بەھیوای ئەوەم خول و پاڵەوانیەتی زیاتر بکرێتەوە

بەھیوای ئەوەم خول و پاڵەوانیەتی زیاتر بکرێتەوە
ژیلە سەڵاح یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی ھەڵبژاردەی عێراق
بەھیوای ئەوەم خول و پاڵەوانیەتی زیاتر بکرێتەوە
تیپی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی یەکێک لەم تیپانەی کە خاوەن کۆمەلێک یاریزانی بەتوانایە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و زۆربەی یاریزانەکانی لە یارییە جیاوازەکان لە ریزی ھەڵبژاردەی عێراقن و ململانێ یانە گەورەکانی عێراق دەکەن، یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانی یانەکە ژیلە سەڵاحە کە کە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەسەر ئاستی کوردستان وعێراق و وڵاتانی عەرەبی و چەندین ریکۆردی شکاندووە، لەگەڵ ھەڵبژاردەی عێراق بەشداری چەندین پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی کردەوە لەسەر ئاستی جیھان و وڵاتانی عەرەبی خاوەن چەندین مەدالیای جۆراوجۆرە ،ناوبراو لەدایک بووی ساڵی ١٩٩٥ی شاری سلێمانیە دەرچووی پەیمانگای وەرزشییە ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیاریکمان لەسەر ژیانی وەرزشی کرد ئەویش بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
فۆتۆ: ئیبراھیم یشار
*لە نێوان ئەم ھەموو یارییە چۆن بوو بە یاری گۆڕەپان و مەیدان ئاشنا بوویت؟
-من ھەمووکات حەزم بە وەرزش کردووە، بەڵام لە رێگای ھاوڕێیەکم بەناوی دلیا ئەحمەد چوومە ریزی یلنەی پێشمەرگە زۆر سوپاسی دەکەم کە خەونی منی ھێنا بواری وەرزشی.
** ئاستی یاری گۆڕەپان ومەیدان چۆن دەبینی لەسەرئاستی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی؟
-وەکو وەرزشکارێک زۆر حەزم بە یاری گۆڕەپان و مەیدان کردووە خولیام بۆ ھیچ یاریزانێکی تر نییە، جگە لەوەش ئاستی ئەم یارییە باشە لە چاو یارییەکانی تر،جگە لەوەش ئاستی باشی ھەیە و یاریزانی زۆر باشی تێدا ھەیە، کەزۆربەی یاریزانانی کورد لە ریزی ھەڵبژاردەی عێراقن ئەمەش جێ خۆشحاڵیە کە زۆربەی یاریزانانی ھەڵبژاردەی عێراقی کوردن.

* پێت باشە چی بکرێت ، بۆبەرەووپێشبردنی ئەم یارییە لە کوردستان بۆ ئەوەی بگاتە ئاستێکی بەرز؟
- بەھیوای ئەوەم خول و پاڵەوانیەتی زیاتر بکرێتەوە بۆ ئەوەی زیاتر ئەم یارییە بەرەووپێش بچێت و بەرپرسانی وەرزشی زیاتر ھانی وەرزشکارانی ئەم یارییە بدەن بۆ گەشەسەندنی زیاتری یارییەکە.
*بۆچی ئەم یارییەت ھەڵبژاردووە؟
-من بۆیە ئەو یارییەم ھەڵبژاردووە ، چونکە حەز وئارەزووی من لەم یارییە باش بووە، ئاستی من لە یاری گۆڕەپان و مەیدان دایە، ھیچ قورساییەکی تێدانییە بۆمن زۆریش دڵخۆشم.
*چی بکرێت باشە بۆ کچە وەرزشکارانی ئەم یارییە؟
-باشترە ریزی تایبەتی لێبگیرێ، چونکە گۆڕەپان ومەیدان لە ئاستی باشترن ھەتا لە یارییەکانی تر، پێویستی بە خزمەتێکی باشتر ھەیە کچانیش ئەنجامیان بەرچاوە.
* ھیواو ئاواتت وەکو وەرزشکارێک ؟
-خەونی من لە ئێستا و داھاتوودا ئەوەیە دووبارە بەشداری کردنمە لە پاڵاوتنەکانی جیھان، کە ساڵی ٢٠١١ بەشداریم کرد وەکو تاکە کچێکی کورد.
*بۆچی ئەو ھەموو ساڵە لەگەڵ یانەی پێشمەرگە بەردەوامی؟
-یانەی وەرزشی پێشمەرگە یانەیەکی باش بووە بۆیە ئەو یانەیەشم ھەڵبژاردوە کە خزمەتی زۆری یاری گۆڕەپان و مەیدان دەکات.
* ئەنجامەکانت لەگەڵ ھەڵبژاردەی عێراق؟
-من یاریزانی ھەڵبژاردەی عێراقم لە ساڵی ٢٠٠٨وە تاکو ئێستا ئاستی باشم ھەبووە بەردەوامیش پلەکانی یەکەم ودووەمم ھەبووە لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان، لە زۆربەی پاڵەوانیەتیەکانی دەرەوەش بەشداریم کردوە خاوەنی شەش مەدالیای زێرو و چوار برۆنز و سێ زیو لەلایەن بەرپرسانیش رێزم لێنراوە.
*ھیچ وەرزشی تر ئەنجام نادەی؟
- تەنیا یاری گۆڕەپان و مەیدانم کردووە ھیچ یارییەکی ترم نەکردووە، حەزم بە ھیچ یارییەکی تر نییە، خۆشترین یاری لای من گۆڕەپان و مەیدانە.
* بەرنامەی داھاتووت وەکو کچە وەرزشکارێک؟
-تەنیا بەشداری کردن لە پاڵەوانیەتی جیھان، گرنگیدان بە ئاست و توانای جەستەیی خۆشم بدەم.
* ھیچ رێگرییەک نەبووە لە وەرزش کردنت؟
-ھیچ رێگرییەک نەبووە لە خوێندنم بۆ وەرزش کردن ھەموو کات مەشق و راھێنانم کردووە.
* گرێبەستت زۆر پێشکەش کراوە بۆچی لە یانەی پێشمەرگە بەردەوامی؟
-زۆر یانە ویستوویانە گرێبەستم لەگەڵ ئەنجام بدەن، بەڵام من رێزم بۆ یانەکانی کوردستان و عێراق، جگە لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی یاری بۆھیچ یانەیەکی تر ناکەم، چونکە پێشمەرگە خزمەتی زۆری ئەم یارییەی کردووە.
* کێ زۆر پاڵپشتیت دەکات ؟
-خێزانەکەم و ھاورێیەکانم مامۆستا زەردەشت رەفیق و یانەکەم ھەموویان زۆر باش پاڵپشت بووینە من قەرزاری ئەوانم.
*ئەگەر شتێکت ماوە؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بەردەوام خزمەتی وەرزشوانان دەکەن سوپاس بۆ یانەی وەرزشی پێشمەرکە و راھێنەرو خێزانەکەم ھاوکاری باشن.

Top