دیل بۆسكی لە پێكان دەترسێت

دیل بۆسكی لە پێكان دەترسێت
راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا دیل بۆسكی لە لێدوانێكیدا رایگەیاند كە ترسی لە یارینەكردنی كۆمەڵێك لە ئەستێرەكانی ئیسپانیا هەیە بە هۆی پێكانیانەوە لە مۆندیالی داهاتوودا.

دیل بۆسكی بۆ رۆژنامەی ماركا وتی: زۆر دەترسێم بەشداری لە مۆندیال بكەین و باشترین یاریزانەكانمان بەهۆی پێكان لەگەڵمان نەبن، ئەمەش لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە.

ئەم لێدوانەی دیل بۆسكی دوای ئەوە دێت كاتێك پزیشكەكانی یانەی لیڤەرپوول ئاشكریان كرد كەوا تۆرێس رەنگە لە یەكەم یاری مۆندیال ئامادە نەبێت بەهۆی پێكان و لە هەمان كاتدا یاریزانان سیسك فابریگاس و ماركۆس سینا و ئەندریس ئەنیستا تووشی پێكان هاتوون و ئێستا بە قۆناغی چاكبوونەوە تێدەپەڕن.

دیل بۆسكی زیاتر وتی: هیوادارم ئەم یاریزانانە تاوەكو 11ی حوزەیران بە تەواوی بگەڕێنەوە یاریگا، هیوادارم راهێنەری بەرشلۆنە گواردیولا یاری بە زاڤی نەكات، چونكە ئەویش پێكانی هەیە.

جێگەی باسە راهێنەر دیل بۆسكی لە 20ی ئەم مانگە پێكهاتەی هەڵبژاردەكەی ئاشكرا دەكات، دواتر دەچنە وڵاتی نەمسا بۆ كردنەوەی ئۆردوگایەكی مەشقی بۆ خۆ ئامادەكردنیان بۆ یارییەكانی مۆندیال، هەڵبژاردەی ئیسپانیا یەكێكە لە هەڵبژاردە پاڵێوراوەكان بۆ بەدەستهێنانی جامی جیهانی و لە كۆمەڵەی هەشتەم شانبەشانی هەڵبژاردەكانی سویسرا و هندۆراس و چیلی یاری دەكات.
Top