رۆبینهۆ ناگەڕێتەوە بۆ مانچستەر سیتی

رۆبینهۆ ناگەڕێتەوە بۆ مانچستەر سیتی
یاریزانی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی سانتۆس-ی بەرازیلی رۆبینهۆ لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەكان ئاشكرای كرد، كە هەست بە خۆشیەكی زۆر دەكات لەگەڵ یانەی سانتۆس، لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی سن-ی بەریتانی وتی: حەز ناكەم بگەڕێمەوە یانەی مانچستەر سیتی، لە یانەی سانتۆس خۆم دۆزیەوە و ئاستێكی باشم لەگەڵ ئەم یانەیە پێشكەش كرد، لە چەند مانگی داهاتوودا كاتی خواستنم لەم یانەیە تەواو دەبێت، بەڵام حەز دەكەم هەر لە سانتۆس یاری بكەم،تا ئێستا هیچ قسەیەكم لەگەڵ مانشینی راهێنەری مانچستەر سیتی نەكردووە، بەڵام بە بۆچوونی خۆم لەگەڵ پلانی دواڕۆژی ئەم راهێنەرەدانیم.

لە درێژەی قسەكانیدا وتی: هەستم بە ناخۆشییەكی زۆر دەكرد لە یانەی مانچستەر سیتی، چونكە یاریم نەدەكرد، بەڵام لە سانتۆس هەموو بوارێكیان بۆ رەخساندم، ئێستا خۆم بۆ بەشداریكردن لە مۆندیالی داهاتوو ئامادە دەكەم.

جێگەی باسە رۆبینهۆ تەمەن 26 ساڵ لە ساڵی 2008 چووە ریزی یانەی مانچستەر سیتی و بڕی بۆندەكەی 32 ملیۆن جنیەی ئەسترلینی بوو، بەڵام لەم یانەیە بە شێوەیەكی سەرەكی یاری نەدەكرد، بۆیە بە شێوەی خواستن چووە ریزی یانەی سانتۆس تا كۆتایی وەرزی ئەمساڵ.
Top