برنجی سپی ئەگەری نەخۆشیی شەكرە زیاد دەكات

برنجی سپی ئەگەری نەخۆشیی شەكرە زیاد دەكات
برنجی سپی چێژێكی خۆشی هەیە، بەڵام ئەگەر بە بەردەوامی و بڕی زیاد بخورێت، ئەوا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دوو Type 2 diabetes زیاد دەكات. توێژەران لە كۆلێژی هارڤاردی تەندروستیی بە كۆمەڵ ئەم پەیوەندییەیان سەلماندووە. برنجی سپی بەهایەكی گلایسیمی بەرزی هەیە كە دەگاتە نزیكەی 75 واتە پاش خواردنی بە ماوەیەكی كەم و بە ئاسانی هەرس دەبێت و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەیەكی خێرای ئاستی شەكری خوێن. بەهای گلایسیمی خۆراك Glycemic Index واتە تا چەند هەر خۆراكێك ئاستی شەكری خوێن بەرزدەكاتەوە، هەر خۆراكێك بەهایەكی گلایسیمی تایبەتی هەیە، بەرزترین بەهای گلایسیمی دەگاتە 100، ژمارە 55 و كەمتر بە نزم دادەنرێت، ژمارە 56- 69 بە مامناوەند و بەرزتر لە 70 بە ئاستی بەرز دادەنرێت، بۆنموونە: سەوزە و پاقلەمەنییەكان نزمترین بەهای گلاسیمیان هەیە و خورما و شەكری گلوكۆز بەرزترین ئاستی گلایسیمیان هەیە كە دەگاتە 100. ئەمەش روونكراوتەوە كە هەر چەندە بڕی زیاتری برنجی سپی بخورێت، هێندە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە زیاتر دەبێت، بۆنموونە: زیادكردنی هەر 158 گرام برنج ئەگەری تووشبوون تا 10% زیاد دەكات. برنجی سپی كەمترین رێژەی ماددە خۆراكییە گرنگەكانی تێدایە، وەكو (ریشاڵ، ڤیتامینەكان، مەگنسیۆم...تاد) ئەو ماددە گرنگانە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە كەم دەكەنەوە.
Top