هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان ده‌توانێ نازناوی پاڵه‌وانێتی ڤیڤا به‌ ده‌ست بهێنێت؟

هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان ده‌توانێ نازناوی پاڵه‌وانێتی ڤیڤا به‌ ده‌ست بهێنێت؟
وا برِیاره‌ له‌ كۆتایی مانگی داهاتوو له‌ دوورگه‌ی گۆزۆ له‌ ولاَتی ماڵتا چواره‌مین پاڵه‌وانێتی ڤیڤا بۆ هه‌رێمه‌ بێ ولاَته‌كان ئه‌نجام بدرێت، كه‌ تیاییدا چه‌ندین هه‌رێمی بێ ولاَت به‌شداری ئه‌م پاڵه‌وانێتیه‌ ده‌كه‌ن و هه‌رێمی كوردستانیش یه‌كێكه‌ له‌ هه‌رێمه‌ به‌شداربووه‌كان، بۆیه‌ یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ پرۆگرامێكی تۆكمه‌ی بۆ هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان ئاماده‌كردووه‌ تاوه‌كو بتوانن له‌م پاڵه‌وانێتیه‌ ئه‌نجامێكی باش به‌ ده‌ست بهێنن. رێبین ره‌مزی
[email protected]

هاوار و هه‌ڵگورد په‌یوه‌ندیان به‌ هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان نه‌كرد
یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان دوای ئه‌وه‌ی عه‌بدوڵلاَ مه‌حمود وه‌كو راهێنه‌ر و سه‌میر سدیق و خه‌سرۆ گروون وه‌كو یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ریان ده‌ستنیشان كرد، ده‌سته‌ی راهێنه‌ران به‌ فه‌رمی بانگهێشتی 43 یاریزانیان كرد بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌ی مه‌شقی رۆژانه‌ی خۆیان بن، به‌لاَم هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌سته‌ی راهێنه‌ران تووشی چه‌ند كێشه‌یه‌ك هاتن، كاتێك كۆمه‌ڵێك له‌ یاریزانه‌كان په‌یوه‌ندیان به‌ مه‌شقی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان نه‌كرد، هه‌ندێكیان یانه‌كانیان رێگیان پێ نه‌دان، وه‌كو خالید موشیر و جاسم محه‌مه‌د حاجی و ئامه‌د ئیسماعیل له‌ یانه‌ی دهۆك و به‌رۆژ جادر و ریچبر محه‌مه‌د له‌ یانه‌ی زاخۆ و هه‌ندێكیان هه‌ر په‌یوه‌ندیان به‌ هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان نه‌كرد وه‌كو هاوار مه‌لا محه‌مه‌د و هه‌ڵگورد مه‌لا محه‌مه‌د و چه‌ند یاریزانێكی تر، بۆیه‌ ده‌سته‌ی راهێنه‌ران چه‌ند یاریزانێكی تریان بانگهێشتی هه‌ڵبژارده‌كه‌ كرد بۆ ئه‌وه‌ی له‌م كێشه‌یه‌ رزگاریان بێت.

باشترین یاریزان و گۆڵكاری كوردستان له‌ هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان نییه‌
دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان باشترینه‌كانی خولی پله‌ نایابه‌كانی كوردستانی راگه‌یاند كه‌ تیاییدا سامح رۆسته‌م یاریزانی یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی به‌ باشترین یاریزانی كوردستان و گۆڵكاری خولی كوردستان ده‌ست نیشان كرا، به‌لاَم ئه‌م یاریزانه‌ له‌ لیستی كۆتایی هه‌ڵبژارده‌كه‌ نییه‌، ئه‌مه‌ش كێشه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ی بۆ راهێنه‌ر عه‌بدوڵلاَ مه‌حمود دروست كرد، به‌هۆی نه‌بوونی پاسپۆرتی پیتی (G و A) زیاتر له‌ ده‌ یاریزان له‌ ریزی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان دوورخرانه‌وه‌، ئه‌وانیش هه‌ریه‌كه‌ له‌ سامح رۆسته‌م باشترین یاریزان و گۆڵكاری كوردستان (پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی) و شێرزاد محه‌مه‌د دووه‌م گۆڵكاری خولی كوردستان و هیشام هادی و مازن عه‌زیز (پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر) و ئه‌حمه‌د سالار (یانه‌ی سلێمانی) و عه‌لی حوسێن و رمزی ساڵح و موشتاق مه‌جید (كه‌ركوك) و شه‌مسه‌دین (هه‌ندرێن).
له‌م یاریزانانه‌ زیاتر له‌ پێنج یاریزان له‌ هێڵی هێرشبه‌ر یاری ده‌كه‌ن و گۆڵكاری یانه‌كانیانن له‌ خوله‌كانی عێراق و كوردستان، ئه‌مه‌ش گرفتێكی گه‌وره‌ ده‌بێت بۆ پاڵه‌وانێتیه‌كانی داهاتوو كه‌ ده‌بێ چاره‌سه‌ری ئه‌م جۆره‌ گرفتانه‌ بكرێت.

چوار ناوبژیوان و سێ رۆژنامه‌نووس یاوه‌ری شانده‌كه‌ ده‌كه‌ن
له‌ هه‌نگاوێكی پیرۆزدا یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان برِیاری دا چوار ناوبژیوان و سێ رۆژنامه‌نووس یاوه‌ری شانده‌كه‌ بكه‌ن، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ ناوبژیوانان ئازاد حاته‌م و سه‌ربه‌ست خالید و ئه‌میر داود و محه‌مه‌د حوسێن به‌شداری له‌ به‌رِێوه‌بردنی یارییه‌كانی ئه‌م پاڵه‌وانێتیه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێكی باشه‌ بۆ ئه‌م راهێنه‌رانه‌ تاوه‌كو بتوانن سوود له‌م جۆره‌ پاڵه‌وانێتیه‌ وه‌ربگرن تاوه‌كو ئاستیان به‌رزبكه‌نه‌وه‌، له‌ هه‌مان كاتدا بۆ یه‌كه‌م جار سێ رۆژنامه‌نووس یاوه‌ری شاندی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش هه‌ریه‌كه‌ له‌ (غه‌ریب قادر و هه‌ژار مه‌عروف و به‌ختیار) ئه‌مه‌ش به‌هۆی گرنگی ئه‌م پاڵه‌وانێتیه‌ ده‌گه‌رِێته‌وه‌.

خۆئاماده‌كردنی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان
به‌مه‌به‌ستی خۆئاماده‌كردنیان بۆ ئه‌م پاڵه‌وانێتیه‌ هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان یارییه‌كی دۆستانه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی شرگات ئه‌نجامدا و یارییه‌كه‌ به‌ ئه‌نجامی گۆڵێكی بێ به‌رامبه‌ر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی شرگات كۆتایی هات، بۆیه‌ یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان برِیاری داوه‌ ئۆردوگایه‌كی مه‌شقی له‌ ولاَتی ئه‌ڵمانیا ئه‌نجام بدات بۆ ماوه‌ی 10 رۆژ، له‌م ئۆردوگایه‌ چه‌ند یارییه‌كی دۆستانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی راهێنه‌ر بتوانێت پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی ده‌ستنیشان بكات.

كوردستان میوانداری پاڵه‌وانێتی ڤیڤا ده‌كات
یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان له‌ كاتی به‌شداریكردنیان بۆ ئه‌م پاڵه‌وانێتیه‌ به‌ فه‌رمی داوای میوانداریكردنی پاڵه‌وانێتی ڤیڤا له‌ ساڵی 2011 یاخود 2012 ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رِێوه‌بچێت، ئه‌ندامانی یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان هیوادارن كه‌ داواكه‌یان په‌سند بكرێت و گشت متمانه‌یه‌كی ئه‌منییان پێشكه‌ش به‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی نێوده‌وڵه‌تی ڤیڤا كردووه‌ بۆ تۆپی پێ.

مێژووی پاڵه‌وانێتی ڤیڤا
پاڵه‌وانێتی ڤیڤا تا ئێستا سێ جار ئه‌نجامدراوه‌، هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان دوو جار به‌شداری كردووه‌، یه‌كه‌م جار له‌ ساڵی 2008 به‌شداری كرد كاتێك له‌ ولاَتی سوید له‌ هه‌رێمی سامی لاند ئه‌نجامدرا و توانی پله‌ی چواره‌م به‌ ده‌ست بهێنێت، له‌ ساڵی 2009 له‌ ولاَتی ئیتاڵیا له‌ هه‌رێمی پادانیا به‌رِێوه‌ چوو، هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان توانی پله‌ی دووه‌م به‌ ده‌ستبهێنێت، پاڵه‌وانێتی چواره‌م له‌ 30ی مانگی ئه‌یار له‌ هه‌رێمی گۆزۆ له‌ ولاَتی ماڵتا به‌رِێوه‌ ده‌چێت و تا ئێستا دیار نییه‌ چه‌ند هه‌ڵبژارده‌ به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن.

شاندی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان
شاندی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان بۆ پاڵه‌وانێتی ڤیڤا له‌ 46 ئه‌ندام پێك دێت، كه‌ تیایدا نوێنه‌رێكی وه‌زارتی لاوان و وه‌رزشی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و نوێنه‌رێكی لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی كوردستان و نوێنه‌رێك له‌ مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پێنج ئه‌ندام له‌ یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان و سه‌لاَح محه‌مه‌د كه‌ریم وه‌كو ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوبژیوانانی پاڵه‌وانێتیی ڤیڤا و دكتۆر سه‌رهه‌نگ عه‌بدولخالیق به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی كیشووه‌ری ئاسیا له‌ یه‌كێتی تۆپی پێی ڤیڤا و سه‌فین كانه‌بی سه‌رۆكی یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی نێوده‌وڵه‌تی ڤیڤا و سێ رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشی و چوار ناوبژیوان و 24 یاریزان و سێ راهێنه‌ر پێكهاتووه‌.

پێكهاته‌ی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان
عه‌بدوڵلاَ مه‌حمود (راهێنه‌ر) و سه‌میر سدیق و خه‌سرۆ گروون (یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ر).
غه‌فوور عوسمان، دیدار حامد، ویسام محه‌مه‌د ( گۆڵچی).
محه‌مه‌د حه‌مه‌ خان، سه‌باح حه‌سیب، سامی عزیز، فه‌رمان حه‌یده‌ر، ئه‌حمه‌د شكور، هه‌ردی نوره‌دین، بورهان عه‌بدولكه‌ریم، نێچیرڤان شوكری، عه‌لی عه‌زیز، هه‌ردی سیامه‌ند، شكار موحسین، دیار ره‌حمان، دیاری ئه‌حمه‌د، پرسیار عه‌بدولره‌زا، شڤان محه‌مه‌د، ئه‌یوب ئه‌یاد، كارزان عه‌بدوڵلاَ، كارساز محه‌مه‌د، شوان مامۆ، سه‌لاَحه‌دین سیامه‌ند، میران خه‌سرۆ.
Top