سپرای قژ Hairspray گەلێك جۆر و فۆرمیولای هەیە و پێكهاتەی جیاواز لەخۆ دەگرن، هەندێك لەم پێكهاتانە زیانی تەندروستییان هەیە. پێش ساڵانی هەفتاكان ماددەی كلۆریدی ڤینیل Vinyl chloride لە نزیكەی هەموو جۆرەكانی سپرای قژدا هەبوو، كە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەكات، بەتایبەتی شێرپەنجەی جگەر، پاشان لابرا و ماددەی كلۆریدی میتیلین Methylene chloride لە سپرای قژدا بەكار هێنرا، پاشان لێكۆڵەران جەختیان كردەوە كە ئەویش ماددەیەكی شێرپەنجەییە، ئەگەرچی ئێستا نزیكەی هەموو جۆرەكانی سپرای قژ چیتر ئەم دوو ماددەیە لەخۆ ناگرن، بەڵام هێشتا ناتوانرێت جەخت بكرێتەوە كە پێكهاتەكانی یكەی سپرای قژ بێ زیان بن بۆ تەندروستی، بۆنموونە: ماددەی پرۆپیلین گلایكۆل Propylene glycol كە لە هەموو جۆرەكانی سپرای قژدا هەیە، نیشانەی پرسیاری لەسەرە، هەروەها زۆربەیان ماددەیەكی خۆشكردنی بۆن Fragrance لەخۆ دەگرن، گەلێك ماددەی دیكەش هەن كە لە سەر نوورسراوەكانی قوتووی سپرای ئاماژەیان پێ ناكرێت. هەڵمژینی پرووشكەكانی سپرای قژ كە ماددەیەكی ئەلكهولی و ئاوێتە هایدرۆفلۆرۆكاربۆنەكان لەخۆ دەگرن، لەوانەیە ببێتە هۆی ژاراویبوون، هاوكات لەگەڵ سووتانەوەی پێست، سووتانەوەی چاو، كڕانەوەی قوڕگ، دابەزینی پەستانی خوێن، هەناسەتەنگی و لەهۆشچوون.