ڤاكسینی ئۆكسفۆرد بۆ كۆڤید19 كە بە ڤاكسینی ئەسترا زێنیكا AstraZeneca ناسراوە و لە زانكۆی ئۆكسفۆرد بەرهەم هێنراوە، بەریتانیا بووە یەكەم وڵات كە 30 مانگی كانوونی یەكەمی 2020 بڕیارێكی خێرای لەسەر بەكارهێنانی ئەم ڤاكسینە داوە. ڤاكسینی ئۆكسفۆرد لە ڤایرۆسی هەڵامەتی بێ زیان لە لەشی شەمبانزی وەرگیراوە، ئەم ئەدینۆڤایرۆسە كە بە Adenovirus ChAdOx1 ناسراوە، توانای ژیانی لەناو لەشی مرۆڤدا نییە، بۆیە خۆی نابێتە ئەگەری هەوكردن لە مرۆڤدا. ئەم ڤایرۆسە كە لاواز كراوە، هەمان ماددەی جینی وەكو ماددەی جینی نووكە پرۆتینی ڤایرۆسی سارس كۆڤید SARS-CoV-2 لەخۆدەگرێت و وەكو هەڵگر بۆ گواستنەوەی نووكە پرۆتینی ڤایرۆسەكە لە لەشی مرۆڤدا سوودی هەیە. پاش وەرگرتنی ئەم ڤاكسینە، نووكە پڕۆتین لەسەر ڤایرۆسە بێهێزكراوەكە پەیدادەبن، ئەمەش هانی سستمی بەرگریی لەش دەدات بۆ پەلاماردانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەگەر بگاتە لەش. تاقیكردنەوە كلینیكییەكان لە زانكۆی ئۆكسفۆرد گەیشتوونەتە ئەوەی كە ڤاكسینی ئەسترا زێنیكا سەلامەت و كاریگەرە بۆ خۆپاراستن لە كۆڤید 19 پاش 14 رۆژ لە لێدانی ژەمی دووەم. رێژەی چالاكیی ڤاكسینی ئەسترازێنیكا دەگاتە 70.4%، ئەم ڤاكسینە كە بە AZD1222 و هەندێك جاریش بە ChAdOx1 nCoV-19 ناسراوە، بە شێوەی دەرزی لە ماسوولكەی قۆڵ دەدرێت، تا ئێستا ڤاكسینەكە سەلامەتە و هیچ زیانێكی لابەلای نەبووە، جگە لە هەستكردن بە ئازار لە شوێنی لێدانی دەرزی و قۆڵ، لەگەڵ هەستكردن بە بێهێزیی گشتی.