پۆتاسیۆم Potassium زۆر گرنگە بۆ دروستیی چالاكیی دەمار و ماسوولكەكان لەگەڵ رێگرتن لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی سۆدیۆم Sodium لەسەر پەستانی خوێندا، هەروەها رێكخستنی هاوسەنگیی شلە و چالاكیی كارەبایی دڵ و ماسوولكەكانی دیكە. رێژەی دروستی پۆتاسیۆم لە لەشدا گرنگیی تایبەتی هەیە بۆ رێكخستنی پەستانی خوێن و كەمكردنەوەی ئەگەری جەڵتەی مێشك، هەروەها پاراستنی بارستایی ماسوولكەكان و چڕیی ئێسك لەگەڵ كەمبوونەوەی ئەگەری دروستبوونی بەردی گورچیلە. لە گەلێك توێژینەوەدا ئاماژە بەوە كراوە كە خۆراكی دەوڵەمەند بە پۆتاسیۆم كە دوو ئەوەندەی بڕی سۆدیۆم لەخۆدەگرن ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دڵ تا رێژەی 50% كەم دەكەنەوە، بەتایبەتی كە زۆربەی خەڵك بڕی زیادی سۆدیۆم، یان خوێی چێشت وەردەگرن، لەو كاتەی كە پێویستی رۆژانەی سۆدیۆم تەنیا 2300 میللیگرامە. بۆ پاراستنی تەندروستیت، هەوڵ بدە كە رۆژانە بڕی 3.55- 4.700 ملگم پۆتاسیۆم لە خۆراكەوە وەربگریت، هەروەها دەتواندرێت كە رۆژانە تا 6800 میللیگرام پۆتاسیۆم لە خۆراكەوە وەربگیرێت بێ هیچ زیانێكی لابەلا. میوە بەتایبەتی مۆز و ئاڤۆكادۆ سەرچاوەی دەوڵەمەندن بۆ پۆتاسیۆم، بۆنموونە: یەك مۆزی مام ناوەند نزیكەی 450 میللیگرام پۆتاسیۆم لەخۆدەگرێت، هەروەها برۆكۆلی، پەتاتە، قەیسی، كاڵەك، خوێی پۆتاسیۆم، تەماتە و دۆشاوی تەماتە، پاقلەمەنییەكان سەرچاوەی دیكەن بۆ پۆتاسیۆم.