ئەوە روونە كە خەو بۆ پاراستنی تەندروستی زۆر گرنگە، مرۆڤی پێگەیشتوو لە ماوەی 24 كاتژمێردا پێویستی بە 1-8 كاتژمێرخەو هەیە. ئەوەش سەلمێندراوە كە كەمنووستن و زیادنووستن زیانی گەورە بە تەندروستی دەگەیەنن، بۆ نموونە: لە لێكۆڵینەوەیەكی نوێدا هاتووە كە زیادنووستن لەوانەیە كە ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشك Stroke زیاد بكات، چونكە ئەو كەسانەی كە زیاد دەخەون Long nappers دوچاری گۆڕانی ئاستی كۆلیستیڕۆڵ و زیادبوونی كێشی لەش دەبنەوە، ئەم فاكتەرانەش ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشك زیاد دەكەن، هەروەها لە لێكۆڵینەوەكەدا روونكراوەتەوە كە ئەو كەسانەی پاش نیوەڕۆ بۆ ماوەی 90 خولەك، یان زیاتر دەخەون ئەوا بەراورد بەو كەسانەی كە پاش نیوەڕۆ تەنیا بۆ ماوەی 30 خولەك دەخەون ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی مێشك تا 25% بەرز دەبێتەوە. بەهەرحاڵ، ئەو كەسانەی كە پاش نیوەڕۆیان ناخەون ئەوا ئەگەری تووشبوونیان زۆر كەمترە بەراورد بەو كەسانەی كە دەخەون، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەكی كورتیش بێت. ئاماژە بەوەش كراوە كە نووستنی شەوانە بۆ ماوەی 9 كاتژمێر ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشك تا 23% بەرزدەكاتەوە، هەروەها ئەوانەی كە بە شەوان زیاد دەخەون و لەكاتی پاش نیوەڕۆش زیاد دەخەون، ئەوا ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی مێشك تا رێژەی 85% زیاد دەبێت.