شتە محاڵەكانم لا پەسەندە

شتە محاڵەكانم لا پەسەندە

نیهایەت سەلیم یاریزانی بۆكسینگ

شتە محاڵەكانم لا پەسەندە
لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران گرنگی زۆر بە یارییە جۆراوجۆرەكانی وەرزشیی ئافرەتان دەدرێت لەلایەن وەرزشكارانی ئەم دەڤەرەوە ، چەندین وەرزشكاری دڵسۆز لەم دەڤەرە هەیە وەرزشكارانیان لە ژێر چەتری وەرزش كۆكردۆتەوە بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین خزمەت بە وەرزشی ئەم ناوچەیە بگەیەنن،وەرزشی ئافرەتان ڕۆژ بە ڕۆژ دەچێتە قۆناغی باشتر، چەندین كچە یاریزانی بەتوانا هەیە لە یارییە جۆراوجۆرەكان، كچە یاریزانانی ئەم دەڤەرە دەیانەوێ لە رێگەی وەرزشەوە زیاتر ئاستی خۆیان بەرەوو پێش ببەن، لە یاری كیك بۆكسینگ شارەكە خاوەنی ژمارەیەك یاریزانی ئاست بەرزە، خاوەنی چەندین ئەنجامی باشن لە سەر ئاستی كوردستان و دەرەوەش یەكێك لەم یاریزانانە نیهایەت سەلیم-ە ،ناوبراو وەكو یاریزان یاری بۆ تیپی جاگوار دەكات و لە چەندین پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی بەشداری كردوە، ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2005 قەزای سۆرانە، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان لێكرد سەبارەت بەم وەرزشە، ئەویش وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی
*چۆن بوو جیهانی وەرزشی كیك بۆكسینگت هەڵبژارد؟
- حەز و خولیا و ئارەزووی خۆم بووە.
*هەست ناكەی یارییەكی قورست هەڵبژاردوە زیاتر بەگژداچوونەوەیە؟
- بەڵێ بە بەدڵنیاییەوە ڕاستە، بەڵام شتە محاڵەكانم لا پەسەندە.
*بۆچی یاری بۆكسینگ لە ئاستی پێویست نییە؟
-بەهۆی زۆر گرنگی پێنەدانی و نەكردنەوەی پێشبڕكێ جەنگییەكان.
*هەست ناكەی ئەم وەرزشە لە شارەكانی كوردستان بە شێوەیەكی باش پێشوازی لێنەكراوە؟
-لە كوردستان نەك بۆ كچان بۆ پیاوانیش هەر سەخت بووە، بۆیە كچانیش نازانن چی بكەن بۆ ئەم مەبەستە و هیچ پشتگیرییەك نییە.
*ئاستی ئەم یارییە چۆن دەبینی لە كوردستان؟
-لەم ساڵانەی داهاتوو پەڕەی سەندوە و قۆناغێك چۆتە پێش.
*چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی ئافرەتی وەرزشكار بۆ نێو ئەم یارییە؟
- كردنەوەی پاڵەوانێتی زیاتر، وە كەم كردنەوەی ڕێگری خێزان بۆ وەرزشكارانی ئافرەت.
*بەرنامەت چیە وەكو كچە یاریزانێك بۆ داهاتوو؟
-زیاتر خۆ ئامادەكردن بۆ پاڵەوانیەتیە دەرەكییەكان بۆ ئەوەی بتوانم ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنم.
*بۆچی بۆ هیچ یانەیەك یاری ناكەی؟
-دەبێت یانەكە جێگەی باوەڕ بێت، نەك تەنها بەرژەوەندی خۆیان بوێت.
* *گرفتی ئەم یارییە زیاتر لە چی دەبینی؟
-گرفتی ئەو یارییە ئەوەیە كە یەكێتیەكی بەهێزی نییە لە هەموو عێراق، وە سپۆنسەری نییە، وە ڕاگەیاندن زیاتر بە ڕۆڵی خۆی هەڵنەستاوە و زیاتر گرنگی بە تۆپی پێی دەدەن، پێان وایە سەلامەتترە لە هونەرە جەنگییەكان كە لە بنەڕەتدا هەڵەیە و هونەرە جەنگییەكان فێرە هەوڵدانی ژیانت دەكات و لەلایەنی ڕەوشتەوە بەرەو پێشت دەبات.
*خەونی وەرزشیت چیە بۆداهاتوو؟
-یاری كردنم لە دەرەوەی وڵات وە زیاد بوونی رێژەی كچان لە كوردستان بۆ یارییە هونەرە جەنگییەكان.
*گرێبەستت پێشكەشكراوە لەلایەن یانەكان؟
- یانەیەكی وا نەبووە كە باوەڕ پێكراو بێت.
*ماوەیەك بوو دووركەوتوویەوە هۆكاری چی بوو؟
-نەبوونی پشتگیری بوو.
*هەوڵی گەیشتنت بە ریزی هەڵبژاردەی عێراق نەداوە؟
-نەخێر.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- دەست خۆشی بۆ گۆڤاری گوڵان بۆخزمەتی بەردەوامی وەرزشیی ناوەخۆ.

Top