نەوجەوان بۆ گەشەی ئێسك و گۆڕانە هۆرمۆنییەكان و گەشەی شانە و ئەندامەكان و مێشك پێویستی بە بڕێكی زیاتر لە ماددە خۆاكییەكان هەیە. ژەمی بەیانیان گرنگیی زۆری هەیە بۆ نەوجەوانان، هەروەها كەمكردنەوەی خۆراكی خێرا و شلەمەنییە شیرینكراوەكان و خواردنەوە وزەبەخشەكان Energy drinks لەگەڵ ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی بە مەبەستی رێگرتن لە زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی. كانزاكانی كالسیۆم و ئاسن گرنگیی زۆریان هەیە، بۆیە پێویستە كە بە بڕی تەواو لە خۆراكەوە دابین بكرێت. نەوجەوان لە تەمەنی 13-17 ساڵیدا رۆژانە پێویستی بە 1300 ملگم، یان بەلای كەم 1000 ملگم كالسیۆم هەیە، خۆراكە دەوڵەمەندەكان بە كالسیۆم بریتین لە: شیر و بەرهەمەكانی، باوی، بڕۆكلی، هەنجیر، ماسیی ساردین و سالمۆن بە ئێسكەوە، پاقلەی سۆیا. هەروەها پێویستیی رۆژانەی نەوجەوان بەتایبەتی كچ بە كانزای ئاسن لە تەمەنی 13-17 ساڵیدا بریتییە لە 15 ملگم، سەرچاوە خۆراكییەكان: پاقلەی سۆیا، نۆك، پاقلە، نیسك، باوی، كازە، هێلكە، سینگی مریشك، گۆشتی سوور، مێوژ، قەیسی و هەنجیری وشككراو، بڕۆكلی. رێنماییەكانی دیكەی پەیوەست بە خۆراك بۆ تەمەنی نەوجەوانی بریتین لە: كەمكردنەوەی خواردن لە دەرەوەی ماڵ، جۆراوجۆركردنی خۆراك، زیاد خواردنی دانەوێڵەی تەواو و سەوزە و میوە، هەڵبژاردنی گۆشتی بێ چەوری، شیرەمەنیی كەم چەوری، پابەندبوون بە سێ ژەمی سەرەكیی رۆژانە، تەنیا كە هەست بە برسیبوون دەكەیت خۆراك بخۆ، دووركەوە لە زیاد خواردن.