ئایا مایۆنیز تەندروستییانەیە؟

ئایا مایۆنیز تەندروستییانەیە؟
مایۆنێز Mayonnaise پێكهاتووە لە (زەیت، زەردێنەی هێلكە، خوێ، شلەیەكی ترش وەكو سركە، یان شیرەی لیمۆ، هەندێك جاریش خەردەل و ماددەی پاراستنی خۆراك لەخۆ دەگرێت). مایۆنیز سەرچاوەیەكی باشە بۆ وزە چونكە بە شێوەیەكی سەرەكی لە چەوری پێكهاتووە، بۆ نموونە: یەك كەوچكی كوپ نزیكەی 100 كالۆری وزەی تێدایە، هەروەها كۆلیستڕۆڵ لەخۆدە گرێت و سەرچاوەیەكی باشە بۆ ڤیتامین E. ئەو كەسانەی كە هەستەوەریی خۆراكیان هەیە بە هێلكە، یان بە ماددە ئۆرگانییەكان ئەوا لەوانەیە كە پاش خواردنی مایۆنیز دوچاری نیشانەكانی هەستەوەری ببن. هەندێك جۆری مایۆنیز لەوانەیە كە ماددەی گلوتین gluten لەخۆ بگرن، بۆیە پێویستە لەسەر ئەو كەسانەی كە هەستەوەرییان بە خواردنی گەنم (كە گلوتین لەخۆ دەگرێت) هەیە، وەكو تووشبووان بە نەخۆشیی سیلیاك ئەوا پێویستە كە لە خواردنی مایۆنێز دووركەونەوە. لە مایۆنێزدا هێلكەی خاو بەكاردێت كە ئەگەری ژاراویبوون بە بەكتریای سالمۆنێللای لێ دەكرێت، بەتایبەتی لەو كەسانەدا كە بەرگریی لەشیان لاوازە، بۆ نموونە: كەسانی تووشبوو بە نەخۆشییە درێژخایەنەكانی وەكو نەخۆشیی شەكرە، نەخۆشیی ئایدز، هەروەها ئەوانەی كە چارەسەری كیمیایی بۆ شێرپەنجە وەردەگرن، یان پاش گواستنەوەی ئەندامەكان بە مەبەستی رێگرتن لە رەتكردنەوەی ئەندامی بیانی دەرمان وەردەگرن. زیاد خواردنی مایۆنێز وزەی زیاتر دەبەخشێت بۆیە لەوانەیە كە كێشی لەش زیاد بكات، هەروەها زەردێنەی هێلكەش سەرچاوەیە بۆ كۆلیستیڕۆڵ.
Top