بەرنامەی ئەوەشم نییە بگەرێمەوە تاکو ئەو راھێنەرە سەرپەرشتی تیپەکە بکات، من بۆ یاری کردن رووم لە یانەی ھەولێر کردبوو نەک بۆ دانیشتن لەسەر کورسی یەدەگ دابنیشم، لەبارەی داوا کردنی لەلایەن یانەکانی تری کوردستانیش دیار یاخی گوتی" چەندین یانەی شارەکانی کوردستان داوای یاری کردنیان لێم کردووە بۆ ئەوەی لە خولی نایابی یانەکانی کوردستان یاری بۆ ئەو یانانە بکەم، بەڵام جارێک من ھیچ بڕیارێکم نەداوە لەسەر چارەنوووسی خۆم وەکو یاریزان، دەمەوێت لە ئێستادا پشوو بدەم بۆ ئەوەی چارەنووسم لەگەڵ یانەی ھەولێر یەک لای ببێتەوە ئەوکات بڕیارێک دەدەم.
کارزان کانەبی