لە راستیدا ڤیتامین F لە ڤیتامینەكانی دیكە جیاوازە، بەوەی كە بریتییە لە دوو جۆری چەوری بە ناوی ترشی ئەلفا لاینۆلیك ALA و ترشی لاینۆلیك LA كە بۆ چەندین فرمان لە لەشدا زۆر گرنگن، بەتایبەتی دڵ و مێشك. چەوریی ALA بەشێكە لە خێزانی ترشە چەورییەكانی ئۆمیگا3، كەچی چەوریی LA بەشێكە لە خێزانی ترشی چەوریی ئۆمیگا6. فرمانەكانی ڤیتامین F: سەرەتا لەش وەكو سەرچاوەیەكی وزە سوود لە چەورییەكانی ALA و LA وەردەگرێت، هەروەها پێكهاتە و مروونەتی خانەكانی لەش دەپارێزن، لەگەڵ هاندانی گەشە، باشتركردنی كرداری بینین، هاندانی گەشە و پەرەسەندنی مێشك، رێكخستنی پەستانی خوێن و كرداری مەیینی خوێن، هاندانی كاردانەوەكانی سستمی بەرگریی لەش، كەمكردنەوەی ئاستی هەوكردن لە لەشدا، بەتایبەتی لە جومگەكان و مێشك و سییەكاندا، كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان، سووككردنی نیشانەكانی پەستی و خەمۆكی. لەش تونای دروستكردنی دوو جۆرە چەورییەكەی ڤیتامین F ی نییە، بۆیە پێویستە كە لە خۆراكەوە وەربگیرێن، سەرچاوە خۆراكییەكان بریتین لە: زەیتی پاقلەی سۆیا، زەیتی كەتان، زەیتی گەنمەشامی، زەیتی گوڵەبەڕۆژە، باوی، ماسی، هێلكە، گۆشت. كەمیی ڤیتامین F حاڵەتێكی دەگمەنە و نیشانەكانی ئەمانەن: هەوكردن و وشكبوونی پێست، تەنكبوونی قژ، سستبوونی گەشەی منداڵ، دواكەوتنی چاكبوونەوەی برین، دواكەوتنی گەشە و پەرەسەندنی مێشك، ناڕوونیی بینین.