لە رێورەسمێكی قەشەنگدا.. پاڵەوانانی كوردسـتان خەڵات كران

لە رێورەسمێكی قەشەنگدا.. پاڵەوانانی كوردسـتان خەڵات كران
رۆژی چوارشەممە لە رێستورانتی تارین لە شاری هەولێر یەكێتی تۆپی پێی كوردستان باشترینەكانی كوردستان لەسەر هەرسێ ئاستی لاوان و تازەپێگەیشتووان و پێشكەوتووان خەڵات كرد، رێورەسمەكە بە ئامادەبوونی سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان مەلا بەختیار و وەزیری پێشمەرگە شێخ جەعفەر و پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی و ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان ئیمداد بارزانی و چەندین بەرپرسی حزبی و حكوومی بەڕێوەچوو، لە سەرەتای رێورەسمەكە یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بەخێرهاتنی میوانەكانی كرد، دواتر وتاری هەریەك لە سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان سەفین كانەبی و سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان و پارێزگاری هەولێر پێشكەشكران.

هەولێر پاڵەوانی كوردستانە
لە خولی نایابی كوردستان بۆ تۆپی پێ لەسەر ئاستی پێشكەوتوان هەولێر توانی پلەی یەكەم بەدەست بهێنێت دوای ركابەرییەكی بەهێز لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، كە پلەی دووەمی خولەكەی بە دەستهێناو یانەی كەركوك پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، لەم خولە خاوەنی پلەی یەكەم 75 ملیۆن دینار و پلەی دووەم 50 ملیۆن دینار و پلەی سێیەم 30 ملیۆن دیناریان وەرگرت، هەر لەم خولەدا غەفوور عوسمان گۆڵچی یانەی بروسك بە باشترین گۆڵچی لەسەر ئاستی كوردستان بۆ وەرزی چوارەم لەسەر یەكدی دەستنیشان كرا و یاریزان سامح رۆستەم بە باشترین یاریزان و گۆڵكاری خولی كوردستان دەستنیشان كرا، راهێنەری یانەی پێشمەرگەی هەولێر (عەبدوڵڵا مەحمود )بەباشترین راهێنەر لەسەر ئاستی كوردستان دەستنیشان كرا.
لاوانی هەولێر پارێزگاری لە نازناو دەكەن
لە خولی نایابی كوردستان بۆ تۆپی پێ لەسەر ئاستی لاوان یانەی هەولێر توانی بۆ جاری دووەم لەسەر یەك نازناوی خولەكە بەدەست بهێنێت، دوای ركابەرییەكی بەهێز لەگەڵ یانەی پێرس كە پلەی دووەمی خولەكی بە دەستهێنا، لەم خولە یاریزانی یانەی هەولێر ئاسۆ یەحیا بە باشترین یاریزان لەسەر ئاستی كوردستان دەستنیشان كرا.
هەندرێن پاڵەوانی تازەپێگەیشتووانە
لە خولی نایابی كوردستان بۆ تۆپی پێ لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتووان، یانەی هەندرێن توانی بە شایستە ببێتە پاڵەوانی خولی كوردستان دوای ركابەرییەكی بەهێز لەگەڵ یانەی سەورە، كە پلەی دووەمی خولەكەی بە دەستهێنا و یانەی شێروانە پلەی سێیەمی بە دەستهێنا، هەر لەم خولەدا یاریزانی یانەی سەورە بورهان جومعە بە تۆماركردنی 10 گۆڵ بووە گۆڵكار و باشترین یاریزانی خولی تازەپێگەیشتووانی كوردستان بۆ تۆپی پێ، گۆڵچی یانەی كەركووك باریق عەبدولرەزاق بە باشترین گۆڵچی دەستنیشان كرا و راهێنەری شێروانە مەسعود رەشید بە باشترین راهێنەر دەستنیشان كرا، خەڵاتەكانی تازەپێگەیشتووان پێكهاتبوو لە پلەی یەكەم 20 ملیۆن دینار و پلەی دووەم 15 ملیۆن دینار و پلەی سێیەم و یانەی شێروانە 10 ملیۆن دیناریان وەرگرت.
نێچیرڤان بارزانی خەڵات كرا
هەر لە درێژەی رێورەسمی خەڵاتكردندا یەكێتی تۆپی پێی كوردستان خەڵاتێكی تایبەت پێشكەش بە سەرۆكی پێشووی حوكومەتی هەرێمی كوردستان رێزدار نێچیرڤان بارزانی بكات بەهۆی ئەم پاڵپشتیە بەهێزەی كە لە وەرزشی كوردستانی كرد، چ لە كردنەوەی خولەكانی كوردستان چ لە نۆژنكردنەوەی یاریگاكان، كە تیایدا ئیمداد بارزانی بە نوێنەری رێزدار نێچیرڤان بارزانی خەڵاتەكەی وەرگرت و هەروەها خەڵاتێكی تایبەتی بە سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان مەلا بەختیار بەخشرا.
خولی ناوبژیوانان تەواو بوو
هەر لە رێورەسمەكەدا كۆتایی بەخولێكی نێودەوڵەتی بۆ ناوبژیوانانی عێراق هات، كە ماوەی (5) رۆژی خایاند لە شاری هەولێر كە تیایدا 31 ناوبژیوان لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان بەشداریان تیایدا كردبوو.
لەم خولە هەریەكە لە ئوردنی ئیسماعیل ئەلحافی وەكو بەڕێوەبەری خول و وانەبێژی نێودەوڵەتی قەتەری هانی بەلان و قەتەری سەلمان شریدی وەكو وانەبێژی توانای جەستەیی بەشێوەیەكی پراكتیكی و تیۆری رۆژانە لە هۆڵی كتێبخانەی گشتی هەولێر- زەیتون بەڕێوەچوو، لەم رێورەسمەدا بڕوانامەی باوەڕپێكراوی ئاسیایی بە ناوبژیوانان بەخشرا، ئەم خولە بە سەرپەرشتی یەكێتی تۆپی پێی عێراق و بە هاوكاری یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ئەنجامدرا.

لە كۆتاییدا دەبێت دەستخۆشی لە سەرۆك و ئەندامانی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بكرێت، چونكە ئەم یەكێتیە چالاكترین یەكێتی وەرزشیە لەسەر ئاستی كوردستان، دەتوانین بڵێین لەسەر ئاستی عێراقیش، چونكە توانی لە ماوەی ساڵیكدا خولەكانی پلەی سێ و دوو و یەك و نایابی كوردستان بە سەركەوتوویی بكاتەوە و هەروەها خولەكانی لاوان و تازەپێگەیشتووانی پلە نایابەكانی كوردستان كرایەوە، لە هەمان كاتدا چەندین خولی بەهێزكردن بۆ راهێنەران و ناوبژیوانان و رۆژنامەنووسانی وەرزشی كوردستان كردەوە و ئێستاش خۆی بۆ بەشداریكردنی لە پاڵەوانێتی ڤیڤا بۆ تۆپی پێ لە وڵاتی ماڵتا ئامادە دەكات، هیوادارین یەكێتیە وەرزشییەكانی تر هەمان رێچكەی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بگرنەبەر بۆ ئەوەی ئاستی وەرزش لە كوردستان زیاتر پێش بكەوێت.
Top