تابكرێت پاڵه‌وانیه‌تى و كه‌مپى ڕاهێنانى زیاد بكه‌ن و گرنگى بدرێت

تابكرێت پاڵه‌وانیه‌تى و كه‌مپى ڕاهێنانى زیاد بكه‌ن و گرنگى بدرێت
خه‌نسا فاتیح یاریزانى تۆپى فوتسالى گازى باكور
تابكرێت پاڵه‌وانیه‌تى و كه‌مپى ڕاهێنانى زیاد بكه‌ن و گرنگى بدرێت
شارى كه‌ركووك هه‌موو كات جێگه‌ى پیگه‌یاندنى چه‌ندین یاریزانى به‌توانابووه‌ له‌ هه‌ردوو ئاستى كوڕان و كچان كه‌ یانه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى شاره‌كه‌ سوودیان له‌ تواناكانى رۆله‌كانى ئه‌م شاره‌ وه‌رگرتووه‌، یه‌كێك له‌ یاریزانه‌ به‌تواناكانى ئه‌م شاره‌ كچه‌ یاریزانى تیپى فوتساڵى پێشووى یانه‌ى گازى باكور خه‌نسا فاتیح، كچه‌ یاریزانى ناوبراو ئه‌مساڵ به‌ پێى رێكه‌وتنێك رووى له‌ یانه‌ى ئه‌فرۆدێت كردوه‌ له‌ خولى فوتساڵى یانه‌كانى كوردستان و توانیویه‌تى ئاستێكى به‌رز پێشكه‌ش بكات له‌ یارییه‌كانى خوله‌كه‌، خه‌نسا له‌ دایك بووى ساڵى 1999ى شارى كه‌ركووكه‌ ، قوتابى قۆناخى ئاماده‌ییه‌، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان ئاراسته‌ى كرد ئه‌ویش وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى گۆڤارى گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بى
*ئاستى یارى تۆپى فوتسال چۆن ده‌بینى له‌ كوردستان؟
-له‌ ئێستادا له‌ ئاستێكى زۆر باش ده‌بینم به‌ره‌وو پێشچوونێكى باشى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌.
*ئه‌نجامدانى پاڵه‌وانیه‌تى كه‌م تا چه‌ند ده‌بێته‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ به‌ره‌ووپێش نه‌چێت؟
-له‌ ڕاستیدا كه‌مى ئه‌نجامدانى پاڵه‌وانیه‌تى خۆى له‌ خۆیدا ده‌بێته‌ گه‌وره‌ترین گرفت چونكه‌ ته‌نها پێش پاڵه‌وانیه‌تیه‌كان گرنگى به‌ وه‌رزشى كچان ده‌درێت.
*وه‌كو كچه‌ یایزانێك پێت باشه‌ چى بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى یارى فوتساڵى كچان به‌ره‌وو پێش بچێت له‌ كوردستان؟
- تابكرێت پاڵه‌وانیه‌تى و كه‌مپى ڕاهێنانى زیاد بكه‌ن و گرنگى بدرێت به‌ پێداویستیه‌كانى یاریزانان تاوه‌كو هه‌ست بكرێت كه‌ وه‌رزشى كچانیش حیسابی بۆ ده‌كرێتن دارایی تیپه‌كانیش باشتر بكرێ.
*گرفتى ئه‌م یارییه‌ له‌ چى ڕه‌نگده‌داته‌وه‌ به‌ بۆچوونى تۆ؟
-گرفتى زۆرمان هه‌یه‌ و دێته‌ پێشمان یه‌كێك له‌وانه‌ كه‌مى یاریزانان، له‌ تیپى گازى باكورى كه‌ركووك هه‌فتانه‌ سێ جار مه‌شق ده‌كه‌ین له‌ حیسابی خۆمان به‌ ئۆتۆمبێلى ڕاهێنه‌ر ده‌چین بۆ مه‌شقه‌كان یه‌ك كاتژمێر پێش مه‌شق ده‌بێ بچین یاریزانان كۆبكه‌ینه‌وه‌ ، له‌ یه‌ك ئۆتۆمبێل یانه‌ هیچ ئۆتۆمبێلى بۆ دابین نه‌كردوون ، به‌ڵام هۆكارى خۆشه‌ویستیمان وای لێ كردووین به‌رده‌وام بین.
*له‌ هیچ یانه‌یه‌ك گرێبه‌ست پێشكه‌ش نه‌كراوه‌؟
-له‌م وه‌رزه‌ به‌هۆى به‌شدارى نه‌كردنى یانه‌ى گازی باكور یاریم بۆ یانه‌ى ئه‌فرۆدێت كرد.
*به‌نیازى چى بۆ داهاتووى خۆت وه‌كو كچه‌ یاریزانێك؟
-وه‌كو هه‌موو یاریزانێكى تر خه‌ونى من ته‌واو كردنى خوێندن و به‌رده‌وام بوونمه‌ له‌ وه‌رزش كردن.
*له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى یانه‌كانی كوردستان پشت به‌ تواناى یاریزانان و ڕاهێنه‌رى بیانى ببه‌ستن؟
-نه‌خێر ، به‌ڵام هه‌ندێك جار ناچار ده‌بین بۆ یاریزانى بیانى نه‌ك ڕاهێنه‌ر چونكه‌ خاوه‌ن باشترین ڕاهێنه‌رین له‌ كوردستان.
*داواكارى و پێشنیارت بۆ لایه‌نى به‌رپرسى وه‌رزشى؟
-گله‌یی زۆر هه‌یه‌ ڕاستى ، به‌ڵام ئه‌وه‌ى من و شاره‌كه‌م ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چیتر كه‌ركووك بێ به‌ش نه‌كه‌ن له‌ خوله‌كان وه‌ك ئه‌و خوله‌ى كه‌ ساڵانه‌ له‌ كوردستان به‌رێوه‌ ده‌چێت.
*به‌هیواى ئه‌وه‌ نیت هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان دابمه‌زرێ و تۆش یه‌كێك بی له‌ یاریزانانى ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌؟
-ئه‌وه‌ هیواى هه‌موو یاریزانێكى كوردستانه‌ منیش یه‌كێك بم له‌و یاریزانانه‌ى یارى بۆ هه‌ڵبژارده‌ى وڵاته‌كه‌م بكه‌م.
* له‌ هه‌ڵبژارده‌ى فوتساڵى عێراقى داواكراوی؟
-له‌ ئێستادا هیچ هه‌ڵبژارده‌یه‌ك نییه‌ به‌ ناوى فوتساڵى عێراق ته‌نیا بۆ یاریگاى گه‌وره‌ دووجار به‌شداریم كردووه‌.
*به‌ چ یاریزانێكى جیهانى سه‌رسامی؟
- مارسیلۆى به‌رازیلی
* چۆن بوو بڕیارتدا یارى بۆ گازى باكور بكه‌ى؟
- چونكه‌ ئه‌و یانه‌یه‌م به‌ باشزانى كه‌ باوانم ئاستى خۆم تێدا به‌ره‌ووپیش بخه‌م له‌ سه‌ر ده‌ستى هه‌ردوو ڕاهێنه‌ر مامۆستا قاسم و مامۆستا ئوسامه‌.
*خه‌ون و هیوات چیه‌ له‌ ژیانى وه‌رزشیت؟
-بتوانم بگه‌مه‌ یانه‌یه‌كى ده‌ره‌وه‌ى عێراق خزمه‌تى وه‌رزش بكه‌م.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
-ده‌ست خۆشى له‌ گۆڤارى گوڵان ده‌كه‌م كه‌ به‌بێ جیاوازى خزمه‌تى سه‌رجه‌م وه‌رزشكارانى شاره‌كانى كوردستان ده‌كات به‌بێ جیاوازى هیوام به‌رده‌وامیتانه‌.


Top