بۆچی جەماوەری كوردستان گرنگی بەخولی ناوخۆ نادەن

بۆچی جەماوەری كوردستان گرنگی بەخولی ناوخۆ نادەن
هاندەرێك: تائێستا یاریگای شەهید فەرەنسۆم نەبینیووە!
لەهەر وڵاتێكدا خەڵكی گرنگیەكی زۆر بەخولی ناوخۆی وڵاتەكەیان دەدەن و پاڵپشتیان دەكەن و لەیاریگاكان ئامادەدەبن بۆ هاندانی ئەو یانەیەی كە دەیانەوێت سەركەوتن بەدەست بهێنێت، بەڵام لەكوردستاندا سەرەڕای ئارامیەكی زۆر، بەڵام خەڵكی گرنگی بەخولی ناوخۆ نادەن و سەیری ناكەن و نابنە پاڵپشیی یانەكان لەیارییەكاندا، خەڵكی كوردستان ئەوەندە گرنگی بەخولی دەرەوە دەدات، ئەوەندە گرنگی بەخولی ناوخۆ نادات، ئەمەش بۆتە هۆیەك بۆ پێشەوەنەچوون و سەرنەكەوتنی خولەكان.
(فەتحی قەرەنی) راهێنەری لاوان و تازە پێگەیشتوانی یانەی هندرێن پێیوابوو خەڵكی كوردستان زیاتر گرنگی بەخولی دەرەوە دەدات و خولی ناوخۆ ون بووە لەكوردستان خەڵكی زیاتر باسی ریال و بەرشە دەكات نەك خولی ناوخۆ، ئەو خولە ون بووە و وایلێهاتووە خەڵك نەزانن خولی ناوخۆ هەیە، تەنیا ئەوانەی یاریزانن یاخود راهێنەرن لەیانەیەك ئەوا بزانن كەخولی ناوخۆ هەیە. لەدرێژەی لێدوانەكەیدا ئەو راهێنەرە زیاتر هێرشی كردە سەر راگەیاندنەكان و وتی هیچ راگەیاندنێكمان نییە كەوا یارییەكانی ناوخۆ راستەوخۆ پەخش بكات، تەنیا یەك دوو كەناڵ نەبێت كە ئەوانیش بە تۆماركراوی پەخشی دەكەن و ئەگەر شەو یاری خولی ئەوروپییەكان هەبێت، ئەوا بە تۆماركراویش نایبینیت.
(محەمەدقادر) یەكێك بوو لەو كەسانەی كە ئارەزوو دەكات یانەی هەولێر لە سەرجەم یارییەكان سەركەوێ و جامەكان بەرز بكاتەوە، بەڵام تاكو ئێستا یاریگای شەهید فەرەنسۆی نەبینیوە هاندەری یانەی هەولێرم و ئارەزوو دەكەم لەهەموو یارییەكدا بیباتەوە، بەڵام خۆشم تاكو ئێستا هیچ یارییەكی یانەی هەولێرم بەتەواوی نەبینیوە و سەردانی یاریگاكەم نەكردووە. هۆكاری نەچوونی بۆیاریگای یانەی هەولێر (محەمەد)پێیوابوو یاریگاكە زۆر خۆش نییە و یاریكردنی یاریزانەكان لەو ئاستەدا نییە و وتی بەڕاستی یانەیەكی گەورەی وەكو یانەی هەولێر تاكو ئێستا یاریگاكەی وەكو پێویست نییە و هاوشێوەی یاریگا عەرەبیەكانیش نییە، یاریزانەكانی لەو ئاستەدانین و كاتی یاریكردنەكەش زۆر ناخۆشە، چونكە یاریكردنەكە بەرۆژە و لەلای ئێمە تائێستا بیریان نەكردۆتەوە یارییەكان بكەن بەشەو، كەچی لەزۆربەی شوێنەكانی دنیا یاریكردن بەشەوە.
كاپتنی پێشووی یانەی هەولێر و یاریدەدەری راهێنەری تازە پێگەیشتوانی یانەی هەولێر(كەیفی عەبدولرەحمان) پێیوابوو لەكوردستاندا پلەكانی یەكەم و دەیەم هیچ جیاوازییەكی نییە و وتی لەخولی كوردستاندا یەكەم بیت یان دەیەم جیاوازی نییە، چونكە یەكەمەكە بەشداری هیچ خولێكی دەرەوە ناكات و بەپێچەوانەی خولی عێراقی، كە بەژداری لەخولی ئاسیا و دەرەوە دەكات و تەنانەت یانەكانی كوردستانیش زیاتر گرنگی بەم خولە دەدەن و باشتر خۆیان بۆئامادە دەكەن.
ئەو یاریزانە پێیوابوو خولی كوردستان پارێزگایەكی كەم بەژداری تیادا دەكەن و تەنانەت باشترین یاریزانی خولەكەش بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق ناكرێت خولی كوردستان (4)پارێزگا لەخۆ دەگرێت، بەڵام خولی عێراقی (18)پارێزگا لەخولەكە بەژدارن و خەڵكێكی زیاتریش گرنگی پێدەدەن، تەنانەت باشترین یاریزانی خولی كوردستانیش بانگهێشتی پێكهاتەی هەڵبژاردەی عێراق ناكرێت. (گۆران ناسیح) یاریزانی لاوانی یانەی هندرێن پێیوابوو نەبوونی شوێنی هاندەر لەیاریگاكاندا بۆتە هۆكارێك بۆ نەبوونی هاندەر و وتی نەبوونی شوێنی هاندەر لەیاریگاكاندا وایكردووە كەوا هاندەر لەیاریگاكاندا ئامادەنەبن و زۆربەی یاریگاكان شوێنی هاندەریان دروست نەكردووە، خۆم لەیاری نێوان یانەی برایەتی و یانەی زاخۆ لەخولی پلە یەكەكانی كوردستاندا ئامادەبووم، هاندەرێكی زۆر ئامادەبوون لە یاریگادا بۆسەیركردنی یاریەكە، بەڵام لەبەر نەبوونی شوێنی هاندەر لەیاریگاكەدا، وایكردبوو خەڵكەكە زۆر بێزاربن و تام و چێژی زۆر لەیاریەكە وەرنەگرن و تەنانەت پێش كۆتایی هاتنی یارییەكە هەندێك لەهاندەرەكان یاریگایان جێهێشت.
پارساڵ لەیەكێك لەكەناڵەكانی راگەیاندن، كورتەی یارییەكی پەخشكرد لەنێوان یانەی شێروانەو یانەیەكی تری كوردستان بوو، یاریەكە لەیاریگای یانەی شێروانە بوو، هاندەرێكی یەكجار زۆر هاتبوون یارمەتی یانەكەیان دەدا و بەشێوەیەك هاندەرانی یانەی شێروانە یاریگایان داپۆشیبوو، بەڵام ئەوەی سەیرە یانەیەك ئەو هەمووە هاندەرەی هەبێت و لەیارییەكەش تووشی شكست هات و یانەكەش لەخولی نایاب دابەزیە خولی پلە یەكەكانی كوردستان و هەموو هاندەرەكانی تووشی بێهیوابوون كرد.
Top