خۆراكی چەور بە شێوەیەكی پێشوەختە خوێنبەرەكان تێك دەدات و لە سەرەوەی لیستی هۆكارەكانی دیكەی تێكدانی خوێنبەرەكانەوە دێت، وەكو: تەمەن، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، كێشی زیاد و قەڵەوی، نەخۆشیی شەكرە. ناوپۆشی خوێنبەرە گەورەكان بە تێپەڕبوونی كات ئەستوور دەبن و توانای لاستیكی و كشانیان كەم دەبێتەوە و ئەگەری رەقبوونی خوێنبەرەكان Atherosclerosis و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن دێتە پێشەوە. كاریگەریی میكانیكی و پێكهاتەیی زیاد خواردن و بەردەوامی خواركی چەور لە خوێنبەرە بچووكەكاندا بەراورد بە خوێنبەرە مامناوەندی و گەورەكان زووتر روودەدات، بۆنموونە: تەنیا پاش شەش هەفتە دەستنیشان دەكرێت و نیشانەیە بۆ سەرهەڵدانی نەخۆشی لە كۆئەندامی دڵ و سووڕاندا. ئەوەش روونكراوەتەوە كە خۆراكی چەور جگە لە زیادكردنی كێشی لەش و قەڵەوی، ئەگەری تووشبوون بە گەلێك نەخۆشیی دیكە زیاد دەكات، وەكو: نەخۆشیی شەكرە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، دروستبوونی بەردی زراو، لە ئافرەتیشدا هۆكارە بۆ زیادبوونی ئاستی ئیسترۆجین لە خوێندا، لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك.