فوتساڵی سیروانی نوێ ئامادەن
دوای ئەوەی تیپی فوتساڵی پێشووی ئافرەتانی ھەولێر لەگەڵ یانەکە نەگەیشتونە رێکەوتن بەھۆی چەند بڕیارێکی یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی کوردستان، بۆیە راھێنەر و ژمارەیەک لە یاریزانانی ئەو یانەیە کە پێشووتر رێکەوتنیان لەگەڵ ئافرەتانی ھەولێر کردبوو، جارێکی تر رێکەوتنەکەیان ھەڵوەشاندووە و بڕیارییاندا پەیوەندی بە یانەی سیروانی نوێ بکەن، ئیستاش یانەکە بە سەرپەرشتی عەباس فەرەجی راھێنەر لە ئامادەکاری تەواو دان بۆ بەشداری کردن لە خولەکانی داھاتوودا بە تایبەتی خولی فوتساڵی نایابی یانەکانی کوردستان، لەم بارەشەوە عەباس فەرەج راھێنەری تیپی تۆپی فوتساڵی یانەی سیروانی نوێ بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی" پێشووتر رێکەوتنمان لەگەڵ ئافرەتانی ھەولێر ھەبوو بۆ ئەوەی بۆ وەرزی نوێ خولی فوتساڵی کوردستان لەگەڵ ئەوان بین، بەڵام دواتر بەھۆی چەند بڕیارێکەوە نەگەیشتینە رێکەوتن و ئەمجارەش دوای ماوەیەک گفتوگۆ دواجار لەگەڵ یانەی سیروانی نوێ گەیشتینە رێکەوتن بۆ پەیوەندیکردنمان بە ریزی ئەو یانەیە گەورە لە ماوەی داھاتوودا وەکو نوێنەری شاری سلێمانی بەشداری لە خولەکانی کوردستان و عێراق دەکەین، سوپاسی دەستەی کارگێڕی یانەی سیروانی نوێ دەکەین بۆ بەخشینی ئەو متمانەیە بە من و یاریزانەکانم کە لەماوەی نۆ ساڵی رابردوو بەدەستمان ھێناوە لە تیپی کچان و ئەنجامیشمان لەبەرچاو بووە من وەکوراھێنەریش ئەو تیپە بە دەستکەوت دەزانم بۆ شاری سلێمانی و یانەی سیروانی نوێ کە ئێستا تیپێکی تر لەم شارە رکابەری تیپەکانی تری کوردستان دەکات بۆ بەدەستھێنانی جامی کوردستان سوپاسی ئەو یانەیەش دەکەم کە مووچەی یاریزانان و راھێنەریان دابین کرد لە کاتێکدا کە زۆربەی تیپەکان لە قەیرانی داراییدان، ئێستاش بۆ خولەکانی کوردستان و عێراق خۆمان ئامادە دەکەین ، ئامانجیشم بەرەووپێشبردنی ئاستی کچانمانە لەو یارییە و بەدەستھێنانی پلەی یەکەم لە کوردستان، دەرگای یانەکەمان کراوەیە بۆ ھەر یاریزانێک کە متمانەی من بەدەست بھێنێت بۆ ھاتنە ناو پێکھاتەی تیپەکەمان، ئێستاش لە ئامادەکاریداین بۆ بەشداری کردن لە خولەکانی داھاتوو بۆ ئەوەی بتوانین ناوی یانەکەمان و خۆمان بەرز بکەینەوە دەتوانین ئەنجامی باش بەم کچە یاریزانانە بەدەست بھێنین، ھیچ کێشەو گرفتێک لە یانەی سیروانی نوێ بوونی نییە، بگرە یانەکەشمان ئەوپەری ھاوکاریمان دەکات بۆ ئەوەی بتوانین ئەنجامی شایستە تر بەدەست بھێنین لە داھاتوودا ئێستاش ئامادەین بۆ ھەر پاڵەوانیەتیەک.
کارزان کانەبی