ئه‌ڵمانیا به‌كۆمه‌ڵێك لاو و پشت به‌ستن به‌مێژووه پرشنگداره‌كه‌ى به‌ره‌نگاری پاڵه‌وانانى ئه‌وروپا ده‌بێته‌وه
راسته ئه‌گه‌ر هیچت له‌هه‌گبه‌دا نه‌بێت، مێژووى باب و باپیر سودێكت پێ نابه‌خشێت، به‌ڵام هه‌رده‌م دوێنێ پشت و په‌ناى ئه‌مرِۆیه، ئه‌مه‌ش له‌ناو یاریگاكاندا ره‌نگی داوه‌ته‌وه. هه‌ڵبژارده‌ى ئه‌ڵمانیا به‌دانپێدانانی خۆیان ته‌نها به هێزى مێژوو چوونه قۆناغی كۆتایی له مۆندیالی 2002. راستییه‌كیش هه‌یه كه ئه‌م كۆمه‌ڵه لاوه‌ى یواكیم لۆف هه‌ڵیبژاردوون سه‌لماندیان ئاستیان له "بالاك و فرینگز و ئادله‌ر و كۆرِانی و هیلدزبێگه‌ر... هتد" باشتره، و به‌هه‌مان فه‌لسه‌فه‌ى یاریكردنی ئه‌ڵمانیا به‌ڵام به خوێنێكی تازه، و سود وه‌رگرتن له توانا تایبه‌تییه‌كانى هه‌ریاریزانێك ده‌توانن مێژوو دووباره بكه‌نه‌وه.
له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ڵبژارده‌ى ئیسپانیا ئه‌و مێژووه گه‌وره‌یه‌ى نییه شانازی پێوه بكات، به‌ڵام خاوه‌نی به‌هێزترین تیپه كه ده‌توانێت سه‌ره‌تایه‌ك بۆ مێژوویه‌كی پرشنگدار تۆمار بكات، بۆنا؟! ئه‌وه‌تا هه‌مان هه‌ڵبژارده پێش دووساڵ له‌یارى كۆتایی جامی نه‌ته‌وه‌كانى ئه‌وروپا له ئه‌ڵمانیاى برده‌وه‌و جامه‌كه‌ى به‌ده‌ست هێنا.
به‌ڵام لێره پرسیارێكى تر هه‌یه ئایا ئه‌ڵمانیا هه‌مان هه‌ڵبژارده و ئیسپانیاش هه‌مان هێزى پیش دووساڵه، یاریزانانی ئه‌ڵمانیا پێیان وایه له‌مێژه ئه‌م ئاسته به‌رزه‌ى ئێستایان به‌دی نه‌كراوه له هه‌ڵبژارده‌كه‌یان و زۆر له 2008 باشترن، و ئه‌گه‌ر هه‌مان گروپی پێش دووساڵ بونایه نه‌یانده‌توانى به‌وشێوه‌یه له ئه‌رژه‌نتین و ئینگلته‌رِا ببه‌نه‌وه كه گوایه بۆ جامه‌كه هاتبوون.
له‌چه‌ند كاتژمێری داهاتوو، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌و دوو هه‌ڵبژارده‌یه ده‌بینین، و بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ئایا مێژوو خۆی دووباره ده‌كاته‌وه، یاخود سه‌ره‌تایه‌كی نوێی پێیه بینوسێت؟