چەند راستییەك سەبارت بە پووكانەوەی ئێسك

چەند راستییەك سەبارت بە پووكانەوەی ئێسك
پووكانەوەی ئێسك Osteoporosis نەخۆشییەكی ئێسكە، لە ئەنجامی كەمبوونەوەی رێژەی كالسیۆم و كەمیی ڤیتامین D، یان هۆكاری بۆماوەیی روودەدات و، بریتییە لە كەمبوونەوەی چڕیی ئێسك، ئەمەش ئێسك ناسك و لاواز دەكات، بۆیە ئێسك بە ئاسانی رووبەڕووی شكان دەبێتەوە، تەنانەت بە زەبری سادەش. یەكێك لە گرفتەكانی پووكانەوەی ئێسك ئەوەیە كە هیچ نیشانەیەكی دیاریكراوی نییە، تا ئەوكاتەی دەگاتە دوا قۆناغەكەكانی و ئێسك دوچاری شكان دەبێت. ئەگەرچی پووكانەوەی ئێسك زیاتر لە بەساڵاچوواندا روو دەدات، بەڵام لە تەمەنی زووتریشدا بەدی دەكرێت. هۆكارەكان: كەمبوونەوەی هەڵمژینی كالسیۆم و ڤیتامین D بەتایبەتی لە بەساڵاچوواندا، گۆڕانی هۆرمۆنەكان بەتایبەتی كەمبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین Estrogen لە ئافرەتاندا پاش تەمەنی وەستانی سووڕی مانگانە، بۆماوەیی كە تا رادەیەك رۆڵی لە تووشبووندا هەیە، هەروەها جگەرەكێشان و خواردنەوەی ئەلكهول رۆڵی هاندەریان بۆ لاوازبوونی ئێسك هەیە. خۆپاراستن: دابینكردنی بڕی تەواوی كالسیۆم و ڤیتامین D و مەگنسیۆم لە خۆركی رۆژانەدا، بۆنموونە: مرۆڤی پێگەیشتوو رۆژانە پێویستی بە 1000ملگم كالسیۆم هەیە، كەمكردنەوەی خوێ و چەورییە تێرەكان لە خۆراكی رۆژانەدا، چونكە رێژەی هەڵمژینی كالسیۆم لە كۆئەندامی هەرسدا كەم دەكەنەوە، مەشقی فیزیكی رۆژانە كە بۆ بەهێزكردنی ئێسك رۆڵی هەیە.
Top