سەڵاح محەمەد كەریم: بەڵێ ساختەكاری لە تەمەنی ناوبژیوانان كراوە

سەڵاح محەمەد كەریم: بەڵێ ساختەكاری لە تەمەنی ناوبژیوانان كراوە
كەس ناتوانێ نكۆڵی لە خزمەتكردنی مامۆستا سەڵاح محەمەد كەریم ناوبژیوانی پێشووی نێودەوڵەتی و ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان و ئەندامی لیژنەی ناوبژیوانانی عێراق و وانەبێژ لە یەكێتی ئاسیا بكات، كە توانیویەتی خزمەتێكی تەواوی وەرزشی عێراق و كوردستان بكات و تا ئێستا چەندین ناوبژیوانی چالاك و بە توانای پێگەیاندوە، ئێمەش بە باشمانزانی لە نزیكەوە ئەم دیمانەی لەگەڵدا سازبكەین.
* چۆن دەڕوانیتە ئاستی ناوبژیوان لە عێراق؟
- بە رای من ئاستی ناوبژیوانانی عێراق نەگەیشتۆتە ئاستێكی بەرز، نموونەش بۆ قسەكانم هیچ ناوبژیوانێك یارییەكانی مۆندیالی بەڕێوە نەبردووە و ئێستا خولێكمان كردۆتەوە بەهیوای ئەوەین بەشداربووانی ئەم خولە لە داهاتوو بتوانن لە جامی ئاسیا یان لە مۆندیال ناوبژیوانی بكەن.
* ئاستی ناوبژیوان پێشتر باشتر بوو یان ئێستا؟
- تا راددەیەك پێشتر باشتر بوو، هەر ناوبژیوانێك حاڵەتێكی خۆی هەیە، ناوبژیوانانی پێشتر كەسایەتییەكی بەرزیان هەبوو، بە تەواوی كۆنتڕۆڵی یارییان دەكرد، بەداخەوە ئێستاكە ناوبژیوانەكانمان نەیانتوانیوە 100% كۆنتڕۆڵی یارییەكان بكەن، بەڕاستی ئەمەش بۆ بارودۆخی عێراق بە گشتی و یانەكان بە تایبەتی دەگەڕێتەوە و دەبێتە هۆكارێكی سەرەكی كە ناوبژیوان نەتوانێ بە تەواوی كۆنتڕۆڵی یاریگا بكات.
* گلەیی و گازەندەیەكی زۆر دەكرێ كە ناوبژیوانە نێودەوڵەتییەكان ساختەكاری لە تەمەنیان دەكەن؟
- ئەمە شتێكی روون و ئاشكرایە ئەم قسانە هەمووی راستە، زۆر بەڵگەش هەیە كە ساختەكاریان لە تەمەن كردووە بۆ ئەوەی لە ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بمێننەوە و كارێكی زۆر خراپە و باش نییە، ئێستا یەكێتی ناوەندی تۆپی پێی عێراق كارێكی وای لەبەر دەستدایە بۆ دیاریكردنی تەمەنی ناوبژیوانەكان تا ساختەكاری نەمێنێت.
* كەی كوردستان دەبێتە خاوەنی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی؟
- بەرای من هێشتا ماویەتی، ئێمە وەكو لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان و وەكو یەكێتی تۆپی پێی كوردستان دەبێ كارێكی وا بكەین هەوڵ بدەین ناوبژیوانی نێودەوڵەتیمان هەبێت و زیاترهەوڵیان لەگەڵ بدەین و هانیان بدەین تا ناوبژیوانی نێودەوڵەتیان لێ دروست بێت.
* بۆچی لە كوردستان تەمەن بۆ ناوبژیوانان پەیڕەو ناكرێت؟
- راستە تا ئێستا ئەم كارە نەكراوە لە فیفا ئێستا راددەیەك بۆ تەمەن دانراوە، دەبێ لە كوردستان وا بكەین ئەو ناوبژیوانانەی بە تەمەنن واز لە كاری ناوبژیوانی بهێنن بچنە كاری وانەبێژی یان سەرپەرشتیار، بەڕاستی كاتی ئەوە هاتووە تەمەن دیاری بكەین، یارییەكانی ئێستا زۆر بەهێز بووە و گەر ناوبژیوانێك گەنج نەبێت، ناتوانێ یاری بەڕێوە ببات و كۆنتڕۆڵی یاری بكات.
* چەند یاری نێودەوڵەتیت بەڕێوە بردووە؟
- 30 یاریم وەكو ناوبژیوانی ناوەڕاست بەڕێوەبردووە.
* بەرزترین پاڵەوانێتی كە بەشداریت تیاكردووە؟
- خولەكانی ئاسیا لە ساڵەكانی 1982 لە هیندستان و 1986 لە كۆریای باشوور و باشترین ئەو یارییانە بوون كە بەڕێوەم بردبێ و پلەیەكی باشم وەرگرتبێ، ئەویش یاری نێوان ژاپۆن و ئەندەنوسیا بوو لە پاڵاوتنی یارییەكانی مۆندیال لە لایەن چاودێری یارییەكە 9.5 لە پلەی 10م وەرگرت ئەمەش بەرزترین پلەیە كە ناوبژیوان وەری دەگرێت.
* بە رای تۆ جارێكی دیكە ناوبژیوانانی عێراقی لەم پاڵەوانێتیانە دەبینین؟
- لە دواڕۆژێكی زۆر دوور بۆ مۆندیال، بەڵام بۆ جامی ئاسیا لە ماوەی چەند ساڵێكی دیكە دەتوانن ناوبژیوانی بكەن.
* لە چی پەشیمانیت؟
- ئەو شتانەی كردوومە لە هەمووی سەركەوتوو بوویمە پەشیمان نیم، بەڵام هەندێ شت هەبووە بەربەست بووە لە پێشم كە نەتوانم بەشداری لە مۆندیال بكەم، بەڵام لە پاڵاوتنەكانی ئۆڵۆمپیاد و مۆندیال بەشدارییم كردووە و لەبەر بارودۆخی عێراق نەگەیشتمە یارییەكانی مۆندیال.
* هیوادارین وەكو چاودێر یان سەرپەرشتیار بەشداری بكەیت.
- بەڵێ، زۆر حەز دەكەم...
* ئەو یارییەی كە حەزت دەكرد تۆ ناوبژیوان بوایت؟
- دەبوایە لە جامی ئاسیا یاری كۆتاییم بەڕێوە بردیایە، بەڵام یاری پێش كۆتاییان بە من سپارد ئەویش یاری كۆریا و ئەندنوسیا بوو، یاری كۆتایشیان دا بە ئەحمەد جاسم كە ئێستا لە یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا كار دەكات.
* ناخۆشترین یاری كە بەڕێوەت بردبێت؟
- ناتوام بڵێم ناخۆشترین یاری، بەڵام هەندێ یاری چارەنووساز هەبوو ئەویش لە خولی عێراق لە نێوان یانەكانی زەوڕا و تەڵەبە و رەشیدی ئەو كات، بەڵام یاری كۆتایی جەوییە و زەوڕا كە ناوبژیوان بووم زەحمەت بوو، لەبەر ئەوەی گۆڵێكی زەوڕامان نەژمارد بە بیانوی ئەوەی ئۆفساید بوو، ئەمە بۆ من زۆر ناخۆش بوو، دواتر قسە لەسەر ئەوە دەكرا كە دەستەی ناوبژیوانی ئەو یارییە ویستیان قوەی جەوییە بكەنە یەكەمی عێراق.
* لە دەرگاری خۆشەویستت داوە؟
- ئەم شتانەم تووش نەهاتووە و بێرم لێ نەكردۆتەوە.
* باشترین ناوبژیوانی جیهانی؟
- كۆلێنا.
* وەكو پسپۆرێك لە كوردستان چاوەڕوانی لە چ ناوبژیوانێك دەكەی ببێتە ناوبژیوانی نێودەوڵەتی؟
- ئێستا چاوەڕوانی لێناكەم هەرچەندە وەكو هەرێمی كوردستان هەوڵی بۆ دەدەین كە ناوبژیوانی نێودەوڵەتیمان هەبێت، بەڵام تا ئێستا دیاری نەكراوە.
Top